بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپۆرتی ناشناڵ ئینترێست لەسەر زەبوونى کۆمارى ئیسلامى بەرامبەر کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى

ڕاپۆرتی ناشناڵ ئینترێست لەسەر زەبوونى کۆمارى ئیسلامى بەرامبەر کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى
AvaToday caption
posted onFebruary 25, 2021
noبۆچوون

ماڵپەڕی national interestى ئەمریکى لەسەر دزەکردنى ئیسرائیل بۆ نێو دەزگا ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى ڕاپۆرتێکى بڵاو کردووەتەوە کە جێگەى سەرەنجە:

 

کۆمارى ئیسلامى ئێران هەم تێچوون و هەم قوربانییەکى زۆرى داوە بۆ ئەوەى زانا ئەتۆمییەکانى خۆى بپارێزێت بۆ ئەوەى پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەى خۆى بدات و سەرەڕاى ئەو هەموو پارێزگاری و ئەمنیەتەى کە بۆى دابین کردوون، بەڵام دواجار کوژراون و لەنێو براون، بۆیە هەوڵەکانى ڕژێم بۆ نەهێشتنى خائینان و تاوانباران و ئەوانەى دەستیان لە دزە کردنی زانیارییەکان هەیە ناکام ماوەتەوە، و لەم نێوەندەشدا ئیسرائیل براوەى یەکەمە، چونکە لە پاش کوژرانى هەر زانایەک دواتر ئیسرائیل لێدوانى داوە کە بەر بە بەرنامە شەڕەنگێزییە ئەتۆمییەکەى کۆمارى ئیسلامى دەگرن.

 

هەر بۆیە دەکرێت پرسیار بکرێت کە کێ لە پشتى کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى ئێرانەوەیە؟  ئاخۆ دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکانى ئیسرائیل چۆن توانیویانە ئەو زانایانە بکوژن؟ کێى دیکە دەستى لە کوشتنى زاناکان هەیە؟ 

پڕۆفیسۆر مەسعود عەلى محمەدى نزیکەى کاتژمێر ٨ى بەرەبەیانى ١٢ى ژانویەى ٢٠١٠ى زایینى کە دەچوو سوارى ئۆتۆمبێلەکەى بێت لە باکوورى تاران نزیک پارکێک، لە ڕێگەى دوورەوە ئەو ماتۆڕسکێڵە دەتەقێنرێتەوە کە لە تەنیشتى دانرابوو و تەقینەوەکەش وەها گەورە بوو کە هەموو شووشە و پەنجەرەکانى باڵەخانەکانى دەورى شکاندن. عەلى محەمەدى فیزیازانى گەردیلەیی بوو و تەمنەنى ٥١ ساڵ بوو و یەکێک بوو لە زانا ئەتۆمییەکانى کۆمارى ئیسلامى و لە بوارى کوانتۆمى کارى دەکرد. هەرچەندە سەرەتا گومان وا برا کە توندئاژۆکانى ئێران کوشتوویانە چونکە عەلى محەمەدى پیاوێکى ڕیفۆرمخواز بوو، بەڵام دواتر زانیارى ورد بڵاو بووەوە کە ئەم پیاوە یەکێک لە زانا گەورەکانى بەرنامە ئەتۆمییەکەى سوپاى پاسداران بووە و ناکرێت ئێران خۆى بیکوژێت.

نۆ مانگ دواتر، بەیانى ڕۆژى نۆى نۆڤەمبەر، فیزیکزانێکى کوانتۆمى بە ناوى مەجید شەهریارى لەگەڵ ژنەکەى دکتۆر بەهجەت قاسمى کە لە تاران ئۆتۆمبێلیان لێ دەخوڕی، لە نزیک شەقامى ئەرتەش و لە کاتى لێخوڕین بۆمب دەنووسێنرێت بە دەرگاى لاى شەهریارییەوە و دواتر دەتەقێنرێتەوە کە دەبێتە هۆى کوژرانى شەهریارى و برینداربوونى ژنەکەى.

