بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوهەیلا میهەمى: شیعرى من شیعرێکى کۆمەڵایەتییە

سوهەیلا میهەمى: شیعرى من شیعرێکى کۆمەڵایەتییە
AvaToday caption
posted onSeptember 8, 2019
noبۆچوون

سوهەیلا میهەمى ژنە شاعیرى کورد و خەڵکى شارى قوروەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لەم ماوەیە کتێبێکى بە ناوى "باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، چاپ و بڵاو کردەوە. هەمشەهرى لەم بارەوە گفتوگۆیەکى لەگەڵ کردووە کە سەرنجتان بۆى ڕادەکێشین:

 

ـ ئەگەر بکرێت لەبارەى کتێبی "ناوى باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، قسە بکەن.

میهەمى: "باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، کۆمەڵە شیعرێکى منە بە زمانى کوردى. ئەم کۆمەڵەیە لە ٦ ساڵى هۆنینەوە و ژیان لەگەڵ شیعر کۆ کراوەتەوە و لە کۆمەڵەیەکدا چاپ و بڵاو کراون. "باڵندەییم شاشەیەکی شەترەنجی"، هەڵێنجراو و ئەزموونى ساڵیانێکە لەگەڵ دەوروبەر و کەرەستە و خەیاڵ و حەسرەت و سەرجەم ئەو ژنانەى کە توانایان بە من بەخشى و پاڵنەرم بوون بۆ نووسین. شیعرى من، ئاوێنەى کۆمەڵگەى ژنانە و بێ هیچ سنوورێکى ڕەگەزى بۆ پرس و کێشە و دڵتەنگییەکان کارم لەسەرە خەمى کۆمەڵگەى ژنان کردووە. هەروەها پرسى ئەوەى ژنانى ئێمە لە بنەماڵە و کۆمەڵگە چ کێشەیەکیان هەیە، کردووەتە هەویر و بنەماى شیعرى خۆم. لە ڕاستیدا شیعرى من شیعرێکى کۆمەڵایەتییە.

ـ چۆن لەگەڵ ئەدەبیات و شیعر ئاشنا بوون؟

میهەمى: ئەگەر بتانەوێت وەڵامێکى سەرپێی و کلاسیکتان بدەمەوە، ئەوا پێتان دەڵێم مناڵ بووم کە شیعر لە مندا چەکەرەى کرد و لە ناخمدا وەجۆش و خرۆش کەوت و منیش خستمە سەر کاغەز و ... لە ڕاستیدا کاتێک کە لە نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە و بەتایبەت ژناندا بووم و لە نایەکسانییەکان تێگەیشتم، ڕێگەیەک بۆ من نەمایەوە جگە لەوەى ببمە دەنگى ئەم ئازارە کپکراوە و لە نێو ئامرازەکانى دەربڕینیشدا وەک ئەدەبیات و سینەما و فۆتۆگرافى و .. بوارى هونەر و شیعرم هەڵبژارد. لە درێژەدا کاتێک کە فێر بووم چۆن بهۆنمەوە و فێر بووم دەبێت سوود لە وشەکان و پێویستییە تەنکیکییەکان وەربگرم، هەوڵم دا خۆم پەروەردە بکەم و فێر بکەم تا بتوانم بە وشەکانم دۆخى ژنان وەسف و وێنا بکەم، دۆخێک کە جگە لە وشە و وێنە، بوارى تێگەیشتن و بینینى نییە.

ـ لە بنەماڵەکەى ئێوە کەسانێک هەن کە لە پانتایی ئەدەبیاتدا کار بکەن؟

میهەمى: من لە فەزایەکى ئەدەبی و هونەریی تایبەت گەورە نەبوومە، بەڵام لە بنەماڵەکەمدا باوکم حەزێکى زۆرى بۆ شیعر هەبوو و لە زمانى ئەوەوە ئاشناى شیعرەکانى شاعیرگەلێکى وەک مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا قانیع بووم.

ـ ئێوە سەرەتا بە زمانى فارسى شیعرتان دەنووسى، بەڵام دواتر ڕووتان لە زمانى کوردى کرد؟

میهەمى: ڕاستە من سەرەتا بە زمانى فارسى شیعرم دەنووسى، بەڵام ئەم سەردەمە شیعرییەم لە هیچ شوێنێک چاپ نەکرد و جارى واشە لە نێو کۆڕی دۆستان و ئاشناکانم دەیانخوێنمەوە. هۆنینەوە و شیعرنووسینى ناچارى بە زمانى فارسى بۆ هەر شاعیرێکى کوردى ئێرانى دێتە پێشەوە. لەو جێگەیەى کە ئیتر پرسى زمانى ئاخاوتن و زمانى ئەندێشە و زمانى دایکى دێتە پێشەوە، وەک شاعیرێک ناتوانیت ڕوو نەکەیتە زمانى دایکیت.

