شانشەشینى عەرەبی سعودیە بڕیارەکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ ڕاگرتنى سەرجەم لێخۆشبووەکانى کڕینى نەوت بۆ هەشت وڵاتى جیهانى، بەهەنگاوێکى "پێویست" بۆ ڕاگرتنى سیاسەتە تێکدەرانەى تاران لەناوچەکە وەسف کردووە.
هاوکات ڕیاز داوای بەردەوامی فشارە نێودەوڵەتییەکانى سەر کۆماری ئیسلامی کردووە، بۆ ئەوەى سیاسەتى دوژمنکارانەى ڕابگرێت. ئیبراهیم عەساف، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى ڕیاز، پێشوازی لە بڕیارەکەى واشنتۆن کردووە، کە ئێوارەى دوێنى لەبارەى کۆتایی هاتنى لێخۆشبووەکانى کڕینى نەوتى ڕژێمى ئیران دابوو، گووتیشى "ئەو هەنگاوە پێویستە بۆ ڕاگرتنى سیاسەتە ناسەقامگیرییەکانى تاران کە لە ناوچەکە ئەنجامی دەدات".
لە لێدوانێکدا کە میدیا فەرمییەکانى سعودیە بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژەى بەوە داوە "شانەشینەکەیان پاڵپشتى تەواوی هەنگاوەکانى ئەمەریکا دەکات، پێی وایە هەنگاوێکى پابەندییە بۆ ئەوەى ڕژێمى ئێران بەرپرسیارێتى ڕاگرتنى سیاسەتە تێکدەرانە و ناسەقامگیری و پاڵپشتىکردنى تیرۆر لەسەرتاسەرى جیهان هەڵبگرێت".
سعودیە یەکەم وڵاتى جیهانى بوو، پاڵپشتى لەبڕیارەکەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا کرد، بە ڕاگرتنى لێخۆشبووەکان و، جێبەجێکردنى سزاکان، بۆ ئەوەى ئاستى هەناردەکردنى نەوتى تاران بگەیەنێتە "سفر"، لە هەمان کاتیشدا ڕژێمى ئێران سوورە لە دەستێوەردانى لە کاروبارى ناوچەکە و خۆبەگەورەزانین.
هەنگاوە خێراکانى ڕیاز لەبەرامبەر بڕیارەکەى ترامپ، پەیامێکى بەهێزە بۆ دەسەڵاتدارانى تارانە، کە هۆشداریی داوە لەدرێژەدان بەچالاکییە ناسەقامگیرییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، دروستکردنى دووبەرەکی تایفی لەنێو وڵاتانى ناوچەکە. جگە لەوانەش بەرنامە بالیستى و مووشەکیەکانى، جموجۆڵەکانى شانەشینى عەرەبی سعودیە، بە "هەنگاوێکى بوێر بەرامبەر تاران هەژمار دەکرێت".
لەبارەى ڕاگرتنى لێخۆشبووەکان ترامپ ڕایگەیاند " سعودیەو وڵاتانى ئۆپێک هاوپەیمانى وڵاتەکەى، یارمەتیدەر دەبن لەقەرەبوو کردنەوەى ئاسانى هەر کەمبوونەوەیەک لەدابینکارییەکانى نەوت، بەهۆى تووند کردنى سزاکانى سەر هەناردەکردنى نەوتى ئێرانى دروست بێت".
لەو نێوەندەش کۆشکی سپی ئاشکراى کردووە "ویلایەتە یەکگرتووەکان، سعودیەو ئیماراتى عەرەبی یەکگرتوو، سێ وڵاتى گەورە بەرهەمهێنەرى وزە لەجیهان، لەگەڵ هاوڕێیان و هاوپەیمانمان پابەند دەبین، بە دابینکردنى ئاستى پێویستى دابینکارییەکانى بازاڕى نەوتی جیهانى".
وەزیرەکەى سعودیە جەختى لەوە کردووەتەوە "هەڵوێستى شانەشین چەسپاوە، بەوەى پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێت بۆ ئەوەى ڕژێمى ئێران ناچار بکرێت، پابەندی بنەما نێودەوڵەتییەکان بێت لەراگرتنى دەستێوەردانەکانى لەکاروبارى ناوخۆى وڵاتانى دیکەو، سەرجەم چالاکییەکانیشى کە تێکدان و بەڕەلایی لە زۆربەى وڵاتانى جیهان دروست کردووە".
دواى دەرچوونى بڕیارەکەى واشنتۆن، ڕیاز پابەندی خۆى بۆ "دڵنیایی لەهاوسەنگی" بازاڕەکانى نەوت نیشان داوە، لەئەگەرى دروستبوونى هەر ئەگەرێک لەو بازاڕە . لەلایەن خۆیەوە خالید ئەلفالح، وەزیرى وزەى سعودیە ڕایگەیاند "ڕیاز پابەندی بەدڵنیایی هاوسەنگی بازاڕى نەوتى جیهانى".
هێماشی بەوە کردووە ؛ شانەشین دووپاتی دەکاتەوە بەردەوام دەبێت، لە سیاسەتە چەسپاوەکانى، کە کار بۆ سەقامگیرى بازاڕەکان لەسەرجەم کاتەکان دەکات و، لەو چوارچێوەیەش دەرناچێت". گووتیشى " لەو چوارچێوەیە، شانەشین هەماهەنگی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانى دیکەى نەوت دەکات، بۆ ئەوەى دڵنیا بێت لە دابینکردنى پێویستى نەوت بۆ بەکاربەران".