"یەکەم ڕۆژی قوتابخانە کاتێ هێشتا ئاشناى یاسا و نەریتەکانی قوتابخانە نەببووم، زەنگی پشوودان کۆتایی هاتبوو و من لە حەسار بووم، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەمان کە پیاوێکی فارسزمان بوو، چەندجار بە زمانی فارسی شتێکی پێ گوتم کە من هەر لێی تێنەدەگەیشتم، بۆیە پێکەنیم بەڵام لەپڕ زللەیێکی توندی بە ڕوومەتما کێشا و کاسى کردم، دواتر بە گوێکێشکە و قسەى زبر و جنێو کە من لێیان تێنەدەگەیشتم، کێشامییە کارگێڕی قوتابخانە. لەوێ کاتێ بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە بۆمی ڕوون کردەوە، تازە تێگەیشتم کە گوتووەیەتى کاتی پشوودان تەواوە بووە و دەبێت بچیتەوە نێو پۆلەکەت".
ئەمە بیرەوەریی تاڵی منداڵێکی کوردە لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەکەی. بەوتەی ئەم کەسە کە ئێستا خوێندکارە و لە زانکۆی سنە خەریکی خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی کوردییە، ئەم بیروەرییەی قەت لەبیر ناچێتەوە و بووە بە هۆی ئەوەی پاش ۱٤ ساڵ لەو کاتەوە ئێستاش ڕکەبەریێکی لەگەڵ ئەم زمانە بێت.
ئێستاش پاش چل ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە بە پێ ئەسڵی ۱٥ی یاسای بنەڕەتی خۆیان ڕاهێنان بە زمانی دایکی لە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە و لەبری چارەسەرکردنی کێشەی زمان لە وڵاتێکی چەندین زمانەی وەک ئێران، گەڵاڵەی تاقیکارى زمانی فارسی لە ئێران خەریکە لە چەندین پارێزگا وەک ئەزموون و تاقیکاری بەڕێوە دەچێت.
بەپێ ئەم گەڵاڵەیە هەر منداڵێک پێش چوونە پۆلی یەکەمی بنەڕەتى، دەبێ ئەزموونى زمانی فارسی لەو ناوچانەی کە فارسی زمان نین وەربگیردرێت، ئەگەر منداڵانی ئەم ناوچانە توانای قسەکردن بە زمانی فارسییان نەبێت ڕەت دەکرێنەوە و وەک دواکەوتووی زەینی یا بیرکۆڵ هەژمار دەکرێن.
پسپۆڕێکی دەروونناسی لەم بارەوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتوودەی گوت "لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، منداڵێک کە چەند ساڵی سەرەتای ژیانی بە زمانی دایکی قسە دەکا و کاتی ڕۆییشتن بۆ قوتابخانە لە پڕ دەبێ بە زمانێکیتر جیا لە زمانی دایکی قسە بکا و پەروەردە بکرێت، بە جۆرێک ڕووبەڕووی توندوتیژی زمانی دەبێتەوە و هەر لێرەدا تووشی حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی کێشە دەروونییەکان و دڵەڕاوکێی دەبێتەوە. بە پێچەوانەی توێژینەوە دەروونناسییەکان و پڕەنسیبەکانی پەروەردە و ڕاهێنان کە کاریگەریی قووڵی ڕاهێنان بە زمانی دایکییان سەلماندووە، گەڵاڵەی تاقیکارى و ڕەوایی زمانی فارسی لە جێبەجێبووندایە کە بەڕاستی سووکایەتی و بێڕێزیکردنە بە ئاوەزی زیاتر لە ٦٠%ى خەڵکی ئێران کە زمانێکى جیایان لە زمانی فارسی هەیە."
ئەم خوێندکارە کە بیرەوەرییەکەی خۆی دەگێڕایەوە گوتی "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین وتار و ڕاپۆرتم لەسەر تاقیکاری و ڕەوایەتى زمانی فارسی چاو پێکەوتووە، ئەزموونی تاڵی من ئێستا خەریکە پێش لە ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە و ئەم جارە لە ئاستێکی بەربڵاودا لە ئێران و بۆ نەتەوە بندەستەکان دووپات دەبێتەوە. دەیانهەوێ بە شێوەی یاسایی لە مافی سەرەکی و ئینسانی خۆمان بێبەشمان بکەن و پاش ئەو هەموو پەتپەتێنە کە دەسەڵاتە پاوانخوازەکانی ئێران بەسەر نەتەوە بندەستەکانیان هێناوە، ئەمجارە بە دواکەوتوویی زەینی سووکایەتیمان پێ بکەن، ئەمەش بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێت."
عەقیل دغاقلە، توێژینەری کۆمەڵایەتی لەم بارەوە دەڵێ "ئاشنانەبوون بە زمانی فارسی لە تەنیشت بیرکۆڵى و کێشەگەلێکی وەک کێشەی بینایی و کێشەی بیستن دادەنرێت و سەیر ئەوەیە لە ژێرناوی دادپەروەری ڕاهێنانیش بەڕێوە دەچێت و سەیرتر ئەوەیە کە بەوتەی جێگری ڕاهێنانی سەرەتایی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنان، ئەم گەڵاڵەیە بە هاوکاری ڕێکخراوەی پەروەردە و ڕاهێنانی ڕیزپەڕەکان (استثنایی) ئەنجام دەدرێت کە ئەرکی پێڕاگەیشتن بە قوتابیانی لاواز و دواکەوتووی زەینی، کێشەی تایبەتی فێربوون، کێشەی ئاکاری و هەیەجان، کێشەی جەستەیی ـ جووڵە و یان کێشەی بیستن و بینینیان هەیە."
بە پێی تاقیکاری و پشکنینەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا ئەم گەڵاڵە لە قوتابخانەکانی کوردستان بەڕێوە نەڕۆییشتووە بەڵام لە چەندین قوتابخانە لە شارە تورکزمانەکانی پارێزگای ورمێ و ئەردەبێڵ لە جێبەجێبووندایە کە ڕەنگە وەک ئەزموون و دەسپێک بۆ دیاریکردن و خەمڵاندنی کێشەکانی ئەم گەڵاڵەیە لە قۆناغی سەرەتاییدا بێت.
لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکان کە لەبواری ڕاهێنان لە ئاستێکی بەرز و پێشکەوتوودان، چارەسەری ئەم کێشانە لە بەفەرمیناساندنی زمانە جۆراوجۆرەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ڕاهێنان و پەروەردەکردنی منداڵان بە زمانی دایکیان لە پۆلەکانى سەرەتاى قوتابخانە دەناسن و پاشان وردە وردە ڕاهێنان بە زمانی دووەمیش دەست پێ دەکەن کە دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بە وڵاتانی کەنەدا و سویسرا بکەین.
ئێستاش تەنیا ڕێکاری چارەسەری ئەم کێشەیەش لە ئێراندا کە وڵاتێکی فرە زمان و کەلتوورە، چەندزمانەکردنی سیستەمی پەروەردە ڕاهێنانە و بوونى هەر گەڵاڵە و ڕێکارێکیتر بەدەر لەمە شکست و دووبەرەکیی زیاتر لە نێو گەلانى ئێرانی بەدوادا دەبێت.