بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سزای لەسێدارەدانی ژنێکی چالاکڤانی کرێکاری پشتڕاست کرایەوە

 شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاران
شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاران
posted onFebruary 13, 2025
noبۆچوون

بڕیاری سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاران، بۆ جاری دووەم پەسەند کراوە و ژیانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە مەترسی دایە.

 پارێزەرانی شەریفە محەممەدی رۆژی ٢٥ی رێبەندانی ١٤٠٣ گوتوویانە، ئەو چالاکڤانە جارێکی دیکە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەم بڕیارە دوای داواکاریی بۆ پێداچوونەوە بە حوکمی پێشتریدا دەرچووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ھرانا، کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاران ئێستا لە زیندانی لاکانی ڕەشت دایە و لەلایەن لقی دوویەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بۆ جاری دوویەم  سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

شەریفە محەممەدی، بەتۆمەتی "بەغی" یان ڕاپەڕینی چەکدارانە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی بە سزای لەسێدارەدان محکوم کراوە.

ئەندامەتی لە "کۆمیتەی هائاهەنگی بۆ پاڵپشتی لە دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان" وەک  تاوانی شەریفە محەممەدی ڕاگەیێنراوە و دادگای شۆڕش، تاوانی "ئەندامەتی لە حیزبی "کۆمەلە"شی داوەتە پاڵ ئەو چالاکڤانە.

شەریفە محەممەدی رۆژی ١٤ی سەماوەزی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری رەشتەوە دەستگیر کرا، دوای ٢٣ رۆژ گوازرایەوە بۆ زیندانی شاری سنە و نزیکەی دوو مانگیش لەوێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا.

شەریفە محەممەدی ساڵی ١٩٧٩ لە شاری میانە لە پارێزگای ورمێ لەدایکبووە.