بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هەوڵەکانی ئێران بۆ چێ کردنی دووبەرەکی له نێو کوردانی ئیزدی بەردەوامه

هەوڵەکانی ئێران بۆ چێ کردنی دووبەرەکی له نێو کوردانی ئیزدی بەردەوام
ڕەسمێک له لالەش
حەشدی شەعبی به ڕێنوێنی کۆماری ئیسلامی ئێران، سالم نەجم داود بەکریان پەلکێشی بەغدا کردووه و له شانۆکارییەک وەکوو میری ئیزدییان ناساندووه. شێخ زێدۆ باعەدری دەڵیت ئەمه پیلانی داگیرکەرانه بۆ سازکردنی دووبەرەکی له نێو ئیزدیان تاکوو به ساکاری لەنێو بچن
posted onApril 17, 2024
noبۆچوون

ماوەیەکی پێش، کۆماری ئیسلامی ئێران له ڕێگای حەشدی شعبی و دەستوپەیوەندییەکانی له عێراق، بۆ تەواو کردنی هەوڵه نگریسەکانی له ڕاستای له نێوبردنی کوردانی ئیزدی و تاواندنیان له کۆمەڵگای عێراقی، سالم نەجم داود بەکریان وەکوو میری ئیزدیان ناساند، ئەمه له حاڵێکدایه پێشتر، جڤاتی ڕۆحانی کوردانی ئیزدی میر حازم بەکریان وەکوو میری کوردانی ئیزدی له لالش دانابوو.

جێگای ئاماژەیه ئەمه یەکەم کەس نییه که بەغدا به فیتی ئێران وەکوو میری ئیزدیان دەیناسێنێت بەڵکوو پیشتریش چەندین هەوڵ بۆ له نێوبردنی یەکدەنگی و سووککردنی دامەزراوه ئایینییەکانی ئیزدییەکان دراوه و چەندین کەس وەکوو میر لەلایەن حەشدی شەعبی و بەغدا و دەستوپەیوەندییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ناسراوه.

نابێت ڕۆڵی پەکەکە لەم پیلانگێڕیە دژ به کورد و کوردستانیش له بیر بکەین. پەکەکە سالانێکی دوور و درێژێکه بانگەشەی جیابوونەوەی کوردانی ئیزدی له کوردستان و کورد نەبوونیان دەکات. هەر ئەو جوره که پەکەکە به فیتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەک و لور له کوردی ڕۆژهەڵات جیاکردووه و به نەتەوەیەکی جیا له کورد دەناسێنێت، له باشووریش هەر ئەو سیاسەته بۆ کوردانی ئیزدی بەکار دەهێنێت.

هەوڵەکانی ئێران بۆ چێ کردنی دووبەرەکی له نێو کوردانی ئیزدی بەردەوام
سالم نەجم داود بەکریان، له لایەن حەشدی شەعبی و به فیتی ئێران کراوەته میری ئیزدی 

پەکەکه به پاڵپشتی کردن له میره ناشەرعییەکان که له لایەن ئێران دیاری کراون، له‌مێژه هەوڵی چێ کردنی دووبەرەکی له نێو کوردانی ئیزدی داوه. له لایەک بەغدا و حەشدی شەعبی و له لایەکی دیکەش پەکەکە له ژێر چاودێری ناوەنده ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ئێران، هەڵمەتێکی بەرفەراوانیان بۆ له نێوبردنی یەکگرتووی کوردانی ئیزەدیان ڕێکخستووه چونکه دەزانن به ساز کردنی دووبەرەکی دەتوانن به ساکاری کوردانی ئیزدی له نێو ببەن.

