بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پیاوێکى ئایینى نەجەف: ئێران دەیهەوێ لە ڕێگەى قومەوە دەست بەسەر جیهانى شێعەدا بگرێت

پیاوێکى ئایینى نەجەف: ئێران دەیهەوێ لە ڕێگەى قومەوە دەست بەسەر جیهانى شێعەدا بگرێت
AvaToday caption
posted onMarch 16, 2019
noبۆچوون

 

مامۆستایەکى ئایینى لەحەوزەى زانستى نەجەف ئاماژە بەوە دەکات "پرسى ویلایەتى فەقێ بەسەر دوو بەش دابەش بووە، یەکەمیان ویلایەتى گشتییەو، ئەویتریش ویلایەتى تایبەتە"، ڕوونیشی دەکاتەوە"هەر ویلایەتێک کۆمەڵێک زاناى خۆی هەیە، کە بەپێی بەڵگەنامە شەرعییەکانى بەردەستیان قسەى لێدەکەن".

 

حەیدەر غورابی، مامۆستاى حەوزەى نەجەف و، پیاوى ئایینى لەو شارە عێراقییە لەلێدوانێکی تایبەت بەتۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕایگەیاندووە "هەندێک لەزانایان لەگەڵیان و هەندێکى دیکەش ڕەتی دەکەنەوە".

ئەو مامۆستا ئایینەى شارە عێراقییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە "بۆیەش بەسەر دوو جۆر دابەشکراون، یەکەمیان دەڵێت فەقێ ویلایەتى بەسەر هەموو موسڵمانان هەیە، واتاى ئەوەى بۆ پێغەمبەرە بۆ فەقێیە، ئەوەشى بۆ ئیمام بێت بۆ فەقێیە، ئەمەش بەبۆچوونى شەریعەتى شێعەى ئیمامی".

حەیدەر غورابی ١

لەبارەى قوتابخانەى ویلایەتى فەقێ و شێوازەکانى ئەو ویلایەتە لە نێو ئیسلامی مەزهەبی شێعەگەراییدا غورابی دەڵێت "دوو قوتابخانە لەو بوارە هەیە، یەکەمیان قوتابخەى سەدرییەکانە، کە هێڵی عێراقی لەخۆى دەگرێت و پێی دەڵێن مەرجەعی (ئاغا زیائەدین عێراقی)، وقوتابخانەیەکى ئسوڵییە سەربەخۆیە و، قوتابخانەکەى دیکەش پێی دەگووترێت (ئاخوندی) کە ئەویش قوتابخانەیەکى ئسوڵى ئایینییەو، لەلایەن خوئییەکانەوە ڕابەرایەتى دەکرێت".

لەدواى سەرکەوتنى شۆڕشی کۆمارى ئیسلامی ئێران و، دروستبوونى ڕژێمى ئیسلامی لەسەر بنەماى دەسەڵاتدارێتى شێعەگەرایی ئیمامی، پرسى ویلایەتى فەقێ و دەستێوەردانى ئایینى لەنێو کاروباری سیاسی ساڵانێکى زۆرە  پەرەى سەندووە. لەنێو مەرجەعە ئایینەکانى شێعەدا بە تایبەت ئەوانەى لەعێراق نیشتەجێن، کە لەنێو (عەلى سیستانی، بەشیر نەجەفی، محەمەد حەکیم، محەمەد فەیاز) چڕ بووەتەوە و لەقوتابخانەى ئاغا زیائەدین عێراقی کۆبوونەتەوە، دژى سیستەمى ویلایەتى فەقێن بە هەموو شێوازییەکانیەوە.

بەڵام وەک غورابی شی دەکاتەوە "مەحمەد یاقووبی، یەکێک لە گەورە مەرجەعی شێعەکانى عێراق بەخۆى قوتابخانەیەکى سەربەخۆیە، کە لە نێو قوتابخانەى ڕەوتى سەدرییەکانە، ئەمانیش بانگەشە بۆ ویلایەتى فەقێ دەکەن، هاوشێوەى مەحمەد باقر سەدرو، مەحمەد سادق سەدر، بەڵام بابەتەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستى کۆتایی بەڵکو پێویستى بەخوێندنەوەى زیاترە".

حەیدەر غورابی ٢

مامۆستاکەى نەجەف ئاشکراشی دەکات "ڕکابەرى لەنێوان مەرجەعیەتى قومی ئێران و نەجەفى عێراقی هەیە، ئەو خاڵەش دوو بابەتى لەخۆ گرتووە، یەکەمیان زانستییە بەو ئاستەى کامەیان باشترینە لەو بوارە.

پێی وایە "ئەوەى دووەمیش لایەنى سیاسیە، واتا کێ ڕابەرایەتى ئایینى دەکات، دەبێتە کۆنترۆڵ بەدەستى سەرجەم کۆمەڵگەى شێعە، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژاوا تواناى دەرکردنى فەتواى یەکگرتووی هەیە، هاوزەمەنى خوئی و ئیسفەهانی. غورابی سوورە لەوەى "مەرجەعیەتى ئایینى چەندین ساڵە لەنەجەف بووەو، هەر بۆیەش لەنەجەف دەمێنێتەوە".

کۆمارى ئیسلامی ئێران لەسەردەمى ئایەتوڵا خومەینى، ڕابەرى پێشووى ئێران، گرنگییەکى زۆرى بەشارى قوم داوە تا ببێتە بنکەیەکى جێگرەوە بۆ شێعەگەرایی لەجیهان و، کەمتر پشت بە شارى نەجەف و هەڵوێستەکانى ببەسترێت. بۆیەش ئێران دەیەوێت پشکى لەو پرۆسەیە بێت بۆ ئەوەى دەستى بەسەر زۆربەى بابەتەکانەوە لەو دەرگایەوە بگرێت، بەڵام لەواقیعدا ناتوانێت، ڕەنگە لەسەر ئاستى ڕێژەیی بتوانێت شتێک بکات بەڵام ناتوانێت باڵادەست بێت، وەک حەیدەر غورابی دووپاتی دەکاتەوە.

حەیدەر غورابی ٣