بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تاڵیبان بۆ دانوسانەکانی ئاشتی نوێنەرانی ژن دەنێرێ

تاڵیبان بۆ دانوسانەکانی ئاشتی نوێنەرانی ژن دەنێرێ
AvaToday caption
posted onApril 16, 2019
noبۆچوون

 

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دانوسانەکانی تاڵیبان، ئەو گرووپە تووندئاژۆ دینییە کە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی بە ناوبانگە ژنان وەک نوێنەر دەنێرێت بۆ دانیشتنەکانی تایبەت بە ئاشتی لە قەتەر.

 

ئەو هەواڵە ڕۆژی دووشەممە لە لایەن وتەبێژی تاڵیبان و لە بەرەبەری خولی نوێی دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕی ١٧ ساڵەی ئەفغانستان ڕاگەیەندرا. گرووپی تاڵیبان ڕوانینێکی زۆر کۆنەپارێزانەی بەرامبەر بە ژنان و مافەکانی ژنان هەیە و بەو هۆکارە بەشداریپێکردنی ژنان لەو دانوسانە بە ڕووداوێکی گرینگ لەقەڵەم دەدرێت. وابڕیاڕە ئەو دانوستانە ڕۆژانی ١٩ تا ٢١ مانگی خاکەلێوە لە شاری دۆحە لە نێوان نوێنەرانی تاڵیبان و گرووپێک لە سیما دیارەکانی ئەفغانستان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوە بچێت.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند لە نێو نوێنەرانی تاڵیبان بۆ گفتوگۆ ژنانیش بەشدارن و گووتیشی "ئەو ژنانە هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتییان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی تاڵیبان نییە". لە درێژەدا گووتی "ئەوان ژنانی ئاسایی ناو ئەفغانستان و دەرەوەی ئەفغانستانن و بەشێکن لە چەکدارەکانى درووستکردنی وڵاتی ئیسلامی".

موجاهید لە پەیامێکی تویتەریدا ڕایگەیاند ئەو ژنانە تەنیا لە دانوسان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی ئەفغانستان و هەروەها نوێنەرانی سیاسی بەشداری دەکەن، بەڵام لە دانوسانەکان لەگەڵ دەوڵەت بە سەرۆکایەتی زاڵمای خەلیلزاد بەشداری ناکەن.

تاڵیبان

ژنانی ئەفغانستان نیگەرانن لە هاتنەوە سەر حوکمى تاڵیبان

سەرەڕای ئەوەی خەڵکی ئەفغانستان زۆر کۆنەپارێزن بە تایبەت خەڵکی دێهاتەکان، بەڵام لە سەردەمی ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ى زایینى، پێشکەوتنی بەرچاو و تایبەت بە مافەکانی ژنان لەو وڵاتە دروست بووە. ئێستا ژنانی ئەفغانستان نیگەرانن بە هاتنەوە دەسەڵاتی تاڵیبان و دەترسن کە زۆربەی دەسکەوتەکانیان لە ناو بچێت.

لە کاتی دەسەڵاتداری تاڵیبان، یاسای زۆرەملی حیجاب بۆ ژنان هەبوو و هاوکات تاڵیبان ڕێگەى خوێندن و هاتنە دەرەوە لە ماڵی لە ژنان یاساغ کردبوو.