بۆ تاوتوێ کردنی ئەم بابەته، ئاواتودەی وتووێژێکی تایبەتی هەبوو لەگەڵ شێخ زێدۆ باعەدری، ڕاوێژکاری پارلەمانی کوردستان. شێخ زێدۆ باعەدری لەبارەی هەوڵەکانی ئێران و بەغدا بۆ سازکردنی دووبەرەکی له نێوان کوردانی ئیزدی لەو باوەڕەدایه:

"بەشێوەی گشتی دووبەرەکی دروست کردن و له نێوبردنی یەکگرتووی و یەکدەنگی له ناو کوردان، بەمەبستی له نێوبردنی بنەماکانی نەتەوەیی گەلی کورد، له سیاسەتی به عەرەب کردنی کوردستانەوه سەرچاوه دەگرێت. ئەم پیلانه زۆرتر له ١٤٠٠ ساڵه له کوردستان پەیڕەو دەکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەتایبەتی لەسەر کوردانی ئیزدی و چێ بوونی دووبەرەکی و هەوڵدانی داگیرکەر بۆ دابڕاندنی جەماوەری ئیزدی له باوەشی کوردستان، باس و گفت‌گۆیەک بکەین، دەتوانین ڕەگەکانی ئەم پیلانه له دوای داڕمانی دەسەلاتی عوسمانی و زاڵبوونی دەسەڵاتی بەریتانیا لەسەر کوردستان بدۆزیەنەوه. لەو سەردەمه دەوڵەتی ئینگلیز بۆ تێکدانی یەکگرتووی کوردان هەوڵی دا ماڵباتێکی ئیزدی بەرەو بەغدا ڕاکێشێت و گوێڕایەڵی داگیرکەریان بکات".

هەوڵەکانی ئێران بۆ چێ کردنی دووبەرەکی له نێو کوردانی ئیزدی بەردەوام
شێخ زێدۆ باعەدری، ڕاوێژکاری پارلەمانی کوردستان

شێخ زێدۆ باعەدری دەڵێت: "بەڵام با پێتان بڵێم ئەو بنەماڵەیه که له شەنگال و شێخان و لالش و ناوچەکانی دیکەی کوردانی ئیزدی مانەوه و شان به شانی خەڵکەکەیان ژیاون و له شایی و خەم، له فەرمان و سەرکەوتنەکان، له ڕۆژه ڕوون و تاڵەکاندا لەگەڵ خەڵکی ئیزدی بوونه، ئەوه بنەماڵەی میری ڕاستەقینه و حەقیقینه. ئەو بنەماڵەیه، بابا شێخی خۆی هەیه و له لایەن جڤاتی ڕۆحانیش دانپێدراون. بۆ نموونه ڕۆژی چوارشەممەی سوور، ڕۆژی سەری ساڵی نوێ کوردانی ئیزدییه، ئەمه جەژنێکی گەورەی کوردانی ئیزدییه، لەم ڕۆژه میر دەبێت له خاکی کوردستان ئاماده بێت، له لالش دانیشت و له نێو خەڵکەکەی بێت و بەشداری له ڕێوڕەسمە ئایینیەکان بکات نەک ئەوەی له بەغدا یان شار و وڵاتێکی دیکه دانیشێت و ئاگای له گەلەکەی نەبێت".

شێخ زێدۆ باعەدری له درێژەی قسەکانی ئاماژه به پیلانی حەشدی شەعبی بۆ ناساندنی "سالم نەجم داود" وەکوو میری کوردانی ئیزدی دەکات و دەڵێت: "مخابن هەر له سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی تاکو ئێستا، بەغدا له هەوڵی چێ کردنی دووبەرەکی و دابەشکردنی کوردان له چەند بەرەی جیاواز بووه. ئەم هەوڵه نگریسانه بەتایبەت دژ به کوردی ئیزدی به شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەچووه که مخابن بووەته هۆی سەرهەڵدانی دووبەرەکی له کۆمەڵگای کوردی ئیزدی. ئەڵبەته دەبێت بڵێم، ئەوه ئامانجی هەر وڵاتێکی داگیرکەره که بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، دەیەوێت له نێوان خەڵک دووبەرەکی ساز بکات تاکو بتوانێت درێژه به داگیرکاریەکەی بدات. به ڕاگەیاندنی ئەم میره، ئەمه پێنجمین مێره که ڕادەگەیێندرێت، دوای کۆچی دوایی میرتەحسین، بۆ ماوەی شەش مانگ کوردانی ئیزدی له کۆبوونەوەدا بوون بەمەبستی دیاریکردنی میری ئیزدیان که له کۆتاییدا به کۆدەنگی میرحازم، وەکوو میری ئیزدیان له لالەش دانرا. ڕاگەیاندنی ئەم بڕیاره به ئامده‌بوونی هەموو دام و دەزگاکانی حکوومی، گەوره پیاوانی عەشایر و بنەماڵەکانی ناوچه، له تورکمان و عەرەب و مەسیحی و دوستانی دیکه‌ی کوردانی ئیزدی بەڕیوه‌چوو".

