بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لە سەرکەوتنی شاخەوانێکی کورد لە پیرانشار بەڕێوەچوو

محەممەدئەمین محەممەدی، شاخەوان
محەممەدئەمین محەممەدی، شاخەوان
posted onFebruary 16, 2025
noبۆچوون

رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لە سەرکەوتنی محەممەدئەمین محەممەدی، شاخەوانی یانەی قەندیلی پیرانشار بەڕێوەچوو. ئەو شاخەوانە وێڕای محەممەد زاهیری، شاخەوانی خەڵکی شاری قوروە پێکەوە بەسەر بەرزترین لوتکەی وڵاتی گورجستاندا سەرکەوتن.

محەممەدئەمین محەممەدی وەک شاخەوانێکی زۆر شارەزا و بەهێز لە قەڵەم دەدرێت و دوو ساڵ لەمەوبەر بەسەر یەکێک لە شاخەکانی هیمالایا بە بەرزیی ٨ هەزار ١٣٥ مەتر سەرکەوت.

ئەمساڵیش لە وڵاتی گورجستان لەگەڵ محەممەد زاهیری بەسەر لوتکەی چاوخیدا سەرکەوت کە یەکێکە لە بەرزترین شاخەکانی ئەورووپا و گرنگتر لەوەش رێڕەوێکیان بە ناوی رێڕەوی خاوێن کردووەتەوە، کە کارێکی زۆر ئەستەم و مەترسیدارە و ٤ شەویش لەوێ ماوەتەوە.

ئەوە یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان و ئێران رێڕەوێکی لەوجۆرە دەکرێتەوە.

محەممەدئەمین کوڕی خالید شاخییە کە دامەزرێنەی گرووپی شاخەوانیی لە پیرانشارە، بەڵام ئەو چەند ساڵ لەمەوبەر بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

محەممەدئەمین محەممەدی نزیکەی ٢٢ ساڵ لە بواری شاخەوانیدا چالاکی دەکات و کۆمەڵێک خولی دیتوە و بەسەر زۆر شاخی بەرزدا سەرکەوتووە.