بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە ٢١ی خەرمانان دا چی ڕووی دا؟

.
posted onSeptember 13, 2018
noبۆچوون

تیرۆری دو ڕەهەندی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی بەربڵاوی سێ سووچکەی دیاسپۆرا، رۆژهەڵات و باشوری کوردستانی بە دواوە بوو
١٧ی خەرمانان وەک ئەو رۆژە لە رۆژمێری کۆماری ئیسلامیدا تۆمار دەکرێت کە یەکێک لە گەورەترین هەڵە ئیستراتژیکەکانی ئەو دەسەڵاتە تێۆکراتیکە تێیدا ڕوویدا. هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبی دێموکڕات لە کۆیەی دڵدار بوو بە ئەو هۆکارە کۆمەڵناسیە کە کۆمەڵناسی مۆدێرن پێناسەی دەکات و بە خاڵی کاردانەوەیەکی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی نێوزەد دەکات.
کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ لە دوتوێی نافەرمانێکی مەدەنی کە وەرگێڕدراوی هەر ئەو هەست و نەستە شۆڕشگێڕانەیە کە لەلای بەشێکی هەستەکی سیاسیانی کوردستان ڕەنگە تەنیا بە ئەلف و بێی چەک و شاخ دەکرا پێناسەی بۆ کرابا.
ڕەنگە تەرازی تێکۆشانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتاڵ لەو هەڵوێستە نەتەوەیی و سیاسیانە نەبێ بەڵام ئەوەی ڕەنگ و بۆیەکی تایبەتیتری بەو لە ئەساسدا ڕێفڕاندۆمە مەدەنیەدا ئەوە بوو کە ئەوجار لە چوارچێوەی گەمەیەکی سیاسی هەرێمیدا کوردی رۆژهەڵات و نوێنەرانی سیاسی کوردی رۆژهەڵات کەوتنە جەغزی یاریەکی سیاسی و لە کۆتاییدا بە پراتیکێکی سیاسی سەرکەوتوو ئەگەرچی هێرشێکی گەلەکۆمەئاسایان کرایە سەر توانیان ئەنجامی گەمەگە لە قۆناغی یەکەم دا یەک یەک بکەنەوە و لە قۆناغی دووهەمدا حازرێتی بۆ فیناڵیکی سیاسی سەرکەوتوو بکەن کە ئەویش شکاندنی ئەو دیوارە بێ کە لە نێون کرماشان و تەنانەت ئیلام و بەشەکانی دیکەی کوردستان داندرابوو و لە لایەکی دیکەش یەک دێڕ کردنی کۆمەڵێک دێڕی داواکاری و هەروەها ورد کردنی دەزگای پروپاگاندای ویلایەتی سێدارە و شۆڕ کردنەوەی هەڵوێستی سیاسی بۆ بنج و بناوانی کۆمەڵگە و دەرگیر کردنی پانتایەکی گەورەی جوغرافیایی سیاسی حەشیمەتی کوردستان لە نێو هەڵوێستێکی سیاسیدا.
لە ئەساسدا قوربانی سەرەکی هێرشە موشەکیەکەی سەر بارەگای دێموکڕات و لە سێدارەدانی ئەو جارەی لاوانی کورد کۆماری ئیسلامی و فەرمان پێکراوەکانیان لە خۆرهەڵات بۆ لێدانی زەربە لە پەیکەرەی بزوتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان بوو. 
سوپای پاسداران لەبەرامبەر هێرشی سەر کنسولگەری ئێران  لە بەسرە و گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە دەستی بۆ کارتێکی گوشار و کاردانەوە لە پێناو پاراستنی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  برد کە لە قوڵایی خاکی داگیرکراوی ژێر دەستی خۆیدا کە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت بۆ جارێکی دیکە توشی قەیرانێکی ڕەوایی و مەشروعیەت کراوە کە لە ماوەی ٤ دەیە دەسەڵاتداری خۆیدا نەیدیبوو و ئیدی شەوی پێش ٢١ی خەرمانانی تا رۆژی گەیشتن بە روخانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو رژیمە بۆ هەمیشە دەبێ بە شەوی شەو بێداری و کابووس دیتن.
١٧ شاری خۆرهەڵاتی کوردستان مانیان گرت و دوکان و بازاڕ داخرا، لە بەشی زۆری ولاتانی ئوروپایی خۆپێشاندان کراو و بەردەرکی سەفارەتی ئێران بوو بە ناوەندی ئەکسیۆن و ناڕزایەتی و لە باشوری کوردستانیش بەر دەرگای نەتەوەیەگرتووەکان بوو بە مەیدانی دروشمی سەمبولیکی قاسملو قاسملو رێگات درێژەی هەیە.
یەکانگیری نەتەوەیی کوردانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی کردنی لە نوێنەرانی سیاسی خۆیان کە چوار رۆژ پێش ٢١ی خەرمانان موشەک باران کران و بە خاوەن دەرکەوتن لە شەهیدانی لە سێدارە دروایان وایکرد دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزوسیۆنی فارسی ئەو دەسەلاتە کە لە دژایەتی کردنی کورداندا هاوشیوەی تاران بیر دەکەنەوە کڕ و کاس بن و لە بەرامبەر ئیرادەی ڕزگاریخوازی کورد دا هێندەی دیکەش تووشی فۆبیا بن .
لە کۆتاییدا ٢١ی خەرامانان بوو بە هەوێنی بە هێز بوونی گوتاری وەحدەت و یەکگرتوویی و دوای کارەساتەکەی ١٧ی خەرمانان کوردی رۆژهەڵات جارێکی دیکە بزە بۆ لێوەکانی و هیوا بۆ دڵەکانی گەڕاوە.