بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پۆڵەندا پێچەوانەى شەپۆلى ئەوروپا بەرامبەر ئێران مەلەى کرد

پۆڵەندا پێچەوانەى شەپۆلى ئەوروپا بەرامبەر ئێران مەلەى کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 17, 2019
noبۆچوون

 

لەکاتێکدا پلەى گەرمى وارشۆ نزیک سفر دەبێتەوە، کەشوهەواى نێودەوڵەتی ڕووبەرووی گەرمییەکى هاوین بووەتەوە، کەهاوکاتە لەگەڵ مێوانداری کردنى پایتەختى پۆڵەندا،  لە کۆنگرەیەکى نێودەوڵەتى گەورە لەبارەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

 

بەجۆرێک ئەو شارە بووە شوێن سەرەنجی چاودێران، لەبارەى ئەو بڕیارانەى لەلایەن یاریزانە نێودەوڵەتییەکانەوە لەسەر کورسییەکانى یاریگاى نیشتیمانى کەشوێنى سازدانى کۆنگرەکەیە دەردەچێت.

سازدانى کۆنگرەیەکى لەو شێوەیە کە ڕۆژانى ١٣ و ١٤ ئەم مانگە لەسەر داواى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەرێوە چوو، کۆمەڵێک ئەجێنداى پرسە هەنووکییەکان تاوتوێ کرا، تیشکیش خرایە سەر چۆنیەتى چارەسەرکردنى پرسە ئەمنى و سیاسییەکانى ناوچە کڵپەسەندراوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەگەڵ تیشکێکى تایبەت بەسەر مەترسییەکانى ڕژێمى ئێران و چۆنیەتى بەرەنگاربوونەوەى.

بۆ وڵاتێک وەک پۆڵەندا، سازدانێکى کۆنگرەیەکى لەو ئاستە، تیشکێکى گرنگ دەخاتە سەر ئەو وڵاتە ئەوروپییە لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتی، کە یەکسانە لەگەڵ دابەشبووەکانى ئەوروپا لەنێوخۆیداو، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەتایبەت لەپرسى ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامی ئێران.

کاتاجینا گۆراک سۆسنڤسکا، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى پۆڵەندی گوتى "پۆڵەندا ئومێدەوارە ڕۆڵێکى گەورەتری هەبێت لەپرسەکانى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، بێگومان پتەوکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هاوپەیمانەکەى کە ئەمریکایە دەرچەیەکى سروشتیە بۆ ئەو پرسە".

سۆسنڤسکا پێی وابوو "هەڵبژاردنى پۆڵەندا بۆ سازدانى کۆنگرەیەکى لەو شێوەیە بەهۆى پێگەکەیەتى، کە ئەندامی یەکێتى ئەوروپاو هاوپەیمانى ناتۆیەو، لەرووى جوگرافیشەوە لە ڕووسیاوە نزیکە، بۆیە هەر جموجۆڵێکى نێودەوڵەتى و هەبوونى ئەمریکا لەو وڵاتە گرنگی خۆى بۆ واشنتۆن هەیە".

پسپۆڕەکە گوتیشى "وارشۆ ڕۆڵێ هاوپەیمانێکى تەواوى ئەمریکا دەگێرێت، ئێمە بوونمان لەعێراق و سووریا لەچوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى هەیەو، لەسەر داواى واشنتۆنیش بووە، سروشتیشە داوایەکى لەو جۆرە لەمێوانداری کردنى کۆنگرەیەکى لەو شێوەیە قبوڵ بکەین، هەڵەشە هەڵێکى لەو جۆرە نەقۆزینەوە".

باسى لەوەش کرد "هەماهەنگییەکى هەمەجۆر لەهاوکارى لەگەڵ ئەمریکا هەیە، هەلقۆستنەوەی لەو جۆرەش لەمێوانداریکردنى کۆنگرەکە، کارئاسانى زیاتر لەو هاریکارییانەش دەکات، بەتایبەت ڕێکەوتنى هەماهەنگی سەربازی هەیە، کەتایبەتن بەبڵاوە پێکردنى سەربازی ئەمەریکى زیاتر لەپۆڵەندا".

سەرەڕاى لێدوانە فەرمییەکانى وارشۆ لەوەى کۆنگرە نێودەوڵەتیەکە پەیوەندی بەتارانەوە نیە، بەڵام کەیسى ئێران لەسەر مێزى گفتوگۆییەکان ئامادەیی دەبێت، بەجۆرێک واشنتۆن لەهەوڵى بونیاتنانى هاوپەیمانیەکى نێودەوڵەتى فراوانە بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەڵسوکەوتى ئێران لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام پێش سازدانى کۆنگرەکە تاران هۆشداریی داوەتە وارشۆ لەکاردانەوەى لەسازدانى کۆنگرەیەکى لەو جۆرە یاخود ڕاسپاردەکانى لەبارەى ڕژێمەکەى.

سۆسنڤسکا دووپاتى کردەوە " ئێمە لەپاڵ واشنتۆنین، هیچ بەرژەوەندییەک لەگەڵ تاران نامانبەستێتەوە لەدەستدانى بترسین، بۆیە هەڕەشەکانى ئێران بەو گرنگییەوە نییە". هاوکات لەگەڵ کۆنگرەى وارشۆ، پایتەختى ئەو وڵاتە کۆمەڵێک چالاکی ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى بەخۆیەوە بینى، کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران بەبەشداری کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراون.

هیچ کەسایەتییەکى باڵا و گرنگی کۆمارى ئیسلامی ئێران لە پۆڵەندا نەبوو، بەگووتەى ووکاش لۆنتسواش، بەرپرسى دامەزراوەى تیشمیر بواڵڤسکی بۆ توێژینەوەى سیاسی " ئەوان بەو گرنگییەوە نییە، باوەڕیش ناکەم لە پێگەیەک بن بتوانن هەڕەشە لەبەرامبەرەکەیان بکەن". جەختی لەوەش کردەوە "پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر گرنگترە لەهەر ئیعتبارێکى دیکە، تەنانەت ئەگەر ئێرانییەکان و ئەورۆپیەکانیش پێیان ناخۆش بێت".

پێشتریش وەزیرى دەرەوەى پۆڵەندا ڕوونی کردبووەوە "وڵاتەکەى دەیەوێت ئەو کۆنگرەیە ڕێک بخات، بۆ ئەوەى بەجیهانی نیشان بدات، کاریگەرە لەسەقامگیرى و ئاشتی"، ئومێدەواریش بووە ئەو پرسە ببێتە هۆکارێک بۆ بەشدارییەکى بەهێزى ئەمریکا لەوڵاتەکەى.

پۆڵەندا کە پێگەکەى دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا، هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیاو، یەکێک بووە لەکۆمارە پێشووەکانى یەکێتى سۆڤیەتى جاران، لەهەوڵى ئەوەدایە پێگەیەکى سەربازی هەمیشەیی ئەمریکا لەخاکەکەى جێگیر بکات، ڕێژەى بەشداریی کردن لەبڵاوەکردنى خوولى سەربازی و ڕاهێنانی لەنێو هاوپەیمانى باکوورى ئەتلەنتی (ناتۆ)، زیاتر بکات، بۆ ئەوەى بتوانێت بەرەنگارى مەترسیی و پاوانخوازییەکانى ڕووسیا بێت، کە لەدواى ٢٠١٤ ـەوە بەشێکى ئۆکرانیاى داگیر کردووە.