بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

یونان: لەسەر ڕەفتارى تورکیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی یەکیەتی ئەوروپا دەکەین

یونان: لەسەر ڕەفتارى تورکیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی یەکیەتی ئەوروپا دەکەین
AvaToday caption
posted onAugust 14, 2020
noبۆچوون

یونان ڕایگەیاند داوا لە یەکیەتی ئەوروپا دەکات بۆ باسکردن لە جموجۆڵەکانی تورکیە لە ئاوە سنووریەکانی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە پێکبێنێت.

 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی یونان ڕایگەیاندووە: وەزارەتی دەرەوەی ئێمە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا دەکات. دەولەتی یونان ڕۆژی ڕابردوو بە کاردانەوە بە هەوڵە نوێیەکانی ئانکارا بۆ دیتنەوەی سەرچاوەی هایدروکەربۆن لە نیزیک سنوورەکانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پێکهێناوە و ڕایگەیاندووە کە ئەوان باج بە تورکیە نادەن و بەرگری لە مافی سەروەری سیاسی خۆیان دەکەن.

تورکیە ڕۆژی ڕابردوو پشت ڕاستی کردەوە کە کەشتیەکانی خۆی ناردووە بۆ ئەو ئاوانە کە دوو وڵاتی تورکیە و یونان کێشەیان لەسەرە. تورکیە ڕایگەیاندووە کەشتی " عروج رەئیس" ئەرکی ئەوەیە لە ١٠ هەتا ٣ی مانگی ئووتەوە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی دورگەی کرێت لە باشوری یونان و ئەو ئاوانەی کە دەگەنەوە سەر کەنارئاوەکانی ئانتالیا، لە سەرچاوەکانی وزە بگەڕێت.

رۆژی ڕابردوو، هەروەها کیراکوس میتسوتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یونان سەبارەت بە کێشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیە، قسەی دەگەڵ شارل میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و ن=ینس شتولتنبرگ سکرتێری ناتۆ کردووە. جوزپ بورل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا ڕۆژی ڕابردوو گووتبوی: جموجۆڵە دەریاییەکانی تورکیە لە دەریای مەدیتەرانە بە سرنجدان بە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی یونان و میسر جێگەی نیگەرانییە.

ڕێککەوتنی میسر و یونان بۆ دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوانیان دوای ڕێککەوتنی هاوکاری تورکیە و دەوڵەتی ویفاقی نەتەوەیی لیبی واژۆ کرا. ئەو ڕێککەوتنە بوو بە هۆی تووڕەبوونی تورکیە و تورکیە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی یونان و میسر بێ بایەخە و ئامانجەکەی سڕینەوەی تورکیە لە ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانەیە.

دیتنەوەی سەرچاوەی گەورەی گاز لە ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە بووە بەهۆی جموجۆڵی زیاتری وڵاتانی سەر ئەو ئاوە بەتایبەت یونان، تورکیە، قوبرس و ئیسرائیل بۆ ئەوەی پشکی زیاتر بەدەست بێنن.