بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕەحیم فەرەهمەند: بۆ دۆخى ئێران ناسینى مافی نەتەوەکان و فیدڕالیزم وەڵامدەرەوەیەکى باشە

ڕەحیم فەرەهمەند: بۆ دۆخى ئێران ناسینى مافی نەتەوەکان و فیدڕالیزم وەڵامدەرەوەیەکى باشە
ئەم بەرە لە تارانە و ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا دامەزراوە
گفتوگۆى تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى لەگەڵ ڕەحیم فەرهمەند ـ سەرۆکى تازەهەڵبژێردراوى بەرەى یەکگرتووى کورد
posted onJuly 30, 2018
noبۆچوون

 

بەرەى یەکگرتووى کورد کە ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا و لەسەر دەستى ئەندازیار  بەهادینى ئەدەب کە ئەندام پەرلەمانى ئێران بوو دامەزرا و ڕۆژى شەشى گەلاوێژى ئەم ساڵ پێنجەمین کۆبوونەوەى گشتى خۆى لە تاران ئەنجام دا. ئاڤاتودەى بە پێویستى زانى کە لەم بارەوە گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕەحیم فەرەهمەند سەرۆکى تازە هەڵبژێردراوى ئەو بەرەیە ئەنجام بدات:

 

ئاڤاتودی: ئەو ئاڵوگۆڕانە چین کە لە پێنجەمین کۆبونەوەی بەرەی یەکگرتوی کورددا کاریان لەسەر کرا؟

ڕەحیم فەرەهمەند: بە پێی بڕیاڕاتی ئەساسنامە، هەڵبژارنێکی نوێ کرا و دەبیر و سکرتێر و ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵبژێردرانەوە و هەروەها بڕیار درا بەرپرسی هێندێک لە کۆمیتەکانی بەرە بە پێی پێویست دەستنیشان بکرێن، لە لایێکی دیکەوە بەرە بە دەرککردن بە بارودۆخی ئەوڕۆی کورستان کە لە ئاڵوگۆڕە گشتییەکانی ئێرانەوە کاریگەرى وەردەگرێ و هەروەها ئەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە و سیاسەتە جیهانییەکان بۆ دروستکردنی ئاڵۆگۆر لە ناوچەکەدا بە پێویستی زانی هەستیاری ئەو بارۆدۆخە پتر بخاتە بەر باس بۆ ئەوەی بزانین دەسکەوت و هەڕەشەکانیان بۆ سەر خەڵکی کورد چییە.

 

ئاڤاتودی؟ ئەو پڕۆژانە چین کە لە کۆبوونەوی بەرەدا قەراریان لەسەر درا بۆ ئەوەى ببنە بەرنامەی کاری ئێوە؟

ڕەحیم فەرەهمەند: بەشێک لەو پڕۆژانە دروستکردنی ئاڵۆگۆڕن لە ڕێکخستنى بەرەدا بۆ ئەوەی بتوانین وەک بەرە پێوەندییەکانمان لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرفراوانتر بکەین، لە ڕاستیدا پەوەندی ئێمە لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵات بەرتەسکە کە هۆکارەکەی لاوازی خۆمانە و پاشان ئەو گوشارە زۆرە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە لەسەرمانە، بۆ نمونە لە دوو مانگی ڕابردوودا کە بەرە بە هیوای پێکهێنانی کۆبونەوەبوو، گوشارێکی زۆرمان لەسەر بوو تا ئەو ڕادەیە کە ڕێگای هاتوچۆیان لێ قەدەغە دەکردین. ئەو گوشارانە تا ڕادەیەک زۆر بوون کە چەند ئەندامێکمان نەیانتوانی لە کۆبوونەوەدا بەشدار بن و لە چوارچێوەیەکی گشتیدا ئێمە ئەو هەوڵانەی ئەو دەزگایانەمان پێ نایاساییە.

 

ئاڤاتودی: ئێوە لە بەیاننامەکەتاندا باسی ئەوەتان کردووە کە هێڵە یاساییەکان تێناپەڕێنن؟

ڕەحیم فەرەهمەند: ئەوە شتێکی حاشا هەڵنەگرە کە ئێمە یاساکان تێناپەڕێنین، ئێمە لە نێو چوارچێوەی جوگرافیای کۆماری ئیسلامی دەژین، بە یاساکانی ئێرە قەزاوەت دەکرێین، دادەمەزرێین، کار دەکەین ، هەڵسوکەوت دەکەین. ئەگەر کەسێک ڕەخنەمان لێبگرێ بۆ ئاوان، ئێمە دەڵێین ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگایەین و دەبێ لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی وڵاتەکەماندا هەڵسوکەوت بکەین، تەنانەت لە کاتی وەرگرتنی ناسنامە بۆ منداڵەکانماندا.

