
حکومەتی ئەمریکا پلانی راگرتن و پشکنینی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی ئێران لە دەریادا تاوتوێ دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی دژی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی.
ترەمپ بەڵێنی داوە هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشارەکان" بگەڕێنێتەوە بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران لە ئابووری جیهانیدا و هەناردەی نەوتەکەی بگەیەنێتە سفر، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لەو وڵاتە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ لە هەفتەکانی سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا، دوو قۆناغ سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە کۆمپانیاکان و ئەو "کۆمەڵە سێبەرە"ی کەشتییە نەوت هەڵگرە کۆنەکانی کردە ئامانج کە بەبێ بیمە گەشت دەکەن و نەوتی خاوی وڵاتە سزادراوەکان دەگوازنەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەرپرسانی حکومەتی ترەمپ ئێستا بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان رێگری بکەن لە کەشتییەکان و پشکنینیان بۆ بکەن کە بەناو خاڵە گرنگەکانی وەکوو گەرووی مەلاکادا لە ئاسیا و رێڕەوە دەریاییەکانی تردا گەشت دەکەن.
سەرچاوەکان وتیشیان هەروەها دەکرێت ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە ئاسانکاریکردنی بازرگانییەکە، رووبەڕووی سزاکان ببنەوە.