هەوڵەکانی ئێران بۆ چێ کردنی دووبەرەکی له نێو کوردانی ئیزدی بەردەوام
له هێرشی داعش بۆ سەر کوردانی ئیزدی سەدان هەزار کورد ئاواره بوون که تاکوو ئێستا بەشی هەره زۆریان نەگەڕاونەتەوه زێدی خۆیان. پەکەکە و حەشدی شەعبی دوو هۆکاری سەرەکی داگیرکاری شەنگاڵ به ئەژمار دێن 

"بەڵام دواتر حکوومەتی عێراقی به شێوەی ناشەرعی بۆ له نێوبردنی یەکگرتووی و یەکدەنگی کوردی ئیزدی چەندین کەسی دیکەی ناساند که جێگای پەسەند و تەئیدی کۆمەڵگای ئیزدی نەبووه. ئێستاش که دەبینن، حەشدی شەعبی سالم نەجم داود بەکریان ڕاکێشاوەته بەغدا و له دانیشتنێکدا، وەکوو میری ئیزدیان ناساندوویانه. من کاک سالم دەناسم، خەڵکی یەک گوندین، سەرەڕای ئەوەی که دەزانم چەنده بەڕێزه بەڵام مخابن به فیتی حەشدی شەعبی وەک میری ئیزدیان دانراوه هیچ ناوەندێکی ئایینی ئیزدیان دانی پێنەناوه".

شێخ زێدۆ باعەدری هەروەها دەڵێت: "من ئەم هەوڵه به پیلانگێڕییەک دژ به یەکگرتووی کوردانی ئیزدی دەبینم که هەوڵێکه بۆ چێ کردنی دووبەرەکی. کاتێک کوردی ئیزدی یەکگرتوو و یەکدەنگ نەبێت ئەو کات له لایەن داگیرکەرانەوه به ساکاری له نێو دەچێت. ئەو هەموو فەرمانه له درێژەی مێژوو بەسەر کوردی ئیزدی سەپاوه بەڵام نەبووه هۆی قڕبوونی کوردی ئیزدی چونکه یەکدەنگ و یەکدەست بووین، بەڵام ئێستا داگیرکەر دەکوشێت له ڕێگای دانانی چەند میرێکی ناشەرعی، ئەو یەکدەنگییه لەنێو ببات".

لەبارەی بەرپرچدانەوەی کوردانی ئیزدی لەهەمبەر ئەم پیلانه پرسیارمان کرد که شێخ زێدۆ باعەدری له وەڵامدا گوتی: "مخابن ئێستاش لەگەڵی بێت زۆرینەی کوری ئیزدی له کەمپەکان و له ئاوارەیی دەژین. هێشتا کوردی ئیزدی له ژێر فەرمانی حەفتاوچوراەمه، ئاواره و بێ‌پەنایه و له زێدی خۆی دابڕاوه، شەنگاڵ هێشتا داگیرکراوه و کوردی ئیزدی نەگەڕاوەتەوه شوێنی له‌دایکبوونی. بۆیه لەسەر ڕووناکبیران و گەوره‌پیاوان و حێزبەکانی ئیزدی و تەنانەت دوستانی ئیزدی فەرزه، یارمەتیدەری ئیزدیان بن که لەم فەرمانه ڕزگاریان بێت. نابێت خاکی ئیزدی و داهاتووی ئیزدی ڕادەستی تاران بکرێت".