بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

قاچاخى سوپاى پاسداران هەورامییەکانى بێزار کردووە

قاچاخى سوپاى پاسداران هەورامییەکانى بێزار کردووە
سوپاى پاسداران لە ملەندوو بە ئاشکرا خەریکى قاچاخى بەنزین و سووتەمەنییە
posted onNovember 14, 2018
noبۆچوون

 

بە دەستپێکردنى گەڕى دووەمى گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر کۆمارى ئیسلامى، دۆخى ڕێژیمى ئیسلامى خراپتر و دیاردەى قاچاخى سووتەمەنى زیاتر بووە، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان.

 

بە پێى هەواڵى گەیشتوو بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى لە هەورامانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، لە سنوورى نێوان هەردوو هەورامانى ڕۆژهەڵات و هەرێمى کوردستان، دەست بە قاچاخى نەوت و بەنزین کراوە و ئەمەیش هۆکارێکى گەورەیە بۆ دروستبوونى ترافیک و گلەییەکى زۆرى خەڵکى هەورامان و گوندەکانى هانی گەرمەڵە و کێمنە و زاوەر و بێدەرواز بەوەى کە ناتوانن بگەنەوە ماڵ و باغەکانیان.

هاووڵاتییەکى یەکێک لە گوندەکانى هەورامان لە نامەیەکدا بۆ ئاڤاتودەى، باسى دۆخى خراپى هاتوچۆ و ڕێگاوبانە نێوخۆییەکانیان دەکات و دەڵێت "ماوەیەکە بەقاچاخبردنى بەنزین بەتایبەت لە سێ ڕیانى شەهیدان هۆکارە بۆ ئەوەى ئێمە درەنگ بگەینە هانى گەرمەڵە و کێمنە و لە سێ ڕیانى ملەندوو ئیتر دۆخەکە خراپتر و ماندووکەر دەبێت". ئەم هاوڵاتییە کە باسى لەوە کرد نامەیەکى زۆر بۆ کاناڵ و پەیجەکانى سەر بە سوپاى پاسداران نێردراوە و ڕاستەوخۆ گلەیی ئەوە دەکرێت لێیان کە "سوپاى پاسداران دەستى لە ناردنى بەقاچاخى بەنزین بۆ هەرێمى کوردستان و بە پێچەوانەکەشیەوە هەیە و ئەمەیش واى کردووە کە ئەو کەسانەى حەوتووى جارێک سەر لە باغەکانیان دەدەنەوە و یا بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان سەردانى دۆست و خزمەکانیان لە گوندەکانى دیکە دەکەن، نەگەنە جێ و گرفتى هاتوچۆیان بۆ دروست بێت".

یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى گلەیی لە سوپاى پاسداران دەکات و دەڵێت "ئێمە بۆ ئەوە شەهید و گیانبازمان داوە کە ئێستا سوپا وامان لێ بکات". یەکێکى دیکەیش کە خۆى لە نێو سوپادایە، بە بێزارییەوە نامەى بۆ سوپا نووسیوە و دەڵێت "ئێمە شۆڕشمان کرد بۆ ئەوەى ئاسوودە بین، کەچى ئێستا بۆ چوونەوە ماڵەکانمان دەبێت بە سەعات ڕیز ببەستین و ماتڵ بین ئەوجا بگەینەوە لاى ماڵ و منداڵەکانمان، بەداخەوە وامان لێ هاتووە پشت لە کەس و کار و شەید و گیانبازەکانمان بکەین و وڵاتەکەمان جێ بهێڵین، ئەمە دەردەدڵى سەدا حەفتاى خەڵکە، هەرچەندە من کوڕە شەهیدم و لە هانیگەرمەڵەم، بەڵام چیتر تاقەتی ئەم دۆخە خراپەى ژیانم نەماوە".

هەرچەندە سوپاى پاسداران لە وەڵامى ئەو کەسانە بە هیچ شێوەیەک باس لە وەستاندنى قاچاخى سووتەمەنەى ناکەن، تەنیا لەوە دەترسن کە ئەمە ببێتە ڕەسانەیی و لە ڕاگەیاندن و کەناڵانەکاندا ڕەنگ بداتەوە و بۆ وەڵامى زۆرێک لە گلەییەکان دەڵێن "داواتان لێ دەکەین لە ناردنى هەر جۆرە گلەیی و وێنە و فیلمێک لەبارەى بەقاچاخبردنى بەنزین لە سێ ڕیانى ملەندوو خۆتان بەدوور بگرن" و هەروەها دەنووسن "ئێمە بەدواى کێشەکە دەکەویت، با ڕێگە نەدەین ئەم پرسە بەلاڕێدا ببرێت"، کەچى یەکێکى دیکە لە خەڵکى ناوچەى شرام دەنووسێت "ئێوە هێندەى لە بەڕەسانەییبوونى پرسەکە دەترسن، هێندە بە تەنگ چارەسەرى کێشەکانى خەڵکەوە نین، بۆ دەترسن وێنەو ڤیدیۆ بڵاو ببنەوە، کەوایە خۆشتان دەستتان تێیدا هەیە و ناتوانن چارەسى بکەن و یا خەریکى پووڵکۆکردنەوەن بۆ نەڕووخانتان".

