بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمساڵ دۆخى ئابوورى ئێران خراپتر دەبێت

ئەمساڵ دۆخى ئابوورى ئێران خراپتر دەبێت
posted onJanuary 14, 2019
noبۆچوون

 

لە دوایین هەڵسەنگاندنەکانى خۆی بۆ ئابوورى جیهان، بانکى نێودەوڵەتى ئاماژە بەوە دەکات "بووژانەوەى کۆى گشتى بەرهەمهێنانى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەساڵى ڕابردوو  - ١،٥  لەسەدا بووە، بۆ ئەمساڵیش ڕێژەکەی بۆ سەدا -٣،٦ دەبێت".

 

لەبەشی تایبەت بەئێران لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکەى  ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە "لە ساڵى ٢٠١٦ ئابوورى کۆمارى ئیسلامی بەسەدا ١٣،٤ گەشەى بەخۆیەوە بینی، کە هاوکات بوون لەگەڵ هەڵگرتنى سزاکان، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٧ بۆ سنوورى سەدا ٣،٨ دابەزییەوە".

هەڵوەشانەوەى سزا ئابوورییەکانى سەر تاران کە دواى ئەنجامدانى ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى تەمموزی ٢٠١٥، هەناردەکردنى نەوتی خاو و پیشەسازی ئەو وڵاتە لە نێویاندا کەرتى ئۆتۆمبێل ڕۆحێکى تازەى پێدا هاتەوە، بەڵام بە کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کە لە ئایار (بانەمەڕ)ى ٢٠١٨ ڕوویدا، هەناردەکردنى ڕۆژانەى نەوت و سەرچاوە غازییەکانى تاران لەىسنوورى ٢،٥ ملیۆن بەرمیل تووشى پاشەکشێ دەبێتەوە بۆ سنوورى ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار بەرمیل.

ئابوورى کۆمارى ئیسلامی بە شێوەیەکى تەواو پشت بەپیشەسازی نەوت دەبەستێت و، ڕێژەیەکى گەورەشی هەیە لە بووژانەوەى کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی، لە دواى ئەویشدا پیشەسازی ئۆتۆمبێل دووەم گەورە پشکی لەئابوورى ئەو وڵاتە هەیە. ئامارە فەرمییەکانى ناوخۆى ئەو وڵاتەش دەریان خستووە "بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێل لەم چەند مانگەى ڕابردوو بە شێوەیەکى بەرچاو ڕووى لە دابەزین کردووە".

لەو نێوەندەشدا ئارەش موحبینەژاد، سکرتێرى سەندیکای پیشەسازی پارچەى یەدەگ بە ئاژانسى (ئیلنا)ـى کرێکارى گووتوە "کۆمپانیاکانى ئۆتۆمبێل ئەمڕۆ سەرووى پێنج هەزار ملیار تمەن قەرزداری پیشەسازانى پارچەى یەدەگن، لە کاتى پێدانى ئەو شایستەیەش بەلایەنی کەمەوە پێویستیان بە ١٢ هەزار ملیار تمەنى دیکەی ئاسانکاری دارایی و نەختى هەیە بۆ ئەوەى دووبارە چالاکییەکانیان دەست پێ بکەنەوە". گووتیشى "زۆربەى چالاکییەکانى پارچەى یەدەگ لەم چەند مانگەى کۆتاییدا بە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى کەرستەى خاو ڕاوەستاون".

بەپێی زانیارییەکانى موحبینەژاد "نوێترین ئامارەکان دەڵێن ئۆتۆمبێلە نەفرۆشراوەکانى کارگەى ئێران خودرۆ و سایپا بەهۆى کەمیی پارچەى یەدەگەوە گەیشتۆتە سەرووى ٩٠ هەزار ئۆتۆمبێل"، بەبۆچوونى خۆیشى ئەوە داتەپینێکى ئێستاییە لە سەرمایەى زەبەلاحی ئەو دوو کارگەیە و پیشەسازانی پارچەى یەدەگ.

ئۆتۆمبێلسازان لە دۆخێکى زۆر خراپدان!

ئۆتۆمبێلسازان لە دۆخێکى زۆر خراپدان!

 

لە نۆ مانگی ڕابردووش تاران ئاشکراى کردووە "بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلی بچووک و بارهەڵگر بە بەراورد لەگەڵ ئامارەکانى ساڵى ڕابردوو سەدا ٦٠ دابەزینى بەخۆیەوە بینیوە، کە لە سنوورى ٥٢٣ پارچە پێک هاتووە". پێوانەکردنى دابەزینى کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی لە نێو ئامارەکانى بانکى نێودەوڵەتى بۆ "یەکسانى لە هێزى کڕین" هەژمار کراوە، کەواتە "پێویستە بەراوردێک لەنێوان دوو وڵاتى جیاواز بکرێت، بەوەى  کاڵایەکى دیاریکراو نرخی چەندە پێویستە بیدەن؟"، ئەمەش بۆ کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆی ئێران بەنرخى ئێستاى دۆلار لەو وڵاتە زۆر کەمترە لەوەى چاوەڕوان دەکرێت.

بۆ نمونەش بەپێی هەڵسەنگاندنەکانى سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى "قەبارەى ئابوورى ئێران لەساڵى ٢٠١٨ شتێک لە ٤٣٠ ملیار دۆلار بەرزتر بوون، بەڵام ئەمساڵ بۆ سنوورى ٣٣٤ ملیار دۆلار دادەبەزێت، هۆکارەکەش بۆ داڕمانى بەهاى تمەنە بەرامبەر  دۆلارى ئەمریکى". ئەو بانکە دەڵێت "بووژانەوەى کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی لەئێران لەسەر بنەماى (یەکسانى لەهێزى کڕین)، بەشێوەیەکى  ئەرێنى لەساڵانى ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١  بۆ سنوورى سەدا ١،١ بەرز دەبێتەوە.

لەسەر ئاستى جیهانیشدا خەمڵاندنەکانى بۆ ئابوورى جیهان ئەمساڵ لە سنوورى سەدا ٢،٩ جێگیر کردووە، بە بەراورد لەگەڵ خەمڵاندنەکانى پێشووى بە ڕێژەى سەدا ٠،٠٠١ جیاوازی هەیە، کە ئەمەش لەگەڵ ساڵى ڕابردوو لە سنوورى سەدا ٣ بووە. دەشڵێت "بووژانەوەى ئابوورى هەموو وڵاتانى ناوچەکە لەسەر بنەماى ئەرێنى دەبێت، تەنها ئێران نەبێت لە سنوورى نەرێنى دەبێت".