بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەدرییەکان هیچ دانووستاندنێک لەگەڵ بەرەى کۆمارى ئیسلامى ناکەن

سەدرییەکان هیچ دانووستاندنێک لەگەڵ بەرەى کۆمارى ئیسلامى ناکەن
AvaToday caption
posted onMay 1, 2022
noبۆچوون

بەرامبەر ئەو گەرموگوڕییەى لەنێو میدیاکانى عێراق هەیە بەرامبەر دوایین قۆناغەکانى گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتى نوێی ئەو وڵاتە، سەرکردەیەکى ڕەوتى سەدر سەرجەم ئەو دەنگۆیانەى دەربارەى رێککەوتنیان لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگی سەر بە کۆمارى ئیسلامى ڕەت کردەوە.

 

حەسەن عەزاری، سەرۆکى فراکسیۆنى ڕەوتى سەدر لەنێو ئەنجومەنى نوێنەران لەڕاگەینراوێکدا روونی کردەوە "بەشێک لەمیدیاکان لێدوانی سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگییان بڵاو کردووەتەوە کە باس لە رێککەوتنیان لەگەڵ ڕەوتى سەدری دەکەن بۆ پرسی پێکهێنانى حکومەنى داهاتوو، سەرجەم ئەو زانیارییانە درۆیە".

چوارچێوەى هەماهەنگی کە سەرجەم هێزە سیاسییە شیعەکانى نزیک لەرژێمی ئاخوندى لەخۆ گرتووەو، لەلایەن فراکسیۆنى دەوڵەتى یاساوە ڕابەرایەتى دەکرێت، لە "هاوپەیمانى هێزى دەوڵەت، هاوپەیمانى نەسڕ، هاوپەیمانى فەتح، کەئەو هاوپەیمانییە لە گرووپە میلیشیاییەکانى حەشدی شەعبی" پێک هاتووە و، لەپاڵ ئەوانیش بزوتنەوەى عەتاو پارتى فەزیلەو، ڕەوتى حیکمە.

ئەو بەرپرسەى سەدر گووتیشى "ئامانجى بڵاوکردنەوەى ئەو درۆیانە دروستکردنى ناسەقامگیرییە لەنێو هاوپەیمانى سێقۆڵییە، بۆیە پێیان دەڵێن هاوپەیمانیەکە تووندوتۆڵەو، ئەو دەنگۆیانە کاریگەرییان لێناکات".

لەبەرامبەر گرووپە نزیکەکەى تاران هاوپەیمانى رزگارکردنى نیشتیمان هەیە، کەلەلایەن ڕەوتى سەدرەوە رابەرایەتى دەکرێن و، لەپارتى دیموکراتى کوردستان و، هاوپەیمانى سیادە، کە ئەمەش لەلایەن سووننەکانەوە دروست کراوە و مەحمەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان سەرۆکایەتى دەکات.

لەماوەى رابردوو چەندین دانووستاندن وگفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان دروستبووە\ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى گشتگیرو، لەو قەیرانە سیاسییەى عێراق تێی کەوتووە دەربازیان بێت، بەڵام هەردوو لایەنى ناکۆک ئامادە نین دەستبەرداری مەرجەکانیان بن، کە لایەنى یەکەم داواى پێکهێنانى حکومەتێکى تەوافوقی گشتگیر هاوشێوەى ساڵانى رابردوو دەکات، بەڵام موقتەدا سەدر، کەفراکسیۆنەکەى بەبەراورد بەلایەنەکانى دیکە زۆرینەى کورسیی پەرلەمانى هەیە، داواى پێکهێنانى حکومەتێکى زۆرینەى نیشتیمانى دەکات.

بەو هۆیەوەش لەسەرەتاى نیسانەوە سەدر دەستپێشخەرییەکی خستە بەردەم نەیارانى بۆ ئەوەى کار لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێ بەبێ بەشداریی پێکردنى فراکسیۆنەکەى، کەبڕیارە لەهەفتەى داهاتوو وادەکە تەواو بێت بکەن، بەڵام چوارچێوەى هەماهەنگی پاش هەفتەیەک لەو وادەیە، ڕایگەیاند "ئەوان پابەندی وادەکەى سەدر نابن، کار لەسەر جێبەجێکردنى پرۆژەکانیان دەکەن".

فشارێکى زۆریش خراوەتە سەر سەدر بۆ ئەوەى بەمەرجی گرووپە نزیکەکەى تاران رازی بێت، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان شکستیان هێنا، تادوایین مەرجی ئەوە بووە "نوری مالیکی"، سەرۆکوەزیرانى پێشووترو سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لەسەرجەم پۆستە سیاسییەکان دووربخرێتەوە، ئەوکات ئامادەیی بەشداریی پێکردنى ئەو گرووپە دەبێت.

بەڵام نەیارانى ئەو داوایان ڕەتکردەوە، چونکە پێیان وایە فراکسیۆنەکەى یەکێکە لەکۆڵەکە سەرەکییەکەى هاوپەیمانیەکەیان و، زۆرینەى کورسییەکانیان هی ئەوەو، دژى دوورخستنەوەى هەر گرووپێکی شیعەن لەنێو ماڵى شیعەکاندا.

دوایین هەڵوێستى مالیکیش دەربارەى ڕەوشى سیاسیی وڵاتەکەى، ئامادەیی نیشانداوە هەڵبژاردنێکى دیکەى پێشوەختە لەوڵاتەکەى پەیڕەو بکرێت، بۆ ئەوەى لەو قەیرانە سیاسی و دەستوورییە دەربازیان بێت.