بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

فەریبا بەلووچ بوو بە براوەی خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ٢٠٢٤

فەریبا بەلووچ بوو بە براوەی خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ٢٠٢٤
فەریبا بەلووچ، ئاشکرا باس لە مافی ژنان و قەیرانی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان دەکات
ساڵی پار، خەڵاتی ژنانی بوێری ٢٠٢٣ پێشکەش کرایه ژنان و کچانی بزاڤی ژن، ژیان، ئازادی له سەرانسەری ئێران
posted onMarch 2, 2024
noبۆچوون

فەریبا بەلووچ، چالاکی مافی مرۆڤ، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی ناسێندرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەشەمە بە ئاماژەدان بەوەی کە ناوی فەریبا بەلووچ لە نێو ١٣ براوەی ئەم خەڵاتەدایە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەو خەڵکی سیستان و بەلووچستانه و یەکێکه له گەلی بەلووچ، ناوبراو بە ئاشکرا باس لە مافی ژنان و قەیرانی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان دەکات کە بە چڕی لەژێر باری توندوتیژیی ڕێژیم و هەروەها هەڵاواردنی سیستماتیک و لەسێدارەداندایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر فەریبا بەلووچ ڕایگەیاند: "به هۆی چالاکییەکانیەوه ئیران هەڕەشەی لێکردووه و کوڕ و براکەشی لەلایەن هێزه ئەمنییەکانەوه دەستبەسەر کراون. سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە خاتوو فەریبا بەلووچ لەو بڕوایەدایە کە تاکەڕێگە خۆڕاگرییە و لە سەر چالاکییەکانی خۆی سوورە".

ئەم خەڵاتە ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمە لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جیل بایدێن خاتوونی یەکەمی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشکەش براوەکان دەکرێت.

خەڵاتی ژنانی بوێر له ساڵی ٢٠٠٧ بەملاوه بەو ژنانه پێشکەش دەکرێت که بۆ پاراستنی ئاشتی، عدالەت، مافی مرۆڤ، یەکسانی ڕەگەزی و بەهێز کردنی ژن و کچان تێدەکۆشن. تاکوو ئێستا زۆرتر له ١٩٠ ژن له ٩٠ وڵات ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووه.

جێگای ئاماژەیه‌، فەریبا بەلووچ، سێیەمین ژنی ئێرانییه که شەرەفی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەی پێبەخشراوه. شادی سەدر و شوهره بەیات، دوو ژنی دیکەی ئێرانین که پێشتر ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووه.

ساڵی پار، خەڵاتی ژنانی بوێری ٢٠٢٣، پێشکەش کرایه ژنان و کچانی بزاڤی ژن، ژیان، ئازادی له سەرانسەری ئێران.