هەر لەو دەوروبەرى کوشتنى شەهریاریدا بوو کە بە ماتۆڕسکێڵ هێرش کرایە سەر پڕۆفیسۆر فەریدون عەباسى زاناى دیارى بەرنامە ئۆتۆمییەکانى ئێران و بووە هۆى برینداربوونى عەباسى لە دەست و ڕووخسارى. هەشت مانگ دواتر لە ڕێکەوتى ٢٣ى ژانویەى ٢٠١١ى زایینى، داریوش ڕەزایی نژاد و هاوسەرەکەى کە دەچوون بۆ باخچەى ساوایان تا کچەکەیان ئارمیتا هەڵگرنەوە، ڕێک کاتژمێر ٤ى دوانیوەڕۆ دوو ماتۆڕسوارى ڕیشدار لە تەنیشتەوە بە دەمانچەى نۆمیلى مەترى تەقەیان لێ کرد و پێنجە گوللەى بەر گەردەن و باسک و سینگى کەوت و ژنەکەشى شۆهرە پیرانى گوللەیەکى بەر کەوت. پاش چەند کاتژمێر لە گەیاندنى بە نەخۆشخانەى ڕەساڵەت، ئەم زانایەش مرد و ژنەکەشى چاک بووەوە و دواتر لە گفتوگۆیەک گوتى کە کچە پێنج ساڵەکەى تا ئێستاش کابووسى کاتى هێرشکردنە سەر باوکى دەبینێت و باسى لەوەش کرد کە پێشتر چەندین جار کەسانى نەناسراو هەڕەشەیان لە مێردەکەى کردووە.

تاران ئەمریکا و ئیسرائیل بە بەرپرسى کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى دەزانێت، بەڵام ئەمریکا ڕەتى کردەوە، بەڵام ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم کوشتانەى ڕەت نەکردەوە.

شەش مانگ دواتر لە ١١ى ژانویەى ٢٠١٢ى زایینى، بە نزیکبوونەوەى ساڵیادى کوژرانى عەلی مجەمەدى، مستەفا ئەحمەدى ڕۆشەن پسپۆڕى پیتاندنى یۆرانیۆم لە کاتى لێخوڕینى ئۆتۆمبێل لە ڕۆژهەڵاتى تاران بە پژۆ ٤٠٥ـەکەى خۆى کوژرا. مستەفا جێگرى بەڕێوەبەرى دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو. ئەمەش لە ڕێگەى بۆمبى موگناتیسى بوو کە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە نراوە و دەتەقێتەوەو دەکوژرێت.

پێشتریش لە ١٥ى ژانویەى ساڵى ٢٠٠٧ى زایینى، زاناى ئێرانى ئەردەشێر حوسەین پوور بە "ژەهراویکردن بە گاز" بە شێوەیەکى گوماناوى لە ئیسفەهان کوژرا.

گۆڤارەکانى (Stratfor) و (Haaretz) بڵاویان کردەوە کە مردنى ئەو زاناییە بەهۆى مۆسادى ئیسرائیلییەوە بووە و پاش چەند ساڵێک خوشکێکى ئەردەشێر گوتى براکەى بەدەستى چەکدارانى سوپاى پاسداران کوژراوە چونکە ڕەتی کردووەتەوە کارێکى تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەى کۆمارى ئیسلامى بکات.

لە ساڵى ٢٠١٨ى زایینى،  ڕۆنین بیرگمانی نوسەرى ئیسرائیلى لە گۆڤارى (Politico) باسى مێژووى دوورو درێژى کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى کۆمارى ئیسلامى لەلایەن مۆسادەوە کرد و بە (قولابی پێنجەم)ى ناو برد کە لە ستراتیژیەکى چوار بەشى لە ساڵى ٢٠٠٣ى زایینى لەلایەن (تامیر پاردۆ ـ Tamir Pardo)ی جێگرى پێشووى دەزگاى مۆسادەوە داڕێژراوە و ئامانجیش لەم کوشتنى زانایانە، وازهێنانى کۆمارى ئیسلامى لە بەرنامە ئەتۆمییەکەى بووە، هەرچەندە دواتریش لە ڕێگەى سزا و گەمارۆى ئابوورى و پاڵەپەستۆى دیپلۆماتیک و پشتیوانى ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران و ڕەخنەگرتن لە تەکنەلۆژیاى ئێرانى کاریشیان لەسەرى کردووە و تا ڕادەیەکیش بێرگمان سەرکەوتوو بوو لە پلانەکەى بەوەى کە کۆمارى ئیسلامى بۆ ماوەیەک دوا خست لە پیتاندنى یۆرانیۆم و هەروەها واشى کرد کە سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەى پەشیمان بکاتەوە لە هێرشى ڕاستەوخۆی ئاسمانى بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانى کۆمارى ئیسلامى.

وێنەى ڕاپۆرتەکە

دواى ئەوەش ئەم پڕۆژەیە درێژتر و گەورەتر بووەوە بە هاوکارى ئەمەریکا بەوەى جۆرێک ڤایرۆسى کۆمپیوتەر بەناوى (ستۆکسنت) لە ڕێگەى هێڵى کارەباوە بنێرنە نێو سیستەمە ئەتۆمییەکەى کۆمارى ئیسلامى و سەدان سانتریفیوژ و ئامێریان بسووتێنن و پەک بخەن، هەرچەندە سى ئاى ئەى دواتر باسى لەوى کردووە کە ئەو حەز بەو کارانە ناکات و نایهەوێت ڕووبەڕووى ئێران بێتەوە.

