
ئیدارەی ئیتلاعات شەش هاونیشتمانیی کوردی لە سێ گوندی سەر بە شاری میاندواو دەستگیر کرد و رەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیان کرد.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "برایماوا"ی میاندواو و چوار هاوڵاتییان بە ناوەکانی نیما قوربانزادە، بەهزاد بەرجەستە، کیوان بەرجەستە و شەهاب تەوانیان بەبێ هیچ فەرمانێکی دادوەری دەستگیر کردووە.
هاوکات سدیق عەباسنژاد لە گوندی "قەڵای هۆلاکۆ" و خالق رەحیمی لە گوندی "گامێشگۆلی" لەلایەن هەر ئەو هێزانەوە دەستگیر کراون.
هێزە ئەمنییەکان بەبێ خستنەڕووی فەرمانی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ئەو هاوڵاتییانە و دەستگیریان کردوون. تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی ئاراستەکراو بۆ ئەو کەسانە نادیارە.