
کرێکارانی شاروانی تیکاب
لە شاری تیکاب، رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ١٣ی رەشەمەی ١٤٠٣، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی کرێکارانی شارەوانیی ئەو شارە گرژیی لێکەوتەوە.
کرێکارەکان، کە بەهۆی دواکەوتنی مووچە و پاشەکەوتەکانیانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و لە دەوروبەری بینای شارەوانی کۆببوونەوە، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە کرێکاران کردووە و لێیان داون، بەهۆیەوە ژمارەیەک کرێکار بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام عەلیی تیکاب کراون.
لە کاردانەوەیەکدا، کوڕی یەکێک لە کرێکارە بریندارەکان لە پەیامێکی دەنگیدا لە ئینستاگرام گوتوویەتی: باوکی تەنها داوای مافی خۆی کردووە، بەڵام لە وەڵامدا چوار گولەی بەرکەوتووە.