بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیحسان ئەلقەیسوون بۆ ئاڤاتودەى: نەتوانراوە ئیرادەى داعش بشکێندرێت

ئیحسان ئەلقەیسوون بۆ ئاڤاتودەى: نەتوانراوە ئیرادەى داعش بشکێندرێت
ئیحسان ئەلقەیسوون پسپۆڕی ئەمنى و سەربازی: بۆ لەناوبردنى داعش پێویستمان بە جەنگێکى هەواڵگری ورد هەیە
posted onJanuary 2, 2019
noبۆچوون

 

زۆربەى چاودێران و پسپۆڕانى سەربازی و ئەمنى لە عێراق دووپاتی دەکاتەوە "داعش تواناى داگیر کردنەوەى شارە گەورەو دووردەستەکانى نەماوە"، بەڵام مەترسیی ئەوەشیان هەیە " ئەو گرووپە لە ڕێگەى شەڕى پارتیزانى تواناى لێدانى ناوچە هەستیارەکانى هەیە".

 

ئیحسان ئەلقەیسوون، پسپۆڕی ئەمنى و سەربازی لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتی لەگەڵ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ڕایدەگەیەنێت "داعش تواناى لە نێو نەبردراوە و عێراقیش ئێستا پێویستى بە کەرتى سەربازی گەورە نییە بۆ لەناوبردنى داعش، بەڵکو پێویستى بە جەنگێکى هەواڵگری ورد هەیە".

 

ئاڤا تودەى: پێچەوانەى لێدوانەکان و بۆچوونى پسپۆڕانى سەربازی، جموجوڵەکانى داعش دەستى پێ کردووەتەوە و خەریکى خۆڕێکخستنەوەیە، ئەمە نیشانەى ئەوە نییە ئەو جموجوڵانەی داعش لە هێزەوەیە لە گۆڕەپانى عێراق؟

ئیحسان ئەلقەیسوون: لە ڕووى سەربازییەوە سەرکەوتنمان بەسەر داعش تۆمار کرد، بەڵام نەمانتوانى ئیرادەى بشکێنین بۆیەش هێشتا دوژمن بوونى هەیە، پاشان ئەو هۆکارانەى بوونە فراوانبوونى داعش هەموو هێشتا ماوە، لەپەراوێزخستن و دوورخستنەوە، گەندەڵى کارگێری، سیاسی، دارایی، لە پاڵ ئەوانەش یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ماڵى خۆیان کە هۆکارەکەى بۆ کێشەى تایفی و عەشایەرى دەگرێتەوە. لە سەرووى هەمووشیانەوە قەیرانێکى سیاسی لەگەڵ قەیرانەکانى کارەبا، ئاوى خواردەوەش هەیە، ئەمانە هەمووی هۆکارو زەمینەیەکى گونجاوە بۆ چاندنى تۆمی خراپی تیرۆر.

ئەگەر هۆکارەکانى فراوانبوونی داعش مابێت، لەسەروویانەوەش توانبێت لە جوگرافیایەکى وەحشیگەرایی کە تێدا بووە پێش داگیر کردنى شارەکان بەدەستەوە مابێت، ئەوا مەترسییەکى دیکەیە بۆ سەر ئاسایشى گشتى وڵات. ئێستا داعش دووبارە گەڕاوەتەوە ئەو جوگرافیایەى لێوەى هاتووەو، گرووپەکان بە شێوەیەکى ناناوەندی نەوەک بە سەرکردایەتیپەکى ناوەندی یەکگرتوو بەڕێوە دەبات و، خەریکى دروستکردنەوەى گرووپی پیادەو شانەى نووستووە. ئەو گرووپە تا ئێستاش سەرکەوتوو بووە لە بڵاوەپێکردنى بۆچوونەکانى لەنێو چینە هەژارو پانکراوەکان، بەتایبەت ئەو چینەى هەست دەکات مافی خوراوە و پەراوێز خراوە، بۆیەش دەبینرێت دووبارە خۆى دورست دەکاتەوە و دەیەوێت گورزی خۆی بوەشێنێت، بەڵام چیتر ناتوانێت شارەکان داگیر بکاتەوە، چونکە تواناى سەربازییان لە دەست داوە.

ئاڤا تودەى : ئەگەر داعش نەتوانێت شارەکان داگیر بکاتەوە، تواناى لێدانى شارەکانى هەیە؟

ئیحسان ئەلقەیسوون: لە ماوەى نزیکدا ناتوانن، هۆیەکەش بۆ ئەوەیە زۆرینەى سەرکردایەتى و جەنگاوەرو چەک و جبخانەى لە دەست داوە، بۆیەش دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ جەنگی پارتیزانی، کە ماوەى دوو ساڵ بوو جێبەجێی نەکردبوون.

