بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کێشە شاراوەکانی ڕوسیە و ئێران لەمەڕ سوریە ئاشکرا دەبن

کێشە شاراوەکانی ڕوسیە و ئێران لەمەڕ سوریە ئاشکرا دەبن
AvaToday caption
posted onMay 4, 2019
noبۆچوون

 

لێکۆڵەر و شرۆڤەکاران دەڵێن موسکۆ و تاران لەسەر ئەوەی کامیان زۆرترین کاریگەریان لەسەر بەشار ئەسەد هەیە زۆر بە تووندی خەریکی کێبەرکێن و ئەوە ڕەوتی کۆتاییهێنان بە شەڕە نێوخۆییەکانی سوریە ئاڵۆزتر دەکاتەوە.

 

لێکۆڵەران باوەڕیان وایە، ڤلادمیر پۆتین و ئێرانییەکان دەیانهەوێ خۆیان وەک براوەی سەرەکی ئەو کێشانە بناسێنن کە نیو ملیۆن کوژراوی لێکەوتووەتەوە و بەو شێوە لە بەرژەوەندییە ژئۆستراتژیک و بازرگانییەکانی پێوەندی لەگەڵ بەشار ئەسەد بەهرەمەند بن. لەو نێوەدا مانۆرەکانی پشت پەردە و ڕاپۆڕتە ناوچەییەکان باس لەوە دەکەن تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی لاینگری ڕووسیە و ملیشیاکانی لاینگری کۆماری ئیسلامی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە ڕووی لە زیادبوونە.

سوریە و ڕوسیە و ئێران

بە باوەڕی هێندێک لە دیپلۆماتەکان، جێگۆڕکێکردن لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوە ئەمنییەکانی سوریە لە چەند مانگی ڕابڕدوو ئەنجامی گوشارەکانی ڕووسیە بۆ لاوازکردنی ماهیری برای بەشار ئەسەدە کە بە لاینگری ئێران ناسراوە. ملیشیا سەربازییەکانی لاینگری تاران مۆسکۆ بەوە تاوانبار دەکەن کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە ئیسرائیل بۆ سەر خاڵە سەربازییەکانی ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕووسیە ئەنجام دراوە. ئەو سکاڵایانە لە میدیاکانی ئێران ڕەنگی داوەتەوە.

ڕەفعەت ئیبراهیم ئەلبەدەوی بەم دواییانە لە ڕۆژنامەی سوری "ئەلوەتەن" مۆسکۆ و تارانی بەوە تاوانبار کردووە کە هەردولا وەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەون تەنانەت ئەگەر بە نرخی ئازاری خەڵکی سوریە ببێت. ئەلبەدەوی لە درێژەدا دەنووسێت تاران هەوڵ دەدات دیمەشق و ئانکارا لێکتر نیزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی یەکیەتییەکی ناوچەیی لەگەڵ ئێران پێک بێنن و لە بەرامبەردا ڕووسیە سوورە لەسەر لاوازکردنی ئێران لە سوریە و داوای لە ئەسەد کردووە لە عەرەبستان نیزیک ببێتەوە. سەفەرە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێبەرانی دوو وڵات بۆ ئەم مەبەستە دەگەڕێتەوە.

 

خاوەنی ڕۆژنامەی ئەلوەتەن ڕامی مەخلوف کوڕەخاڵی بەشار ئەسەدە

روسیە و ئێران و سوریە

ڕووسیە دەیهەوێ پەرەپێدان بە سەرچاوە گازی و نەوتییەکانی سوریە لە پاوانی ئەوان دابێ  و هەروەها بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە پشکی ئەو لە ئێران زیاتر بێت. هەر لەو پەیوەندییەدا مۆسکۆ سەرقاڵی واژووکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانییە بۆ بە کارهێنانی بەندەری تەرتوس شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە سەربازییەکانی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ.

لە لایەکی دیکە ئێران دەستیکردووە بە لێدانی هێڵێ شەمەندەفەری تاران بۆ دیمەشق لە ڕێگەی عێراقەوە. دەوڵەتی سوریە گوتویەتی بە تەمایە بەندەرێکی دیکە لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و لە لازقیە بە کرێ بدات بە ئێران. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریە، کۆماری ئیسلامی ٧ ملیارد دۆلار پوڵی داوە بە ڕژیمی بەشار ئەسەد. ئێران و سوریە پێنج ڕێککەوتنیان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، کانزای فوسفات و کۆنترۆڵ کردنی کەرتەکانی تەلەفۆن واژوو کردووە. ئەگەرچی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیە نەشکاوە بەڵام کێبەرکێی ئەو دوو وڵاتە زیادی کردووە.