ئەوڕۆ ١٨ی خەرمانان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە ڕاگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە دوو پێشمەرگەیان کە لە شەڕەکەی کێلەشین بە دیل کەوتبوونە دەستی هێزەکانی سوپای پاسداران، شەهید کراون.
ڕێکەوتی ١٩ لەسەر ٢٠ی مانگی گەلاوێژ، تێکهەڵچون لە نێوان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسداران لە ناوچەی کێلەشینی شنۆ بووە هۆی شەهیدبوونی ٦ کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران لەو شەڕەدا کوژران.
هەر لەو شەڕەدا دوو پێشمەرگەی حدکا بە ناوەکانی ئەحەد شەباب خەڵکی مەهاباد و ناسر عەزیزی خەڵکی شنۆ بە برینداری کەوتبوونە دەست هێزەکانی سوپای پاسداران و بە پێی ڕاگەیێندراوی حدکا "هاوکات لەگەڵ هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگای دیموکراتەکان و لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە ئێعدامی کورد لە رۆژی ١٧ی خەرمانان، ئەو دوو پێشمەرگەیەى حدکاش شەهید کراون".
ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامی دوێنێ کاتژمێر ١٠:٤٥ بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٨ خەرمانان، بارەگاى هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ى لە قەزاى شارى کۆیەى سەر بە پارێزگاى هەولێر مووشەکباران کرد و لە ئەنجامدا ١٦ پێشمەرگەى هەردوو حیزب (١٤ پێشمەرگە لە حدک و ٢ پێشمەرگە لە حدکا) شەهید بوون کە 4 ئەندامی سەرکردایەتی حدکیان تێدایە بە بەناوەکانی "سوهەیلا قادری، هاشم عەزیزی، ڕەحمان پیرۆتیو ئیبراهیم زیوەیی" شەهید بوون و زیاتر لە 35 کەسی دیکەش بریندار بوون کە "مستەفا مەولوودی سکرتێری ئێستاى حدک و خالید عەزیزی سکرتێری پێشووى ئەم حزبەى تێدایە.