بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چارەنووسى دیکتاتۆرەکان قەفەسى دادگاییکردنە

چارەنووسى دیکتاتۆرەکان قەفەسى دادگاییکردنە
AvaToday caption
گەلى ئێران دەبێت هیواى بە کەوتنى دیکتاتۆرەکان و گەیشتن بە ئازادى هەبێت
posted onAugust 19, 2019
noبۆچوون

ئەمڕۆ دووشەممە لە خەرتوومى پایتەختى سوودان یەکەم دانیشتنى دادگایی عومەر ئەلبەشیرى سەرکۆمارى پێشووى ئەو وڵاتە کە لە لایەن خەڵک و گرووپێک لە هێزە ئەمنییەکان لەسەر حوکم دوور خرایەوە، دەستى پێ کرد.

یەکەم تۆمەتیش کە ئەمڕۆ لە دادگاییکردنەکەى خرایە ڕوو، وەرگرتنى ٩٠ ملیۆن دۆلارى پارەى کاشە لە عەرەبستانى سعودیە. ئەم تۆمەتەش لە لایەن توێژەرێکى سەر کەیسى گەندەڵەییەکەى سەرکۆمارى پێشووى سوودان خراوەتە ڕوو.

فەرماندەیەکى پۆلیسى سوودان بە هەواڵدەرى فەڕەنسا ئاشکراى کردووە کە عومەر ئەلبەشیر باسى ئەوەى کردووە ئەم پارەیە لە لایەن  "هەندێک پیاوى محەمەد بن سەلمانى پاشاى عەرەبستانەوە" دراوە پێى. سەرکۆمارى پێشووى سوودان لە گەمارۆیەکى توندى ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و بە جلوبەرگى سپى و درێژى نەریتى وڵاتەکەى خۆى براوەتە دادگا و لە نێو دادگاییەکەیشدا خراوەتە نێوقەفەسى ئاسنیەوە.

بە پێى ڕاپۆرتى هەواڵدەرى فەڕەنسا، هەرکە عومەر بەشیر خراوەتە نێو قەفەسى تۆمەتبارییەوە، نێزیک و خزمەکانى لە نێو هۆڵى دادگاییەکە هاوارى "ئەڵاهوئەکبەر"یان بەرز کردووەتەوە و ئەویش بە جووڵاندنى دەست و قسە کاردانەوەى هەبووە. لەسەر بنەماى ئەو ڕاپۆرتە، تۆمەتەکانى دیکەی کە دراوەتە پاڵ عومەر ئەلبەشیر دیارى کردووە وەک "لەدەستدابوونى نایاسایی دراوى بیانى، گەندەڵى، وەرگرتنى بەرتیل و دیارى بە شێوەى نایاسایی و سوودوەرگرتنى نایاسایی لە دەسەڵات و دەزگا دادوەرییەکان و ...".

شایەنى باسە لێکۆڵەرە ئەمنییەکانى سوپاى سودان یەکسەر دواى لابردنى عومەر ئەلبەشیر لە دەسەڵات، بانگەشەى ئەوەیان کرد کە لە ماڵەکەیدا چەندین جانتاى گەورەیان دۆزییەوەتەوە کە ٦ ملیۆن یۆرۆ و ٣٥١ هەزار دۆلارى ئەمریکى و ٥ ملیۆن پۆندى سوودانى تێدا بووە.

دیکتاتۆر

ئەحمەد عەلى فەرماندەى پلەباڵاى هێزەکانى پۆلیسى سوودان لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا کە ئاشکراى کردووە، ددانى بەوەدا ناوە کە نزیکەى ٧ ملیۆن یۆرۆ و هەندێک دۆلار و پۆندیان لە نێو ماڵە تایبەتییەکەى عوکمەر ئەلبەشیر دۆزییەوەتەوە.

ئەو دادگاییەى کە بە تۆمەتەکانى سەرکۆمارى لەکارلابراوى سوودان ڕادەگات، بڕیار وایە تۆمەتەکانى دیکەى وەک "دنەدانى دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەرکوتى خەڵک، دەستهەبوون لە کوشتنى خۆپێشاندەران، پارە سپى کردنەوە و پشتیوانى ماڵى تیرۆریزم" یەک لە دووى یەکترى لەسەر بەشیر تاوتوێ بکات.

بەرپرسى لێکۆڵینەوەکەى کەیسەکە ددانی بەوەدا ناوە "تۆمەتبار بە ئێمەى گوتووە کە ئەم پارەیە بەشێکە لەو ٢٥ ملیۆن دۆلارەى کە لە لایەن محەمەد بن سەلمانى پاشاى عەرەبستانەوە نێردراوە و بڕیار وابوو وەک بودجەى دەوڵەتى سوودى لێ وەربگیردرێت". لێکۆڵەرەکە قسەیەکى عومەر بەشیرى بیر کەوتەوە کە گوتوویتى پاش وەرگرتنى ئەم بڕە پارەیە، سەرف کراوە. بەمەش گوایا سەرکۆمارى پێشووى سوودان گوتوویەتى کە نازانێت ئەم پارەیە بە چ چێوەیەک خەرج و سەرف کراوە.

عومەر بەشیر پاش ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدارى  و حوکمدارى دەسەڵاتێکى سەربازى کە لە لایەن ئیسلامگەراکانەوە پاڵپشتى دەکرا، ڕۆژى ١١ى خاکەلێوە و پاش چەندین مانگ ناڕەزایەتى و خۆپێشاندانى خەڵکى، لە دەسەڵات کەوت و لابرا.

ئەنجوومەنى سەربازى گواستنەوەى دەسەڵات کە بە بڕواى بەشێک لە شڕۆڤەکاران بە "فڕاندنى شۆڕشى گەلانى سوودان"، لە جووڵەیەکى کودەتاشێوەدا، سەرکۆمار و دەزگاى دادوەرییان لادا و بە تازەیی دەستیان کردووە بە دابەشکردنى دەسەڵات لە نێوان کەسانى مەدەنى و ئۆپۆزسیۆن.