بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دەستپێکردنەوەى فێسیتڤاڵى شانۆ پاش وەرگرتنەوەى شارەوانى ئامەد لە لایەن هەدەپە

دەستپێکردنەوەى فێسیتڤاڵى شانۆ پاش وەرگرتنەوەى شارەوانى ئامەد لە لایەن هەدەپە
AvaToday caption
posted onApril 28, 2019
noبۆچوون

 

دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی بە هۆی دەستبەسرداگرتنی شارەوانی و هۆڵە فەرهەنگییەکانی شارەکانی کوردستانى باکوور، جارێکی دیکە فێستیڤاڵى شانۆی ئامەد و دوای بەدەستخستنەوەی شارەوانی ئەو شارە لە لایەن هەدەپە، دەست بە کار دەکاتەوە. حەوتەمین فێستیڤأڵى شانۆی ئامەد لە ڕۆژانی ٦ هەتا ١٥ بانەمەڕ لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بەڕێوە دەچێت.

 

سەرەتاى فێستیڤاڵەکە کە بە درووشمی "حەقیقەت ئازادییە" دەست بە کارەکانی دەکات، ١٢ شانۆ لە شارەکانی وان، ئیستانبوڵ، ئامەد و دیاربەکر لەخۆ دەگرێت و نمایش دەکرێن. ساڵانی پێشوو لە لایەن شارەوانی ئامەد لە قەبارەیەکی گەورەتردا و لە هۆڵە مۆدێرنەکانی ئەوشارە فێستیڤاڵەکە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە سێ ساڵ لەوە پێشەوە و دوای دەستبەسەرکرانی زۆربەی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی و دیاریکردنی کەسانێک لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ بەڕێوەبردنیان هەموو چالاکییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی ئەو شارەوانیانە وەستا و هۆڵەکان یاخود داخران و یان بۆ کاری دیکە بەکارهێندران.

شانۆى ئامەد

دوای ئەو ڕووداوانە لە هۆڵی فەرهەنگی جگەرخوێن پاش ئەوەی ناوی هۆڵەکە لە لایەن حکومەتەوە گۆڕا دەستکرا بە پڕوپاگەندەی دینی و  و ئیسلامی تێیدا و حیزبی ئاکپارتی بە گشتی لە هەموو هۆڵە فەرهەنگییەکانی باکور برەوی بە کاری پڕوپاگەندەی دینی و ئیسلامیدا. دوای هەموو ئەو ڕووداوانە گرووپی شانۆی ئامەد بە شێوەی سەربەخۆ درێژەی بەکارەکانی دا و لە ساڵی ڕابردووە بە پشتیوانی خەڵک و درووست کردنی هۆڵی نمایش چالاکییەکانی دەست پێ کردەوە.

هەڵبەت سرەنجدان بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییەی تورکیە و باکووری کوردستان و بە دەستخستنەوەی شارەوانی زۆربەی شارە کوردەکان لە لایەن هەدەپە پێشبینی دەکرێت چالاکییە فەرهەنگی و هونەری شارەوانییەکان دەست پێ بکاتەوە و فێستیڤاڵى شانۆی ئامەد گەرموگوڕتر لە جاران درێژە بەکارەکانی بدات.

لەم خولەی فێستیڤاڵى ئامەد شانۆی "جل پشتەکان" لە نووسینی حوسێن فەزڵوڵاهی و لە دەرهێنەری ئومێد خاکپور و بە ڕۆڵگێرانی ئەسرا کاکەڕەش و ئومێد خاکپور لە لایەن گرووپی شانۆی ئەهورای مەهاباد ڕۆژی یەکشەممە ٩ بانەمەڕ دەچێتە سەر سەحنە و نمایش دەکرێت.

 

سەرچاوەى ڕاپۆرتە هەواڵ: ماڵپەڕى هونەرى بینەر