بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

خاوەن کارگەیە لە ئیلام: دامودەزگا حکومییەکان بۆ بەرهەمهێنان هاوکاریمان ناکەن

شارۆچکەیەکی پیشەسازی لە ئیلام
شارۆچکەیەکی پیشەسازی لە ئیلام
posted onFebruary 12, 2025
noبۆچوون

 

خاوەن کارگەیەک لە ئیلام دەڵێت: دامودەزگا حکومییەکان بۆ دابینکردنی هێزی کاری شارەزا هاوکارییان ناکەن و لەبەر کێشەی دارایی ناتوانن مووچەی کرێکارەکانیان بدەن.

ئەو خاوەن کارگەیە رۆژی ٢٢ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری زانستی، باسی لەو کێشانە کرد کە بەرهەمهێنەران لە پارێزگای ئیلام لەگەڵیاندا بەرەوڕوون.

ئەو داوای کرد، بەرهەمهێنەرەکان پشتیوانییان لێبکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و گوتی: نە تەنیا پشتیوانیان لێناکرێت، بەڵکوو دامودەزگا حکومییەکان ٥ ملیار تمەن پارەی قەرزدارن، بەڵام نایدەنەوە.

ئەو بەرهەمهێنەرە پێشنیازی کرد بوودجەیەکی تایبەت بۆ کارگە بەرهەمهێنەرەکان تەرخان بکرێت و لەجێی پێداهەڵگوتن، کێشەکان چارەسەر بکەن.

سایەمیری، مامۆستایەکی زانکۆی ئیلام، 26.01.2025 گوتی: لەم پارێزگایەدا ٤٧٠ کارگەی بەرهەمهێنەر هەن، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی نەکردنی بەرپرسانەوە، ٤٠٪ی کارگەکان داخراون و ئەوانی دیکەشیان بەرەو داخران دەڕۆن.

سایەمیری، مامۆستای زانکۆی ئیلام، گوتی: هۆکاری داخرانی نزیک بە نیوەی کارگەکانی پارێزگای ئیلام ئەوەیە بەرپرسان و لایەنە بەرپرسەکان پشتگیری و هاوکاری کارگە بەرهەمهێنەرەکان ناکەن و تەنانەت شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کارگە چالاکەکانیش، وایکردووە کە ئەوانیش روو لە داخران هەنگاو بنێن.

لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کارگەی بچوک بچوک هەیە کە ئەوانیش خۆیان لەژێر گوشارە ئابوورییەکاندا راناگرن.

گەمارۆ ئابوورییەکان، خراپ ئیدارەدان، نەبوونی بازاڕی فرۆش، هاوردە کاڵای بیانی، نەبوونی پارە، نەتوانین بۆ رکابەری لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکان، کۆنبوونی دامودەزگاکان، تێچووی زۆری بەرهەم، لە زۆر حاڵەتیشدا نەبوونی ماددەی خاو یان گرانبوونی ماددەی خاو، پشتگیری نەکردنی بانکەکان و هەروەها هاوکاری نەکردنی بەرپرسانی پارێزگاکان، کێشەکانی کارگە بەرهەمهێنەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

ئەم کێشانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو کارگانەش کە چالاکن، کێشەیان بۆ پەیدا ببێت بۆ دابینکردنی مووچەی کرێکارەکان. پرسێک کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی زۆر.