بەڵام ئەم کارانەى موساد بوونە هۆکارى ئەوەى کە سوپاى پاسداران لە ڕێگەى یەکەیەکى نهێنى بە ناوى ٤٠٠ چەندین هێرشى تیرۆریستى لە جیهان ئەنجام بدات، هەرچەندە پلانەکەیان بەپەلە و زۆرى بووە ئەمەش واى کرد لە کۆى ٢٠ پلان، تەنیا یەکدانەیا سەرکەوتوو بێت کە ئەویش بووە هۆى کوژرانى پێنج گەشتیارى ئیسرائیلى و شۆفێرێک لە ١٨ى جانیوەرى ٢٠١٢ى زایینى کە کردەوەیەکى خۆکوژى بوو لەو لایەن حیزبوڵا لە فڕۆکەخانەى (بورگاس ـ Burgas ) لە بولگاریا.

سەرەڕاى ئەم کردەوە خۆکوژییەش بەڵام شەپۆلى تیرۆرکردنەکانى مووساد لە دواى ساڵى ٢٠١٢ى زایینى درێژەیان هەبوو و سەرکەوتوویش بوون لە هێواشکردنەوەى پڕۆسەى پیتاندنى یۆرانیۆم و گەیشتنى کۆمارى ئیسلامى بە چەکى ئەتۆمى لە کاتێکدا ژمارەیەک بەرپرسى دیپلۆماتیک و هەواڵگریى ئەمەریکا ئەم تیرۆرکردنانەیان ڕەت کردەوە. هەندێک سیاسیی ئەمەریکاش پشتیوانى خۆیان بۆ کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانى کۆمارى ئیسلامى ڕاگەیاند.

هەرچۆنێک بێت ئەم هۆکارانە پێمان دەڵێن کە کوشتنى کەسەکان لەم تیرۆرە ئامانجدارانە زۆر کەمترن لە ژمارەى ئەو کەسانەى کە بەهۆى هێرشە موشەکییەکانى کۆمارى ئیسلامىییەوە دەکوژرێن. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، نکۆڵی دەکرێت لە تیرۆربوونى ئەم کوشتنانە، تەنانەت ئەگەر لە ڕۆژئاوا زانا ئەمریکى و ئیسرائیلییەکان بکوژرێن، ناوى "تیرۆریزم" و یا "کوشتن"ـیان لەسەر دەدرێت. هەر بۆیە دەبینین ئەم تیرۆرانە نەک لەسەر شێوازى ئەنجامدانیان بەڵکو لەسەر بنەماى ئەوەى کە کێ ئەنجامى داوە، مەحکوم یا ستایش دەکرێن.

کۆمارى ئیسلامى بە شێوەیەکى گوماناوى پەیوەندى ئەم کوشتنى زانایانەى خۆى بە موسادى ئیسرائیل و بە تەواوى نانوونێسێتەوە، بەڵکو زۆرجار گرێیان دەدا بە ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە وەک موجاهیدى خەڵک و ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانەوە، ئەمەشى زیاتر بۆ چەوساندنەوەى گەلانى نێوخۆى ئێرانە تا لەم ڕێگەیەوە بتوانێت زیاتر تۆتالیتاربوونى خۆى بچەسپێنێت و تەمەنى خۆى درێژ بکاتەوە و لە بەرامبەریشدا کەمتر قسە لەسەر ئیسرائیل دەکات و نایهەوێت وا نیشان بدات کە لەبەرامبەر ئیسرائیل دەستەوەستانە!

 

نووسەرى ڕاپۆرت:  (سیباستیەن ڕۆبلین ـ Sébastien Roblin) ماستەرى باڵاى لە چارەسەرى کێشەکان لە زانکۆى جۆرج تاون هەیە، وەک بەڕێوەبەرى زانکۆى سوپاى ئاشتى لە چین خزمەتى کردووە و کاریشى لە بوارى پەروەردە و پێداچوونەوە و نیشتەجێکردنى پەنابەران لە فەڕەنسا و ئەمریکاش کردووە و ئێستا لەمەڕ (War Is Boring) و مێژووى ئەمنیەتى و سەربازى دەنوسێت.

لینکى ڕاپۆرت: https://nationalinterest.org/blog/reboot/israel-has-spent-years-assassinating-iranians-stop-tehran%E2%80%99s-nuclear-program-178566