دوای قوڵتر بوونەوەی کێشەی نێوان هاوپەیمانیە سیاسیەکانی شیعەکانی عێراق سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی دەوڵەتی عێراق، مستەفا ئەلکازمی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق گووتویەتی: تەسلیمی گووشاری هێندێک گرووپ نابێت کە خوازیاری لاوازکردنی پێگەی دەوڵەتن.
ئەلکازمی کە بەرپرسایەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی وەئەستۆ گرتووە، ئەندامە پێشنیارکراوەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستە حکومیەکان ڕووبەڕووی دژایەتی گرووپە شیعە دەسترۆیشتووەکانی نێو پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراق بووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق گووتی: ئەو بەرپرسایەتیەی من لەو هەلومەرجە دژوارەدا و لە نێو ئەو هەموو کێشە ئابوری، تەندرووستی و ئەمنیەتیە ڕووبەڕووی بوومەوە، بەرپرسایەتیەکی نەتەوەییە.
ئەلکازمی ڕۆژی دووشەممە لە تویتێکدا نووسی: ئەو دەوڵەتەی من دەمهەوێ پێکی بینم دەبێ لە ئاستێک دابێت بتوانێ ڕووبەڕووی قەیرانەکان بێتەوە و ڕێگەچارە ببینێتەوە. دەبێ هەموو لایەک بەرژەوەندیەکانی عێراق بخەنە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندیەک.
سەرۆکوەزیرانی پێشنیارکراوی عێراق لە درێژەدا گووتی: بە مەرجێک گوشارەکان قەبوڵ دەکەم بە ئاراستەی بەهێزکردنی دەوڵەت بن. هەر جۆرە گوشارێک کە بە ئامانجی لاوازکردن یان لەپەراوێزخستنی دەوڵەت بێت ڕەت دەکەمەوە.
سەرچاوە سیاسیە عێراقیەکان ڕایانگەیاندووە زۆربەی لایەنە سیاسیە شیعەکان دژایەتی خۆیان لەگەڵ کابینەی پێشنیارکراوی ئەلکازمی دەربڕیوە و داوایان لێکردووە کەسە پێشنیارکراوەکانی ئەوان لە جێگەی کەسانی دەستنیشان کراوی خۆی دابنێت.
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی ئەلفەتح بە ڕێبەری هادی ئەلعامری گووتی: چاوپێکەوتنی هێزەکانی شیعە لەگەڵ ئەلکازمی بە ڕێککەوتن لەسەر وەزیرە پێشنیارکراوەکان بە تایبەت ئەو وەزیرانەی لە دەوڵەتی عەبدولمەهدی و عەبادی پۆستیان هەبوو کۆتایی هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە یەکێک لە ڕەوتە شیعەکان خوازیاری مانەوەی وەزیری تەندرووستی عێراق لەسەر پۆستەکەی خۆی بووە.
هەمان سەرچاوە لە درێژەدا گووتی: هاوپەیمانیەکان ڕێککەوتنیان کردووە پێش لە دیاریکردنی ڕێککەوتنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پاڵپشتی کابینەی دەوڵەت، هاوپەیمانی سیاسی سوننی و کوردەکان دەبێ لە ئەنجامەکانی ئەو دانیشتنە ئاگادار بکرێنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە عیرفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی کاروباری هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عێراق گووتی: هێزە شیعەکان دەیانهەوێ ئەلکازمی ناچار بکەن بەوەی دوور بێتەوە لە پۆستەکەی و عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە.
دوای پاشەکشیی عەندان زەرفی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا ئەلکازمی سەرۆکی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی عێراق لە لایەن بەرهەم ساڵح ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی کابینەی نوێی دەوڵەتی ئەو وڵاتە پێکبێنێت.