بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان: ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو ڕیزەکانمان زۆر زیادى کردووە

حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان: ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو ڕیزەکانمان زۆر زیادى کردووە
ستەمى کۆمارى ئیسلامى و خەباتى چەکدارى و بێکارى هۆکارى سەرەکین بۆ ئەوەى لاوان ببنە پێشمەرگە
posted onJuly 28, 2018
noبۆچوون


ئێستاى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە چاو ئەم دوو دەیەى ڕابردوو باشتر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان بە هیواتر بوونە، بەتایبەت ئەم هیوایە لە پاش هاتنى دۆناڵد ترامپى سەرۆککۆمارى ئەمریکا گەورەتر بووە. جووڵە و چالاکییەکى پێشمەرگەکانى ئەم حیزبانە زیاتر و ئەمەیش هۆکارە بۆ ئەوەى کە لاوى زیاتر لە ناوخۆى ڕۆژهەڵاتەوە ڕووبکەنە نێو ڕێکخستنەکانى ئەو حیزبانە.

 

لاوان زیاتر دەبنە پێشمەرگە:

تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى پەیوەندى بە سەرجەم ئەو حیزبانەوە کرد بۆ دەرخستنى ڕێژەى هاتنى پێشمەرگە بۆ نێو ڕیزەکانیان و زیادبوونى ژمارەى لاوانى پێشمەرگە.کاوە گوڵ محەمەدی، فەرماندەی نیزامی گوردانی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێرانیش لەسەر هەمان ڕا بوو کە ڕێژەی هاتنی خەڵک بۆ نێو حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان کە لە باشوورى کوردستان دانیشتوون، زیادی کردووە".

عەبدوڵا ئازەربار، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وردتر لەسەر وەرگرتن و هاتنى لاوانەبۆ نێو ڕیزى حیزبەکەیان قسەى کرد و گوتى " ئێمە ساڵانی ڕابردوو هەر سێ مانگ چوار مانگ جارێک پەلێکمان چەکدار دەکرد، بەڵام پاش مانگی بەفرانبار هاتنى لاوان زیاتر بووە. سەرەرای ئەوەی فیلتەرکانمان بۆ وەرگرتنی پێشمەرگە قورسترن، واتە جاران لە هەر سێ کەس یەک کەسمان وەر دەگرت، بەڵام ئێستا بە ڕێنماییەکانى وەرگرتن چووینەتەوە و قورسترمان کردوون، بەڵام شاهێدین بە گشتى ڕووتێکردنەکە زیاتر بووە".

کاوە بەهرامى فەرماندەى هێزەى پێشمەرگەى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران تایبەت بە ئاڤاتودەى باسى لەوە کرد کە ئەوان لە حیزبەکەیاندا وردتر و جدیتر کاریان کردووە لەسەر وەرگرتنى پێشمەرگە و وەک نەریتێک بەردەوام لە دەورە سیاسی ـ نیزامییەکانیاندا لاوەکانیان ڕاهێناوە، "بەڵام بۆ حیزبەکەى ئێمە هاتنى لاوان بۆ نێو ڕیزەکانمان دوو هێندە زیادى کردووە و ئێستا لاوانێکى زۆر ڕوو دەکەنە نێو حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران".

بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندى بە باران بێریتان وتەبێژى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک)ـەوە کرا، بەڵام ڕاستەوخۆ گوتبووى "ئێمە قسە بۆ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ناکەین".

ئاڤاتودەى پەیوەندى خەلیل نادرى وتەبێژى پارتى ئازادى کوردستان (پاک) ـەوە کرد و ئەمیش هاوڕاى حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانى دیکە باسیان لەوە کرد کە "ڕێژەى هاتنى کوڕان و کچان بۆ نێو پارتى ئازادى کوردستان لە چاو ساڵان زۆر زیادى کردووە و ئێمە بە بەردەوامى خەریکى ڕاهێنانیانین".

کارۆ ڕەسوڵی جێگری کومیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لەم بارەوە گوتى "لە ڕاستیدا هاتنی خەڵک بۆ نێو حیزبەکان بە ساڵ کەوتووە، واتە وا نییە کە بڵین لەبەر ئەوەى ئەمساڵ شتێکی تایبەت لە گۆڕێدایە ئیتر ڕێژەی هاتنی خەڵکی زیادی کردووە، دوو ساڵ پێشیش ڕێژەکە زیاد بوو، ساڵى پار بڕێک کەمتر بوو و ئەمساڵیش باشترە، بەڵام وا نییە بڵێن لە بەر خاتری شتێی دیاریکراو زیادی کردووە.",

هۆکارى زۆربوونى بوونە پێشمەرگە:

کاوە گول محمەمەدی لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران، خراپى بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگای ئێران و پاڵەپەستۆى کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکى بە هۆکارى سەرەکى زانیوە لەوەى کە لاوانێکى زۆرتر لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕووبکەنە نێو ڕیزەکانى حیزبەکەیانەوە و هۆکارى دووەمیشى وەها باس کرد کە ئێستا "لاوانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زیاتر بە چالاکی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان ئاشنان و قبوڵى ئەو چەوساندنەوە و میلیتاریزەکردنەی کوردستان لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە ناکەن، بۆیە زیاتر ڕوودەکەنە نێو حیزبە کوردییەکانەوە".

