ئەنجومەنی یەکیەتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوى کردەوە کە گەمارۆکانی خۆی لەسەر کۆماری ئیسلامی درێژ کردەوە و ئەو گەمارۆیانە ٨٢ کەسایەتی و دامەزراوەیەکی سەر بە کۆماری ئیسلامییان تێدایە، گەمارۆگەلێک کە ساڵی ٢٠١١ و بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا پەسەند کران و هاویار لەگەڵ ڕێکەوتنی ئەتۆمی هەر درێژەیان هەبوو.
گەمارۆکانی یەکیەتی ئەوروپا قەدەغەکردنی هاتوچۆ و زەوتکردنی سەروەت و سامانی ٨٢ کەس لە دەسەڵاتدارانی ئێران و هەروەها دامەزراوەیەکی پێوەندیدار بەو دەسەڵاتەوە لەخۆ دەگرێ. ئەندامانی یەکیەتی ئەوروپا لە مژاری دانانی گەمارۆی نوێ لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی سارووخى ئێران و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە قەیرانەکانی ناوچەدا هاودەنگ نین. لە کاتێک دا فەڕانسە پشتگیری دانانی ئابلۆقەی نوێ لەسەر کۆماری ئیسلامی دەکات و ئیتالیاش دژی ئەو پڕۆژەیە. ئاڵمانیا و بڕیتانیا پشتگیری هەوڵەکانی فەڕانسە و هەر یەکە لە وڵاتانی نەمسا (ئوتریش) و ئیسپانیا لایەنگری هەڵوێستی ئیتالیا دەکەن.