 

ئاڤاتودی: بۆ وێنە بە جیاوازی لەگەڵ جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح کە دەستیان ئاواڵەیە و کار دەکەن گوشارێکی زۆرتان لەسەرە؟

ڕەحیم فەرەهمەند: زۆر لایەن دەستیان ئاواڵایە، دەسەڵات دەڵێ نابێ ئێوە ناوتان بەرە بێ و نابێ نێوی کوردیش بێنن، لە کاتێکدا زۆر لایەن وەک بەرە کار دەکات کە ئیزنی یاساییان نییە و هیچ کارێکیش ناکەن، تەنیا لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بەرانە کەڵک وەردەگرن.  لە ڕاستیدا تێنەگەیشتن و بێ باوەڕی دەسەڵات بە پێکهاتە نەتەوەییەکان و ئایینەکانی ئێران هەیە، بەرەی کورد ئیدۆلۆژیک و مەزهەبی نییە و هەموو بیروباوەڕێک دەتوانێ لە نێو ئێمەدا جێ بگرێت. دەسەڵات دەیهەوێ ئێمە مەزهەبی بین و لەو نێوەشدا مەزهەبێکی تایبەتی، لە لایەکی دیکەش لە گەڵ جەریانە دینییەکان پێمانخۆشە پێوەندیمان هەبێ و پیکەوە کار بکەین بەڵام ئەوەی کە دەسەڵات ڕێگەی کارکردن بە دەعوەت و ئیسلاح دەدات ڕەنگە بەهیوا بن خەڵکانیک زەق بکەنەوە دژی لایەنێکی دیکە کە ئەوە جێگای مەترسی و گوومانە، لە لایەکی دیکە ئەهلی سوننەت لە ئێراندا ڕیزی لێ ناگیرێ و ئێمە هیوادارین لایەنی دەعوەت و ئیسلاح لە هەوڵەکانیاندا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئەهلی سوننەت سەرکەوتوو بن.

 

ئاڤاتودی: بەڕێز فەرەهمەند ئەساسەن بەرەی یەکگرتووی کورد پرسیاری "کورد کێیە" چۆن دەهێنێتە گۆڕێ؟

ڕەحیم فەرەهمەند: کورد وشە و واژەیەکی یەکجار بەر بڵاوی مێژوییە، بە بڕوای ئێمە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆڕی مادەوە کورد بەشێکی بەرچاوی جوگرافیای سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەستەوە بووە، ئێستا ئەو کوردانە بە پێی هێندێک ئاڵۆگۆری سیاسی و هێندێک هاوپەیمانی دژە مرۆڤانەی دەوڵەتانی ئێران و دەوڵەتانی ناوچە و زلهێزەکان دابەش کراون بە سەر چەندین پارچە جیا لە چواربەشە سەرەکییەکە.

 

ئاڤاتودی: لە دۆخی ئاڵۆز و پڕکێشمەکێشمی ئێستای ئێران، گەلی کورد چۆن تەعبیر لە ویستەکانی خۆی بکات؟

ڕەحیم فەرەهمەند: ئێمە پێمان وایە کوردستان یەکێکە لە ناوەندەکانی گۆڕانکاری ناوچە و ئەوە هەستیاری پرسی کورد زیاتر دەکات.

 

ئاڤاتودەى: ئێستا،لە نیوخۆی ئێران ئەو پرسە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە جێگای باسە کە داهاتوو چۆن دەبێ؟

ڕەحیم فەرەهمەند: ئێستا هێزە ناوچەیی و نەتەوەییەکان و تەنانەت ئێرانیش پڕۆژەی بۆ ئێمە هەیە، ئێمە ئەوانە وەک هەڕەشە دەبینین، لەبەر ئەوەی کورد نایەکگرتوو و پێکنەهاتوویە، هەر بایەک و هەڕەشەیەکی سوکەبار ڕەنگە ماڵوێرانی بۆ کورد تێدابێ. ئیمە لە ساڵی ٥٧ی هەتاویدا بە هۆی ئامادەنەبوونی نێوخۆیی خەسارێکی زۆرمان دیت کە چل سالە تەحەموولی دەکەین.

 

ئاڤاتودی:  پێتان وایە کورد وەک ژیانی سیاسی لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا بەشی وەک بەشی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ بێت؟

ڕەحیم فەرەهمەند: لە ڕاستیدا ئەو دۆخە وەک شمشیری دێمۆکلیتیس لەسەر ملی کوردە لەبەر ئەوەی هیچ کام لە هێزەکانمان بەرەو ئەوە نەچوون کە یەکدەنگییەکی نەتەوەیی هەبێت کە ئەوە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر نەتەوەی کورد، لاوازیی ڕێکخراوەکانی کورد لە دووژمنان پتر خەساری بە کورد گەیاندووە. ئێمە بڕوامان هەیە دەبێ لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران هاوپەیمانیمان هەبێ چونکە کورد بە تەنیا لە ئێران ئاڵوگۆری پێ دروست نابێت، پڕۆژەی کۆتایی ئێمە ئەوەیە، ئەو سانتڕالیزمەی لە ئێراندا هەیە لەسەردەمی مەشڕوتەوە تا ئێستا بێجگە لە خەسار هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئێران نەبووە،  بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێ مافی نەتەوەکان بە ڕەسمیەت بناسرێت بۆ ئەو مەبەستەش فیدڕالیزمێکی ڕیکوپێک دەتوانێ زۆر وەڵامدەر بێت.