بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کوژرانی بەغدادی گورزێکى گەورەیە لە داعش

کوژرانی بەغدادی گورزێکى گەورەیە لە داعش
AvaToday caption
posted onOctober 28, 2019
noبۆچوون

سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەبوبەکر بەغدادی ڕێبەری داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیدلبی سوریە کوژرا، ئەمەش بە بڕواى زۆرێک لە شڕۆڤەکارانى سیاسى، لاوازبوونى ئەم گرووپە تیرۆریستییەى بەدوادا دێت و دەبێتە هۆى شکستى داعش و لەنێوچوونى و پەرتەوازەیی ئیماندارە جەنگاوەرەکانى.

 

پێشتر گرووپی داعش بەرپرسایەتی چەندین تەقینەوەی بە ئەستۆ گرت کە گرینگترینیان تەقینەوەکەى سەریلانکا بوو کە تێیدا ٢٥٠ کەس کوژران. ئەگەرچی دەستێوەردانەکانی داعش هەموو کات نەسەلماون، بەڵام ئەگەر پەیوەندی نیوان ئەو کەسانەی کاری تەقینەوەیان کردووە لەگەڵ داعش تەنیا ڕۆحی بێت دیسان ئەوە هەرەشەیەکی گەورەیە.

لێرەدا تیشکێک دەخەینە سەر چالاکییەکانى خەلافەتى ئیسلامى لە عێراق و شام کە بە داعش ناسراوە، لە وڵاتانى دونیا و ئەو کارە تیرۆریستانەى ئەنجامیان داوە:

 

عێراق

داعش لە عێراق بە تایبەت لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، ئەنبار، کەرکوک و نەینەوا خۆیان ڕێکخست و  بەردەوام کاری تەقینەوە، ڕفاندنی هاووڵاتیان و بۆمبیان بە ئامانجی لاوازکردنی حکومەتی ناوەندی و بەربڵاوکردنى خەلافەتەکەى خۆیان پەرە پێ دەدا. ئەندامانی داعش بە تایبەت لە گووندەکان، باخ و ڕەزی خەڵکیان دەسوتاند و باجیان لە جوتیاران وەردەگرت. لێکۆڵەران لەو بڕوایەدابوون نیزیک بە ٢٠٠٠ چەکداری داعش لە عێراق چالاک بوون.

 

سوریە

داعش لە سوریە بە تەواوى کاری تەقینەوە و بۆمبدانانەوەی ئەنجام دەدا. هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوکاری ئەمریکا توانیان کۆتایی بە ژیانی داعش بێنن. ئێستا هێزەکانی سوریەی دیموکرات باس لە بووژانەوەی داعش دەکەن و دەڵێن ئەگەری هەیە داعش زیندوو ببێتەوە.

مەترسی زیندووبوونەوەی داعش لە دوای بڕیاری چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها ڕێگەخۆشکردن بۆ هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکان ئەوەندەی دیکە زیادی کرد. لە ماوەی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، زیندانییە داعشییەکان چەندین جار هەوڵی هەڵاتنیان دا و ئامارەکان باس لەوە دەکەن نیزیکەى ٨٠٠ چەکداری داعش و بنەماڵەکانیان بە هۆی بۆردوومانی تورکیە بۆ سەر ئەو گرتووخانانەی داعشی تێدا ڕاگیرابوو، هەڵاتوون و دوای هەڵاتنیان هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تورکیە ئەوانیش بەشداری هێرش بۆ سەر کوردەکان بوون.

 

عەرەبستان

چەکدار و ئەندامانی داعش لە دوای سەرکوتی ئەلقاعیدە لە عەرەبستان، لە دژی هێزە ئەمنییەکان و بە تایبەت کەمینەی شێعەی ئەو وڵاتە دەستیان کردە تەقینەوە و بۆمبدانانەوە. دوای ئەوەی عەرەبستان بڕیاری دا بچێتە نێو هاوپەیمانی دژی داعش، بەغدادی بڕیاری هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتەی دا. بەغدادی بە ڕقەوە باسی لە چاکسازییەکانی عەرەبستان دەکرد.

 

یەمەن

داعش لە یەمەن لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ دەستی بە چالاکی کرد. دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدە لە دژی یەکتر شەڕیان کرد و بە تایبەت لە دژی شێعەکانی ئەو وڵاتە کە بە گرووپێکی لادەریان دەزانی، دەستیان لە کوشتن و بڕین نەپاراست. داعش لە یەمەن چەندین کاری تەقینەوە و بۆمبدانانەوەی ئەنجام دا، بەڵام کارناسان لەو بڕوایەدان بە هۆی بوونی پەیوەندی خیڵەکی و کۆنتر، ئەلقاعیدە لە یەمەن هەڕەشەیەکی گەورەترە.

 

نێجیریە

گرووپی بۆکۆحەرام لە ساڵی ٢٠٠٩ بەدواوە لەو وڵاتە بە تایبەت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، هێرشی زۆر و گەورەیان ئەنجام داوە. بە هۆی هێرشەکانی ئەو گرووپە، ٣٠٠٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس ئاوارە بوونە. ئەو گرووپە ساڵی ٢٠١٦ى زایینى گەشەی کرد و لایەنێکی نێو بۆکۆحەرام پەیمانی وەفاداری بە داعشی ڕاگەیاند.

 

ئەفغانستان

دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان کە خۆی بە ناوی خوراسان ناساندووە ناوی خۆی لە ناوچەیەکی مێژویی وەردەگرێت کە بەشی زۆری خاکی ئەفغانستانی ئەوڕۆ و هێندێک بەشی ئاسیای میانە لەخۆ دەگرێت. ئەو گرووپە ساڵی ٢٠١٤ لە قەندەهار ئاشکرابوونی خۆی ڕاگەیاند و ڕێبەری ئەو گرووپە پەیمانی وەفاداری بە ئەبوبەکر بەغدادی دا.

ئەو گرووپە لە ئەفغانستان هاووڵاتیانی سڤیلی دەکووشت و هەروەها لەگەڵ گرووپی تاڵیبان لەسەر بەدەستەوەگرتنی هەندێک شوێن شەڕیان لە نێوان درووست بوو. هێزەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن ڕێژەی چەکدارانی ئەو گرووپە کەمتر لە دوو هەزار کەسە.

 

سریلانکا

داعش لە سریلانکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەقینەوەکانی جێژنی پاکى ئەنجامی داوە. دەسەڵاتدارانی سریلانکا دوو گروپی ئیسلامی ئەو وڵاتەیان تۆمەتبار کرد بە پەیوەندی لەگەڵ داعش.

 

ئەندۆنیزیا

ئەندۆنیزیا پڕدانیشتووترین وڵاتی جیهانی موسڵمانانە. خەڵکی ئەو وڵاتە ئیسلامێکی نەرمیان تاقی کردووەتەوە، بەڵام ئیستا پرسی کۆبوونەوە لە دەوری داعش بووەتە پرسێکى گرنگ و وەک مەترسى سەیرى دەکەن. بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن داعش هەزاران لاینگری هەیە و هاوکات ٥٠٠ کەس لەو وڵاتەوە هاتوونەتە سوریە بۆ ئەوەى لەگەڵ خەلافەتەکەى ئەبووبەکر بەغدادى بکەون.

 

سەرچاوە:

ڕۆیتەرز