بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیسرائیل لە غەزە و دیمەشق فەرماندە هاوپەیمانەکانی ئێران دەکوژێت

ئیسرائیل لە غەزە و دیمەشق فەرماندە هاوپەیمانەکانی ئێران دەکوژێت
AvaToday caption
 تەلئەبیب لە لایەن حیزبوڵا مووشەک باران کرا
posted onNovember 12, 2019
noبۆچوون

ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە سەرەتای بەیانی ٢١ گەڵاڕێزان بۆ کووشتنی دوو فەرماندەی سەربازی ڕێکخراوی جیهادیی ئیسلامی فەلەستین کە هاوپەیمانی ئێرانە، لە یەک کاتدا هێرشی کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو کەسە لە غەزە و دیمەشق. هێرشی فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هاوکات و لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ماڵی ئەو دوو فەرماندەیە ئەنجام دراوە.

 

بەها ئەبوئەلعەتا فەرماندەی لقی سەربازی جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە غەزە هاوڕێ لەگەڵ ژنەکەی لە هێرش بۆ سەر ماڵەکەیان لە ناوچەی شوجاعیە کوژراون و دوو کوڕیان بە سەختی بریندار بوون. بەڵام هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ دیمەشق کە بە مەبەستی کوشتنی ئەکرەم ئەلعجوری ئەنجام درا شکەستی خوارد و لە بری ئەو کوڕێک و کەسێکی دیکەی بنەماڵەکەی کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەیان بریندار بوون.

هێندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن ئەکرەم ئەلعجوری فەرماندەی جیهادی ئیسلامی بووە بەڵام هێندێک لە ڕاپۆرتەکانی میدیای فەلەستین  و ئیسرائیل باس لەوە دەکەن فەرماندەی حەماس بووە.

بە ڕواڵەت بۆ ئیسرائیل کووشتنی بەها ئەبوئەلعەتا لە غەزە گرینگییەکی زیاتری هەیە. دوو حەوتوو لەمەوبەر ڕۆژنامەی جرۆزالم پۆست وێنەیەکی ناوبراوی بڵاو کردبووەوە و نووسیوی بۆ ئیسرائیل کووشتنی ئەو سێ کەسە گرینگی زیاتری هەیە و لە پێشەوەن: حەسەن نەسروڵا، قاسم سولەیمانی و بەها ئەبوئەلعەتا.

هێزەکانی جیهادی فەلەستین بە ئاگادار بوونەوە لە کوشتنی ئەو فەرماندە هێرشێکی بەربڵاوی مووشەکیان بۆ سەر تەلئەبیب و شارەکانی قوڵایی ئیسرائیل دەست پێ کردووە و بە هۆیەوە بەشێک لە ئیسرائیل بە کردەوە ژیانی تێدا ڕاوەستا. سیستەمی بەرگەری موشەکی گۆمبەزی ئاسنی ئیسرائیل بەرپەرچی هێرشە موشەکییەکانی داوەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە هەموان بخاتە خوارەوە.

چەند ساڵێک بوو کە هێزەکانی فەلەستین لە غەزەوە هێرشیان بۆ سەر تەلئەبیب نەکردبوو و هێرشە موشەکییەکانیان تەنیا بۆ سەر باشوری ئیسرائیل بوو. ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ئامادەیە هێرشەکانی  چڕتر بکاتەوە.