
بەرپرسانی پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریانداوە رێگری بکەن لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە پارێزگاکە. ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا دراوە و بەرپرسان جەختیان کردووەتەوە رێکاری یاسایی دەگرنەبەر دژی هەر کەسێک کە بانگەشە بۆ ئەو ئاهەنگانە بکات.
عەبدولوەهاب بەخشندە، داواکاری گشتیی ئیلام، رایگەیاندووە هیچ مۆڵەتێک بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی نەورۆز نادرێت، بە هۆی ڕێزگرتن لە مانگی رەمەزان. هەروەها هۆشداری داوەتە بەرپرسان و دامەزراوە حکومییەکان کە هیچ کەسێک مافی پێدانی مۆڵەتی بۆ ئەو بۆنانە نییە.
فەرماندەی سوپای پاسداران لقی ئیلام ئاماژەی بەوەداوە هەوڵ دەدەن ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە بانگەوازیان بۆ ئاهەنگەکان کردووە. داواکاری گشتیی ئیلام باسی لەوەش کردووە کە "دژبەرانی کۆماری ئیسلامی" هەوڵ دەدەن "کەڵکی خراپ" لەو بۆنانە وەربگرن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو ئاهەنگەکانی نەورۆز لە زۆر شوێنی پارێزگای ئیلام بەڕێوەچوون، لەوانە ناوچەی کارزان کە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد. هەروەها ساڵی ڕابردوو لە شاری بەدرە، سوپای پاسداران ڕێگری کرد لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان، و لە مەڵگەشایش بە مەرجی بەشدارینەکردنی ژنان ڕێگەدرا ئاهەنگەکان بەڕێوەبچن.