بە فەرمانى جۆ بایدن سەرکۆمارى نوێى ئەمریکا، دوێنێ شەو ٨ى ڕەشەممە، هێزەکانى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵاتى سوریە کرانە ئامانجى فڕۆکە جەنگییەکان کە تیایاندا چەندین چەکدارى سوپاى قودس و حەشدى شەعبی و کەتائیبى حیزبوڵا و کەتائیبى سەیدولشوهەدا کوژران.
لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا لە سوریا گوتى: "خۆم ئەو داوایەم لە سەرۆک جۆ بایدن کرد کە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجام بدەن و دڵنیاین ئەو ئامانجەى هێرشە ئاسمانییەکە پێکاویەتى سەر بەهەمان ئەو گرووپە چەکدارانەن کە بەرپرسن لە هێرشە موشەکییەکەى هەولێر و ئێمە پێشتریش گوتبوومان لە کات و ساتى گونجاو وەڵامى ئەو هێرشانە دەدەینەوە".
وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پەنتاگۆن) لە سەر ئەو هێرشە ئاسمانیانەى ئەمریکا بنکەکانى سوپاى قودسى پاسداران و میلیشیاکانى سەرو بەو سوپا تیرۆریستییە، بڵاوى کردەوە "هێرشە ئاسمانییەکانمان وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشە موشەکیانەى کرانە سەر بنکەى هاوپەیمانان لە شارى هەولێر"، مەبەستى پنتاگۆن ئەو ١٤ مووشەکە بوون کە ١١ ڕۆژ بەر لە ئێستا لە لایەن سرایا أولیاء الدم سەر بە کۆمارى ئیسلامى هاویشتران بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و چەند قوربانى و زەرەرى ماددى لێ کەوتەوە.
ئەو بۆمبانەى کە فڕۆکە جەنگییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا خستوویاننەتە خوارەوە و بەسەر بنکەو بارەگاکانى سوپاى قودس و کەتائیبی حیزبوڵا و سەیدولشوهەدایاندا داون، ٢٢٦ کیلۆگرامى بوونە، ئەم زانیارییەش لە لایەن نیۆیۆرک تایمزەوە بڵاو کراوەتەوە.
مایکڵ ماکۆڵ ـى نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسى ئەمریکا و سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس، لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکا کە بە فەرمانى جۆ بایدن ئەنجام دراوە، دەستخۆشى لە سوپاى وڵاتەکەى کرد و گوتى "ئەو هێرشە پەیامی هەڕەشە و وەبیرهێنانەوەیە بۆ کۆمارى ئیسلامى و بەکرێگیراوەکانی لە سەرتاسەری جیهان و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا قبوڵ ناکرێت، من خۆشم داوام لە ئیدارەکەی سەرۆک بایدن کرد کە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییانە بداتەوە کە کرایە سەر بەرژەوندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ئێستا ستایشی دەکەم کە بە تەواوی ئەو کارەی کرد.
ڕامى عەبدولڕەحمانى بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لە سوریە، بە فرانس پرێسى گوتووە "هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا لە باشورى ئەلبوکەمالەوە بووە و سێ بارهەڵگرى پڕ لە چەک و چەکدارى سەر بە سوپاى قودسى کۆمارى ئیسلامییان کردووەتە ئامانج کە لە عێراقەوە هێنرابوونە نێو سوریا و بە هۆیەوە ژمارەیەکى زۆر چەکدار کوژراون کە زیاتر لە ١٧ کەس".