خەلیل نادرى لە پارتى ئازادى کوردستان (پاک) هۆکارى هاتنى ڕێژەیەکى زۆرى لاوان بۆ نێو ڕیزەکانیان بۆ ئەوەى کە "لە چوار ساڵى ڕابردوودا پاک دژ بە داعش لە هەرێمى کوردستان شەڕى کرد و ئەمەیش هاندەرێک بوو بۆ لاوان تا بێنە نێو ڕێکخستنەکانمانەوە" و هۆکارى دووەمیشى بۆ چالاکى و جموجۆڵى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد لە ڕۆژهەڵات گەڕاندەوە کە ئەمساڵ بەرچاوترە لە جاران.

کاوە بارامى لە حیزبی دیموکرانى کوردستانى ئێران، هۆکارى زیاتربوونى پێشمەرگەى گەڕاندەوە بۆ ئەو چالاکییانەى کە حیزبەکەیان لە ژێر ناوى "ڕاسان" لە نێو خۆى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەنجامى دەدەن و ئەمەیش "هۆکارى سەرەکییە لەوەى کە لاوانى ڕۆژهەڵات دڵیان لەم چالاکیانە و بینینى پێشمەرگە خۆشە و ئامادەبوونى پێشمەرگەکانمان دڵگەرمییەکى باش و هیوایەکى گەورەیان خستووەتە نێو دڵى لاوان و خەڵک بە گشتییەوە و بۆیە بۆ بەشداربوون لەم ڕاسانە پەیتا پەیتا پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دێنە نێو ڕێکخستنەکانى حیزبەکەمانەوە".

کارۆ ڕەسوڵى لە حیزبی دیموکراتى کوردستان، پێى وابوو کە لە وەرزى بەهار بەولاوە کە وەرزی خەبات و تێکوشانە خەڵک وردە وردە ڕوو دەکەنە حیزبەکان، بەڵام ئەمساڵ بە هوی گرتنی سنوورەکان و نەبوونى کاروکاسبى ڕێژەکە کەمێک زیادی کردووە و "بارودۆخی خراپی ئابووری ئێرانیش هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی هاتنی خەڵکە بۆ ڕێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە"، بەڵام ئەم جێگیرى کۆمیتەى ئەمنیەتەى حدک ئەوەشى نەشاردەوە کە خراپى دۆخی ئابووری باشووری کوردستان و داخرانی ڕێگاکانی ئەوروپا دەکرێت هۆکارێکی دیکەی هاتنی خەڵک بێت بۆ نێوە حیزبەکەیان، واتا لاوانێک کە تا دوێنێ بۆ کار لە هەرێم کوردستان نیشتەجێ دەبوون و یا دەهاتنە هەرێم بۆ ئەوەى بە ڕێگەى قاچاخ بچنە ئەوروپا، ئێستا ڕوو لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکەن (واتە بە مەرام و ویستى بوونە پێشمەرگە ڕوو لەو حیزبانە ناکەن).

 

ڕێژەى زیادبوونى پێشمەرگە:

▫️ خەلیل نادرى (پاک): ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو حیزبەکەیان لەسەدا ٦٠ زیادى کردووە.

▫️  کارۆ ڕەسوڵى (حدک): ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو حیزبەکەیان لەسەدا ٢٠ زیادى کردووە.

▫️  بە پێى قسەى کاوە بەهرامى (حدکا): ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو حیزبەکەیان لەسەدا ٥٠ زیادى کردووە.

▫️  عەبدوڵا ئازەربار (کۆمەڵەى زەحمەتکێشان): ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو حیزبەکەیان لەسەدا ٢٠ زیادى کردووە.

▫️  بە پێى قسەى کاوە گول محمەمەدی (کۆمەڵەى کۆمۆنیست): ڕێژەى هاتنى لاوان بۆ نێو حیزبەکەیان لەسەدا ٢٥ زیادى کردووە.

 

ئەم ڕێژانە بە پێى ژمارەى پێشووى ئەو کەسانە بووە کە ڕووى کردووە نێو حیزبەکانەوە. بۆ نمونە ئەگەر لە شەش مانگى پێشوودا حیزبێک ١٥ کەس ڕووی تێ کردبن و دەورەیان بینیبێت و بووبێتنە پێشمەرگە، ئێستا ئەو ژمارەیە بووبێتە ٢٠ کەس، ئەوا سەدا ٢٠ى ئەو ژمارەیەى پێشوو زیادى کردووە، بۆیە ئەو ڕێژانەى سەرەوە لەگەڵ یەکترى بەراورد ناکرێن و دەشێت سەدا ٢٠ى حیزبێک دوو هێندەى سەدا ٦٠ى حیزبێکى دیکە بێت!