بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

حەشدی شەعبی بە پاڵپشتى ئێران دروست بووە

حەشدی شەعبی بە پاڵپشتى ئێران دروست بووە
AvaToday caption
posted onApril 23, 2019
noبۆچوون

 

ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکى دەستەى ملیشیاکانى حەشدی شەعبی عێراق، ئاشکرای دەکات "ئێران و حزبوڵای لوبنانی، لە قۆناغەکانى سەرەتایی دروستبوونى حەشدى شەعبی هاوکار و پاڵپشتمان بوون".

 

موهەندیس، یەکێکە لە پیاوە نزیکەکانى ڕژێمى ئێران و قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى سەر بە سوپاى پاسداران، لە بەرنامەیەکى دیکۆمێنتاری کەناڵى (العالم)ـى عەرەبی کە هى ئێرانە، ئاماژەى بەوە کردووە "بە هاتنى داعش، مەترسییەکی ڕاستەقینە لە کەوتنى بەغدا هەبوو و هەڕەشەیەکى گەورەش لەسەر شارە پیرۆزەکانی کەربەلا و نەجەف بوو و بەرگرییەکى ڕاستەقینەو بەهێزیش نەبووە، بۆیە فەتوا دەرکرا و حەشدی شەعبی دروست بوو وەک پێویستییەکى گەورە بۆ هێزى بەرگرى لە عێراق".

سولەیمانى لە نێو حەشد

پیاوەکەى تاران لە عێراق، ڕاشیگەیاندووە "لە فەتواکەى سیستانی سێ هۆکار هەبوون بۆ دروستبوونى حەشدی شەعبی، جێبەجێکردنى بانگەوازی مەرجەعیەت و فەتواکەى، پاڵپشتى ئێران و حزبوڵا". لە لایەن خۆشیەوە ئینتفاز قەنبەر سیاسەتمەدارى عێراق لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا باسى لەوە کردووە "ئەمە دانپیانانێکى ڕوونە لەکەسێکى نزیک لە ڕژێمى ئێران بەوەى کە ئێران لە پشتى دروستبوونى حەشدی شەعبی بووە". گووتیشى "بۆیە سەرجەم ملیشیا نزیکەکانى تاران لە دەستەیەک کۆ کرانەوە بۆ ئەوەى کارى تاوانکاری و تیرۆریستى لەژێر سێبەرى یاساو دەوڵەتدا ئەنجام بدەن".

قەنبەر، جەختى لەوەش کردەوە "پێویستە حەشدی شەعبی لە عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە، بەتایبەت ئێستا پاوانخوازییەکى ئێرانی بە سەرەوەیە و زۆربەى سەرکردەکانیشى ملکەچی ئێران". سیاسەتمەدارە عێراقییەکە دووپاتی دەکاتەوە "ئێران لە ڕێگەى پیاوەکانى و،گرنگترینیان موهەندیس کۆنترۆڵى ئەو دەستەیە دەکات".

ئەمەش جاری یەکەم نییە، جێگرى سەرۆکى حەشدی شەعبی، ددان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران و سولەیمانى دەنێت، لەزۆربەى بۆنەکانیشدا شانازی بەو پەیوەندییە دەکات و بە گەورەى خۆشى وەسفیان دەکات.

موهەندیس

دواى دەرکردنى گرووپی داعش لە ناوچەکانى باکوورو ڕۆژئاواى عێراق، وەک پارێزگاى نەینەوا، سەلاحەددین، دیالەو ئەنبار، ملیشیاکانى حەشدی شەعبی ئەو شارانەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە کە زۆرینەیان سوننەنشین بوون و چەندین سەرپێچی مەترسیدار و پێشڵکارییان بەرامبەر هاووڵاتیانى مەدەنى ئەنجام دا.

ئێستاش دواى کۆتاییهاتنى داعش، خەریکی تاڵانکردن و، کارى نایاسایین لەو شارانە بە تایبەت شارى موسڵ، ناوەندی پارێزگاى نەینەوا. ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ و، دامەزراوە سیاسیی و مەدەنییەکان، چەندین جار "تاوانەکانى حەشدی شەعبی لەو شارانەیان ئاشکرا کردووە، بەڵام حکومەتى بەغدا هیچ هەڵوێستێکى ڕوون و یەکلاکەرەوەی نەبووە".