بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تێکهەڵچوونێکی قورسی چەکداریی لە سەوڵاوا

تێکهەڵچوونێکی قورسی چەکداریی لە سەوڵاوا
AvaToday caption
posted onJune 16, 2021
noبۆچوون

لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی پژاک کە لە بەرزاییەکانی سەوڵاوا هاتە ئاراوە چوار ئەندامی پژاک شەهید بوون.

 

 بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی نیمەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی سەوڵاوا هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا ٤ گریلای پژاک شەهید بوون کە تەرمەکانیان لەلایەن هێزەکانی سپاوە بۆ سەوڵاوا گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە خۆجێئیەکان، ژنێکی گریلا لە کاتێکدا بە سەختی بریندار کراوە بە دیل گیراوە و دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ نزیک گوندی سوورەتوو بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بۆ ئەنجام بدرێت و هەروەها ڕەچاوکردنی مافی دیلێک لە شەڕە چەکدای لەلایەن بەرپرسی پایگای سەوڵاواوە بە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.

 ئەو تێکهەڵچوونە لە بەرزاییەکانی نێوان گوندەکانی پایگەلان، دزەوەن و سوورەتوو هاتووەتە ئاراوە و هاوکات تۆپخانەکانی سپای پاسداران کە لە گوندی سوورەتوو جێگیر کراون بەرزاییەکان ئەو ناوچەیان تۆپباران کردووە. بە وتەی سەرچاوە خۆجێئیەکان، لانیکەم ٩ ئەندامی سپای پاسدارانیش لەو شەڕەدا بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە کە لە ئاکامی تۆپبارانی هێزەکانی سپای پاسداران زیانێکی زۆر بە ڕەز و باخ و مووچە و مەزارای خەڵکی ناوچەکە کەوتووە. چەند کاتژمێر دوای ئەو تێکهەڵچوونە لە ملەی “سیسرا”  لەنێوان گوندەکانی دێوەزناو و سوورەتوو تێکهەڵچوونێکی دیکەش هاتووەتە ئاراوە.