بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

رێخکراوی جەیشولعەدل بەرپرسایەتی تەقینەوەیەک لە چابەهار دەگرێتە ئەستۆ

چابەهار
posted onFebruary 22, 2025
noبۆچوون

رێکخراوی جەیشولعەدل، کە رێکخراوێکی بەلوچە، بەرپرسایەتی تەقینەوەیەک لە باڵەخانەی سەرەکی سەر بە دامەزراوەی نیشتەجێبوون لە چابەهاری گرتە ئەستۆ.

تەقینەوەکە بەیانی ڕۆژی شەممە ڕوویدا، بە وتەی مەهدی شمسئابادی، داواکاری گشتی زاهیدان، هۆکارەکەی "بۆمبێکی دەنگی" بووە و "بەشێک لە باڵەخانەکەی" ڕووخاندووە. داواکاری گشتی زاهیدان ئەوەشی ڕاگەیاند کە لەو تەقینەوەیەدا کەس زیانی پێنەگەیشتووە.

دامەزراوەی نیشتەجێبوونی سیستان و بەلوچستان ڕایگەیاند: "چەکداری نەناسراو دوای چۆڵکردنی باڵەخانەکە، بۆمبێکیان تەقاندەوە و باڵەخانەی ئیداریی دامەزراوەکەیان ڕووخاند."

دوای چەند کاتژمێرێک، گرووپی جەیشولعەدل کە گروپێکی بەلوچی دژبەری کۆماری ئیسلامییە، لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند.

جەیشولعەدل لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە هۆکاری هێرشکردنە سەر بینای ئیدارەی ڕێکخستنی گەڕەکەکانی دەوروبەری شاری چابەهار کە سەر بە دامەزراوەی نیشتەجێبوونە، بەهۆی ڕۆڵی ئەو ئیدارەیە لە "ڕووخاندنی خانوو و دەستبەسەرداگرتنی زەوی خەڵک" بووە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە نێوان گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک جەیشولعەدل، و هێزەکانی سوپای پاسداران، زیادیکردووە و لە هەردوولایەن کوژراو هەبووە.