ئەگەری ئەوەش هەیە دواى کوژرانى سەرکردە باڵا و مەیدانییەکانى شەڕێکى پارتیزانى ئەنجام بدات. ئەگەر هاوشێوەى ڕابردوو بتوانن سۆزی ئەو چینە پانکراوە و پەراوێزخراوە بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، ڕەنگە دووبارە هەنگاوى داگیرکردنەوەى شارە گەورەکان بدەنەوە، ئەمرۆ بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو داعش هێرشى گورزوەشێن بۆ ناوچە و گووندە دووردەستەکانی باشوورى موسڵ و ڕۆژاواى ئەنبار ئەنجام دەدات، بۆیەش نیشانی دەدات کە داعش بوونى هەیە.

هەروەک پێشووش گووتم، ئەگەر نەمانتوانى ئیردەى لەبەر کۆمەڵێک هۆکار بشکێنین، بەتایبەت کۆمەڵێک دەرئەنجامى نەرێنى هەیە  کە دەبێتەوە هۆى گەڕانەوەى ڕێکخستنەکانى داعش، لە پاڵ ئەوانەش کەرستە سیاسییەکان کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى فراوانبوونى داعش، لەوانەش پێکنەهێنانى حکومەت کە پەیوەندییان بە ململانێیە سیاسییە هەرێمایەتییەکانەوە هەیە.

ئاڤا تودەى : تا چەند بەتاڵ بوونى پۆستى وەزارەتى ناوخۆ و دەستێوەردانە هەرێمایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەى سیاسی و پەیدابوونەوەى داعش هەیە لە گۆڕەپانى عێراق؟

ئیحسان ئەلقەیسوون: سیاسییەکانى عێراق کاتێک دەسەڵاتیان وەرگرت نەبوونە پیاوى دەوڵەت، دەوڵەت پیاوی خۆی دەیەوێت بۆ ئەوەى بنیاتى بکات نەوەک سیاسی، بەڵى هەموو پیاوێکى دەوڵەت سیاسییە، بەڵام هەموو سیاسییەک پیاوى دەوڵەت نییە.

بۆ ئەوەى بگەرێینەوە پرسیارەکە، پۆستى وەزیرى ناوخۆ یاخود بەرگرى، ئێستا ئەو پۆستانە بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەکانى ڕابردوو سیاسیین و هیچ پەیوەندییەکى بە پڕۆسەى کارگێرییەوە نییە، کاریگەریشى لەسەر بەرەنگاربوونەوەى داعش نییە، ئەگەر وەزیرى ناوخۆ یاخود بەرگرى بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت ئەوا هیچ لە بابەتەکە ناگۆرێت، بۆ نمونە وەزارەتى بەرگرى لەلایەن سوپا سالار و یاریدەدەرەکانییەوە بەرێوە دەچێت نەوەک کەسى وەزیر، ئەو پەیوەندیی بەهیچ شتێکەوە نییە، تەنها پۆستێکى سیاسییەو هەڵدەبژێردێت، ناوخۆش هاوشێوەى ئەو پۆستەیە.

ئەگەر هاتوو فالح ئەلفەیازیش بۆ پۆستى وەزیرى ناوخۆ دیاریی بکرێت، ئەو کەسە شارەزایی نییە، ڕاستە بەرپرسى ئاسایشى نیشتیمانى بووە، بەڵام ئەوە ناچێتە سەر شارەزاییەکانى، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەلفەیاز پیشەیی و ئەکادیمییە و، بە سەرجەم پلە سەربازییەکان وەک ئەفسەری و دواتر سەرجەم پلەکانى تێپەڕیوە؟، بێگومان نەخێر، چوار ساڵ یا هەشت ساڵ مانەوە لە پۆستێک تەواو نییە بۆ کەڵەکەبوونى شارەزایی بۆ وەزیری بەرگرى یان ناوخۆ.

ئاڤا تودەى: جەنگی پارتیزانى بە بەراورد لەگەڵ جەنگە تەقلیدییەکان مەترسیدارتر نییە و تا چەند عێراق توانای سنووردارکردنى ئەو جۆرە جەنگەى هەیە بەتایبەت لەگەڵ داعش؟

ئیحسان ئەلقەیسوون: شەڕى پارتیزانى تواناى کەرتە سەربازییەکان و تواناى هەواڵگری لە ناو دەبات، ئێستا ئێمە پێویستیمان بە کەرتە سەربازییەکان و دەنگی چەکەکان نییە، بەڵکو پێویستیمان بە جەنگی هەواڵگری و زانیارییە هەواڵگرییەکان و، پرۆسەى هێرشى ئاسمانى بۆ سەر شانە و گرووپە پیادەکانى داعشە لە بیابانەکانى ڕۆژاوا. ئەو ئۆپەراسیۆنانەش پێویستیان بە کەرتی گەورەى سەربازی و تۆپخانە و زریپۆش نییە، بەڵکو زانیاریی وردى هەواڵگری هەیە.

داعش لە عێراق