هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگریی و ناوخۆی سووریا بانگهێشتی هێزه‌كانی سوپای سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) و هێزه‌كانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد بۆ ئەوەى بچنه نێو ریزەکانی سوپا و پۆلیسی وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشه‌كانی توركیا.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی سووریا راگهیێندراوێكی بڵاو كرده‌وه کە تیایدا هاتووە "فه‌رمانده‌یی گشتیی سوپا و هێزه چه‌كداره‌كان ئاماده‌ن بۆ پێشوازییکردن له چه‌كداران و ئه‌و یه‌كینانه‌ی خوازیاری به‌شداریكردن و چوونه نێو ریزه‌كانی سوپان و هه‌روه‌ها ئاماده‌یه كێشه‌ی دووركهوتووان له خزمه‌تی سه‌ربازی و داواكراوه‌كان چاره‌سه‌ر بکات".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتی دیمەشق راگهیێندراوێكی بڵاو كرده‌وه و ئاماده‌باشی خۆی ده‌ربڕی بۆ پێشوازیكردن له "هه‌ر كه‌سێك كه به‌نیازی پهیوهندیكردنە به‌هێزه ئه‌منییه‌كان، به‌تایبه‌تی چه‌كدارانی ئه‌و گرووپانه‌ی كه به ئاسایش ناو ده‌برێن".
وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماده‌باشی خۆیشی راگه‌یاند بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی تایبه‌ت به كاروباری باری شارستانی بۆ خه‌ڵكی رۆژئاوای کوردستان كه به‌هۆی دۆخه سه‌خته‌كانه‌وه نەیانتوانیوە ببنه خاوه‌ن ناسنامه.