بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پاریزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگی هەڵاوسانى ئابورین

پاریزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگی هەڵاوسانى ئابورین
AvaToday caption
posted onMarch 30, 2020
noبۆچوون

 

پێنوێنی بەهای کاڵا و خزمەتگوزاریەکان نیشانی دەدات نرخی سەبەدی بنەماڵەکان لە پاریزگای ئیلام لە ساڵی ٩٥ هەتا ٢.٢٢ بەرابەر بووە، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە بۆ هەموو ئێران ٢ بەرابەر بووە.

 

کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت لە دابەشکردنی ستەم بە سەر نەتەوەکانی ئێراندا جیاوازی دادەنێ و ڕاپۆرتی ئاوسانی ئابوری ساڵی ١٣٩٨ی ناوەندی ئامار دەریدەخات ڕێژەی جیاوازی ئاوسانی ئابوری لە نێو پارێزگاکان زیاتر لە ١٤ لەسەدە. ژمارەیەکی گەورە کە بە جیاوازی لەگەڵ ئاوسان دەرخەری قوڵایی قەیرانە لە پاریزگا جیاوازەکان کە چەندە جیاوازە.

بۆ ئەوەی بزانین ئەو ژمارەیە چەند زۆرە، پێویست نییە ١٤ لەسەدی ئاوسان بە نێونجی نرخی ئاوسانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا (٣ لەسەد)  هەڵسەنگێنین یان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی بەراورد بکەین. ئەو ژمارەیە تەنانەت بە مێژووی ئاوسانی ئێرانیش پێکبگرین دیسان گەلێک زیاترە. 

نێونجی ئاوسان لە دوای ساڵی ١٣٢٣ هەتا ساڵی ١٣٩٨، ١٢ لەسەد بووە. واتە جیاوازی نێوان زۆرترین و کەمترین ئاوسان لە ٣١ پاڕێزگای ئێران زیاترە لە نێونجی ئاوسانی ساڵانە لە ٦٥ساڵی ڕابردوویە.

ناوەندی ئامار، نێونجی ئاوسان لە پاریزگای ئیلام لە ساڵی ١٣٩٨دا بە ٤٢ لەسەد خەمڵاندووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نێونجی ئاوسان لە سەرتاسەری ئێران بە ڕێژەی ٣٥ لەسەدە و ئاوسان لە پاریزگای فارس و قوم ٣١ و ٣٢ لەسەدە.

هەڵبەت دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ٣١ و ٣٢ لەسەد ژمارەیەکی چکۆلە نییە بەڵکو نیشاندەری قەیرانێکی گەورەیە. مانای ئاوسانی ٣٠ لەسەدی لەدەستچوونی یەک لەسەر سێی بەهای ڕیالە لە ماوەی ساڵێکدا. 

ئیلام، لۆڕستان، خۆراسانی باکور و باشور، بوشێهر، چوارمەحاڵی بەختیاری، سیستان و بەلچوستان، ئەو ناوچانە لە ڕووی ئابوری لە هەژارترین و بێبەشترین ناوچەکانی ئێرانن. دۆخی بژێوی ژیان لەو پاریزگایانە تەنانەت پێش لەو ئاوسانە لە رادەبەری ئەم دواییە هەمووکات قەیرانیتر بووە لە ناوچەکانی دیکە.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشکی شێری ستەمکاریەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەکەوێت

پێنوێنی بەهای کاڵا و خزمەتگوزاریەکان نیشانی دەدات نرخی سەبەتەی بنەماڵە لە پاریزگای ئیلام لە ساڵی ١٣٩٥ هەتا ئەمڕۆ ٢.٢٢ بەرابەر بووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕێژەیە لە ئاستی ئێراندا ٢ بەرابەرە. ئەو جیاوازیە بێجگە لە هەژاری و برسیەتی و فەقیری بەهیچی دیکە پڕ نابێتەوە. ئەگەرچی هەژاری سێبەری خستووەتە سەر هەموو ئێران بەڵام ئەو هەژاریەی لە ناوچە سنوریەکانی ئێران واتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ئێران هەیە زۆر زیاترە لە ناوچەکانی دیکە.

بەشەکانی ئاوسان نیشانی دەدەن لەو ساڵەدا خۆراک زۆر گرانتر بووە و ڕێژەی ئاوسانی خواردن لە پارێزگا بێبەشەکان زۆر زیاتر لە ناوچەکانی دیکە بووە.

بە پێی ئامارە فەرمیەکان لە ئیلام زیاتر لە ٣٥ لەسەد و لە هێندێک لە پارێزگاکان هەتا ٤٠ لەسەد تێجووی بنەمالەکان بۆ خۆراک خەرج دەکرێت. قەبارەی ئاوسانی یەکساڵە لە ئێران ٤٣ لەسەدە و لە ئیلام ٤٦ لەسەد.

ئەو ئامارانە نیشانی دەدات سفرەی خەڵک بەتایبەت لە ناوچە بێبەشە سنوریەکان وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ئێران واتە بۆ لای سیستان و بەلوچستان زۆر چکۆلە بووەتەوە و دابینکردنی خواردن بۆ خەڵک گرانتر و کەمخۆراکی زیاتر بووە.

ساڵی ٩٨ ساڵێکی سەخت بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو و ئەوساڵ خەڵک ناچارە لەگەڵ کێشەیەکی گەورەتر بەناوی ڤایروسی کۆڕۆنا ڕووبەڕوو ببنەوە. ڤایروسی کۆڕۆنا هەناسەی لە ئابوری جیهانی بڕیوە و ئاوسان و هەژاری سێبەری بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە.

بەو هیوایەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاری و هاوپێوەندی و یەکگرتوویی نەتەوەیی بتوانن بەسەر کارەساتی ڤایروسی کۆڕۆنا و کارەساتی لەوی گەورەتر کۆماری ئیسلامیدا زاڵ بن و بەهیوای ژیانێکی باش.