کەچى لە وەڵامى خودى کەسەکانى خۆیان تەنیا دەڵێن "لەبەر نیزامبووونى ناوچەکە، تکایە خۆتان بەدوور بگرن لە ناردن و بڵاوکردنەوەى هەر جۆرە وێنە و ڤیدیۆ و زانیارییەک لەسەر ئەم کێشەیە".

دیمەنى بە قاچاخبردنى بەنزین لە ملەندووى هەورامان لە لایەن سوپاى پاسداران

 

لە هەمان کاتیشدا خەڵکى گوندەکانى هەورامان کە دانیشتووى شارەکانى دیکەى وەک مەریوان و کامیاران و سنە و جوانڕۆن، هەمان گلەییان لەو هەموو بەسەربازیکردنەى ناوچەکەیان هەیە و دەڵێن "لەوەتەى کۆمارى ئیسلامى دروست بووە، هەورامانى بە ناوچەیەکى مەترسیدار هەژمار کردووە، کەچى هەر خودى سوپاى پاسدارانە خەریکى کاسپیکردن و بەقاچاخبردنە لە سنوورەکانى هەورامانەوە بۆ نێو خاکى عێراق". هاووڵاتییەکى یەکێک لە گوندەکان سەبارەت بە قاچاخبردنى بەنزین و سووتەمەنى لە لایەن سوپاى پاسدارانەوە بە ئاڤاتودەى گوت "من خەڵکى گوندى.... ـم و لە مەریوان نیشتەجێم، جار جارە دێمەوە هەورامان و گوندەکەم و سەرێک لە خەڵک و خزمەکانم دەدەم، بەڵام بەداخەوە لە سێ ڕیانى ملەندوو بە هۆى قاچاخى سوپاى پاسدارانەوە بێ ڕێزییەکى زۆر لە لایەن ئەندامەکانى سوپاوە بە خەڵک دەکرێت و خەڵکى زۆر ڕا دەگرن و قسەیان پێ دەڵێن و لوولەى تفەنگیان لە خەڵکى دەکەن، هەرچەندە بێزارین بەڵام چ بکەین هەورامان ماوا و مەسکەنمانە و چۆڵى ناکەین بۆ جاش و سووپاییە قاچاخچییەکان".

کچە خوێندەوراێکى هەورامیش دەڵێت "لە مامە وڵاتى دونیا بەم شێوەیە سووکایەتى بە مرۆڤ دەکرێت" و هاووڵاتییەکى دیکە کە لە نووسراوێکى کە لە یەکێک لە کاناڵە ناوخۆییەکانى ناوچەکە بڵاوى کردووەتەوە، ڕووى دەم و قسەى دەکاتە بەرپرسانى ناوچەکە و دەڵێت "بۆچى هەر کە ناوى سوپا و ئەندامانى سوپا دەبیستن، وەک جنۆکە کە لە ناوى بیسمیلا دەترسێت، ڕادەکەن. بەڕاستى چارەسەرى ئەم کێشەیە هێندە ئاڵۆزە کە بۆ دەوڵەتپیاوانى پاوە ببێتە شیکارێکى هەزار وەڵاى".

ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا سوپاى پاسداران لەو ناوچەیە ڕێگە نادەن شەوانە بە ئاسانى هاتوچۆ بکرێت و هاووڵاتییەکى هەورامى بە ئاڤاتودەى گوت "بەداخەوە ئەگەر تەنگەتاویێەکى پزیشکى هەبێت و یا مەسەلەیەکى ئۆرژانسى هەبێت، ئەوا ڕێگەى تێپەڕینى نادرێت لە شەواندا و ئەمەیش واى کردووە زۆرێک لەو نەخۆش و ژنە دووگیانانەى کە ئەگەرى منداڵبوونیان نێزیکە، لەوێ سەفەرى کاتى بکەن و بچنە نێزیک خزم و کەسوکاریان"ز

شایەنى باسە بە هۆى گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر کۆمارى ئیسلامى، ئەم ڕێژیمە سڵ ناکاتەوە لەوەى کە بە ئاشکرا و بە ڕۆژى ڕووناک خەریکى قاچاخ و کاسپى بێت بۆ درێژەدان بە مانەوەى دەسەڵات و هەر ئەمەیش واى کردوە کە لە ملەى ملەندوو (سێ ڕیانى شەهیدان) بازگەى سەربازى بۆ هەر چوار گوندەکەى زاوەر و کێمنە و هانى گەرمەڵە و بێدەرواز دانراوە و بە بەهانەى قاچاخەوە کە لە ڕاستیدا خۆیان دەستیان تێدا هەیە و نایەنەوێت خەڵکى ناوچەکە ئەو ئیشە بکات و تەنیا فەرمانبەر و داردەستەکانى خۆیان دەساتیان تێدا هەیە، ئازار و ئەزیەتى خەڵکى دەدەن و زۆرێک لەو خەڵکەى کە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و یا بۆ باغدارى و سەردانى خزم و کەس بەوێدا تێدەپەڕین سووکایەتییان پێ دەکرێت و بە چەندین سەعات لە ڕیزى دەرچوون دەمێننەوە.