زمانى دایکى، زمانى وێنا و خەیاڵ و ئیحساس و هەموو ئەو شتانەیە کە بۆ شیعر پێویستت پێیانە. ئەگەر من چەندین ساڵیش بە زمانى فارسى شیعرم نووسیبایە و شیعرەکانیشم سەرکوتوو بوونایە، دواجار من شاعیرێکى پلە دەى شیعرى ئەوڕۆى فارسى دەبووم، بەڵام لە زمانى کوردى و زمانى دایکیدا، کە وێستگەى هەموو خەیاڵ و وێناکانى منە، شیعرنووسین وەک ئاوێک، بارانبارینێک و خواردنەوەى پەرداخە ئاوێکى سازگار و بێگەردە. هەر بە هەمان ئاسانای، قسە لەبارەى دونیاى خۆم و ژنانى دەوروبەرمەوە دەکەم.

ـ چاپى بەرهەم و کتێبێک، چ ئیحساسێکى هەیە؟

میهەمى: وەک شاعیرێک کاتێک کە کتێبەکەم چاپ دەبێت، نیشانەى ئەوەیە ڕامگەیاندووە کە هەم و قسەیەکم بۆ گوتن پێیە. هەوڵ دەدەم جددى بم، باشتر بهۆنمەوە و تێڕوانینیشم بۆ کۆمەڵگە قووڵتر بکەم. من پێویستم بەم تێڕوانینە هەیە و هیوام ئەوەیە کە لەم ئاستەدا بتوانم بمێنمەوە و جدییتر و شێلگیرانەتر لە ڕابردوو، ئاسۆ و قەڵەمڕەوێکى نوێ لە ژیانى مرۆڤەکان و بەتایبەت ژنان وێنا بکەم.

ـ چۆن دەتوانن فەزاى شیعریتان بە خوێنەران بناسێنن؟

میهەمى: شیعرى من هەوڵێکە کە لە زمانى ژنێکەوە قسە لە هەموو ئاراستە و ڕەهەندەکانى ژیان و کۆمەڵگە و ڕووداوەکان دەکات و سەیریان دەکات. شاعیر (من) لە شوێنێکدا جێى گرتووە کە دەبێت لەو شوێنەدا بێت و بە تیڕوانینێکى شاعیرانە و کونجکۆڵ و هەوڵدەر دەیهەوێت هەموو ڕووداوەکانى کۆمەڵگەى ژنان هەر لە ئازار و ئەزیەتییەکانیانەوە بگرە تا کار و زەحمەت و ڕۆڵیان لە ژیان و بنەماڵە، وێنا بکات. پێویستە ئەوەش ڕوون بکەمەو کە لەم باسە و لە وەڵامى پرسیارەکان، بە هیچ شێوەیەک ئەدەبیاتم بۆ سەر ئەدەبیاتى ژن و پیاو دابەش نەکردووە و من هەروەک "ناتالى ساروت" بروام وایە کە هەرگیز نابێت ئەم دابەشکارییە هەبێت، چونکە ڕەنج و ئازارى مرۆڤەکان، ژن و پیاو ناناسێت و هونەرمەند و شاعیر چ ژن بێت یا پیاو، نابێت بەم دابەشکارییە ڕازى بێت. بۆ من گرنگە کە ڕەنج و ئازارى مرۆڤەکان وێنا بکەم و بنووسمەوە.

ـ چ بەرهەم و کتێبێکى دیکەتان لەدەستە بۆ چاپ؟

میهەمى: شیعرى زۆرم نووسین کە لەسەر دەستم ماونەتەوە. لە کاتى چاپى ئەم کتێبە شیعرییەشم کێشەى زۆرم بۆ هاتە پێشەوە کە نەدەبوو ڕووبدەن. شاعیر شیعر دەهۆنێتەوە و چیرۆکنووسیش چیرۆکەکەى دەنووسێت، ئیتر بڕیار نییە خۆشى وێنەگر و هەڵەبڕ و دیزاینەر و چاپەر و بڵاوکەرەوەى کتێبەکەشى بێت. لە کوێى دونیا وەهایە؟ ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک جێگەى دڵخوازى نووسەران نییە.

چاپەران لە ساڵانى ڕابردوو، بە باوەشى کراوە و حەزێکى زۆرەوە بەرهەمى شاعیران و چیرۆکنووسەکانیان چاپ دەکرد، کەچى ئەوڕۆ هیچ دەزگایەکى چاپ سەرمایەگوزارییان لەسەر ناکات. بەدەر لەوەى کە نووسەرەکە تازەکار یا پسپۆڕ و کۆنەکار بێت، چاپەرەکە ئامادە نییە سەرمایەگوزارى بکات و چاپى بکات و ئەم پرسەش زۆر کارەساتبارتە بۆ کۆمەڵگەى کتێبخوێنان و کۆمەڵگەیەک کە دەیهەوێت بەرهەمێکى نوێ لە شاعیر و چیرۆکنووسەکانى بخوێنێتەوە. بۆ کارەکانى ئایندەم، خوا دەزانێت کە بە چ تایبەتمەندی و چڵۆنایەتییەتیک چاپى بکەم.

مەیهەمى