بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەسایەتی ساڵ

 

ئەمەریکا سزاکانى دژى ئێران تووندتر دەکات

ئەمەریکا سزاکانى دژى ئێران تووندتر دەکات
AvaToday caption
posted onNovember 13, 2018
noبۆچوون

راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمەریکا بەڵێنى داوە " تووندترین هێزى فشارو سزا دژى ئێران پەیڕەو بکەن"، ئەو لێدوانەى ئەو بەرپرسەش دواى هەفتەیەک لەجێبەجێکردنى دووهەم قۆناغی سزاکانى وڵاتەکەیەتى دژى تاران.

لەلایەن خۆیشیەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا هەوڵەکانى چڕ کردۆتەوە بۆ چۆکدادانى کۆماری ئیسلامی بۆ راگرتنى بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکى بالیستى و راگرتنى سیاسەتە شەڕانگێزەکانى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

تاوەکو ئێستا دوایین قۆناغی سزاکانى واشنتۆن دژى ئێران بەتووندترین سزا دادەنرێت، کەئامانجی دابەزاندنى ئاستى هەناردەکردنى نەوتی خاوى ئەو وڵاتەیەو، لەهەمان کاتیشدا قۆڵبەست کردنى بانکەکانیەتى لەگەیشتن بەبازاڕە دارایی نێودەوڵەتیەکان.

جۆن بۆڵتۆن، لەبارەى بەڵێنەکەى دژى ئێران لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لەسەنگاپوور رایگەیاند " پێمان وایە حکومەتى ئەو وڵاتە رووبەرووى فشارێکى راستەقینە بووەتەوەو، ئامانجی ئێمەشە فشارێکى زیاتریان بخەینە سەر".

دووپاتیشیکردەوە " جێبەجێکردنى سزاکان تووندتر دەکەین".

لەئایارى رابردوو ترامپ، تاکلایەنانە لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەکان کشایەوەو، بەڵێنى دا، لەبرى بەشدارییکردن لەو رێکەوتننامەیە سزاى نوێ و تووندتر بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

لەسەرەتاى ئابی رابردووەوە یەکەم قۆناغی سزاکانى جێبەجێکردو، لەتشرینى دووهەمیش دووهەم قۆناغ چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بۆڵتۆن گووتیشى " هیچ گومانی تێدا نیە، ئێران دەستى بەوە کردووە رێکارى نوێ بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى خۆى لەسزایەکانى کەرتى نەوت  وبازاڕى دارایی بدزێتەوە".

سەرەڕاى ئەوەى پشکێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەپایەندییەکانى تاران دەکەن، بەڵام راوێژکاری ئاسایشى نەتەوەیی واشنتۆن هیماى بەوە کردووە " زۆربەى وڵاتانى ئەورۆپا لەقۆناغی نکۆڵی و توڕەیی بوون، بەڵام بەشێکیان دووپاتیان لەبێلایەنى خۆیان کردووە".

سەرەتا کوشکی سپی لەهەوڵى ئەوە بوو ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئێران بگەیەنێتە سفر، بەڵام لەلایەن زۆربەى کڕیارانى ئەو نەوتەوە توڕەیی دروستبوون، ناچار بوو بڕیارەکەى هەموار بکاتەوەو، هەشت وڵاتیش لەلیستى سزایەکانى دوور بخاتەوە، بەمەرجێک لەماوەى 160 رۆژ بەدواى جێگرەوەیەک بۆ ئەو نەوتە بدۆزنەوە.

گرنگترین مەرجەکانى ئەمەریکا دژى ئێران راگرتنى ئەو سیاسەتەیە کەلەساڵى 1979 پەیڕەوی دەکات، لەپاڵپشتى کردنى گرووپە میلیشیاکانى ناوچەکە وەک حزبوڵلاو چەندین گرووپی دیکە، کە  شەڕى بەوەکالەت بۆ تاران دژى نەیارانى دەکەن.

لەبەرامبەریشدا سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى پێشبینى کردووە سزایەکانى سەر کۆماری ئیسلامی ببێتە هۆکارێک بۆ داکشانى سەدا 1.5 ـى ئابوورى ئێران و ساڵى داهاتووش ئاستەکە بۆ سەدا 3.6 بەرز ببێتەوە.

لەدوایین راپۆرتیشى لەبارەى ئەو وڵاتەوە جەختى لەوە کردووە " ئێران پێویستى بەوەیە نرخی نەوت بگاتە 98.6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لەساڵى داهاتووش نرخەکەى لەسنوورى 95.4 بێت، بۆ ئەوەى هاوسەنگییەک لەبوودجەکەى دروست بکات".

لەو نێوەندەش بەرپرسی جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمەریکا لەوەزارەتى خەزێنە ئاشکراى دەکات " یەکێتى ئەورۆپا ناتوانێت هیچ رێگایەک بۆ خۆدزینەوەى ئێران لەسزاکانى وڵاتەکەى بدۆزێتەوە، کەلەلایەن سەرۆک ترامپەوە خراوەتە سەر کەرتى نەوت و بانکەکانى ئێران".

سیگال ماندلکیر، بریکارى وەزارەتى خەزێنە بۆ کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرو تاوانى دارایی گوومانیشى لەوە بووە" هەوڵەکانى ئەورۆپا بۆ پەرەپێدانى ئالیەتیەکى نوێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".