بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەردۆغان داوای ئەمریکای بۆ ئاگربەست لە سوریە ڕەت کردەوە

ئەردۆغان داوای ئەمریکای بۆ ئاگربەست لە سوریە ڕەت کردەوە
AvaToday caption
posted onOctober 16, 2019
noبۆچوون

سەرکۆماری تورکیە زۆر بە ڕاشکاوی داوای ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەت کردەوە. ئەرتەشی تورکیە و گرووپە جیهادیە ئیسلامیەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامن لە بۆردومان و هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و لە پێشهاتێکی نوێدا هێزەکانی سەر بە ڕووسیە لە منبج جێگیر بوون.

 

سەرەڕای داوای ئەمریکا لە تورکیە و گەمارۆخستنەسەر وەزیرەکانی ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند ئەو وڵاتە درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریە دەدات. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەگووترێ هێزەکانی سەر بە ئەرتەشی ڕووسیە چوونە ناو منبج. ئەردۆغان دوای سەفەر بۆ باکۆ ڕایگەیاند ئەوان داوایان لە ئێمە کردووە ئاگربەست ڕابگەیەنێن بەڵام ئێمە هیچ کات ئەو کارە ناکەین.

لە درێژەدا ئەردۆغان گووتی: ئەوان گوشاریان خستۆتە سەر ئێمە بۆ ئەوەی هێرشەکانمان کۆتایی پێ بێنین، گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێمە بەڵام ئامانجی ئێمە ڕوونە و نیگەرانی گەمارۆکان نین. سەرکۆماری تورکیە ڕایگەیاندووە ئەوان تا درووست کردنی ناوچەیەکی ئەمن لە باکوری سوریە درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن.

لە پەیوەندی لەگەڵ داوای ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشی سەربازی لە باکوری سوریە بڕیار وایە ئەمڕۆ مایک پێنس جێگری سەرکۆماری ئەمریکا و مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیە سەردانی ئەو وڵاتە بکەن. وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە مایک پێنس لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە.

هێرشی سەربازی تورکیە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان سێ ڕۆژ دوای پەیوەندی تەلەفۆنی ترامپ و ئەردۆغان دەستی پێ کرد. دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە شەشی ئۆکتۆبەر باسی لە پاشەکشێی هێزەکانی لە سوریە کرد و بەو شێوە دوای ٥ ساڵ سیاسەتی ئەمریکا لەمەڕ سوریە گۆڕانی بسەردا هات.

پسپۆڕان پێیان وایە چوونە دەری هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بەشار ئەسەد و زیادبوونی پێگەی ڕووسیە و ئێران لەو وڵاتە. بوونی ئەرتەشی سوریە لە منبج بە بەهێزبوونەوەی دەسەڵاتی ئەسەد لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. هەر ئەمڕۆ هەواڵی چوونی هێزەکانی سوریە و ڕووسیە بۆ ناو کوبانی و تەبقا لە میدیاکان بڵاو بووەوە.

 فەخرەددین ئاڵتوون، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا: ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، پێنجشەممە چاوی بە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەکەوێت". ئاڵتوون لەتوتیتێکدا باسی لەوەش کرد "بەرەبەیانی ئەمرۆ سەرۆک بەکەناڵی سکای نیوزى گووتبوو پێشوازی لەشاندی ئەمریکا ناکات، کەبڕیارە ئەمرۆ بگەنە ئەنکەرا"، گووتیشی "پلانی هەیە (مەبەست ئەردۆگانە)، چاوی بەشاندەکەی واشنتۆن بەسەرۆکایەتی پێنس بکەوێت".

دوای ئەوەی ترامپ بڕیاریدا شاندێک بەسەرۆکایەتی جێگرەکەی و وەزیری دەرەوە بۆ تورکیا ڕەوانە بکات، تاوەکو لەسەر پرسی راگرتنی هێرشە دوژمنکارەی ئەنکەرا دژی رۆژئاوا گفتوگۆ بکەن، ئەردۆگان ئاشکرای کرد پێشوازی لەو شاندە ناکات. ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی تورکیا شتێکی نوێ نیە، بەردەوام سەرەتا خۆی بەتووند نیشانداوە، بەڵام کاتێک فشارەکانی سەری تووند بوونە، پاشگەز بووەتەوەو، وای نیشانداوە کە بڕیارە دروستەکەی داوە.