بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

یەکەمجارە لە مێژووی ئیتاڵیا باڵاترین مێدالیای وڵاتەکەی دەبەخشێتە سەرکردەیەکی کورد

یەکەمجارە لە مێژووی ئیتاڵیا باڵاترین مێدالیای وڵاتەکەی دەبەخشێتە سەرکردەیەکی کورد
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
posted onJuly 12, 2026
noبۆچوون

بۆ یەکەمجار لە مێژووی 79 ساڵەی دامەزراندنییدا، کۆماری ئیتاڵیا بەرزترین مەدالیای رێزلێنانی وڵاتەکەی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر ئەم هەنگاوە بە "دانانی گێلاس لەسەر کێکی پەیوەندییەکان" ناودەبات و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، رێزلێنانەکە بەرهەمی هەڵسەنگاندنی چەندین ساڵەی رۆما بووە بۆ رۆڵی نێچیرڤان بارزانی.

رۆژی 8ی تەممووز لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، روما "مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا" لە ئاستی "سوارچاکی خاچی گەورە"ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی. ئەم مەدالیایە بەرزترین و نایابترین جۆری رێزلێنانی ئیتاڵیایە بۆ ئەو کەسایەتییە بیانییانەی کە وەک "سوارچاک و شکۆدار" ناویان دەهێنرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا سوپاسی ئیتاڵیای کرد و رایگەیاند: "سوپاس و پێزانینی قووڵم بۆ ئەم رێزلێنانە دەردەبڕم؛ بەناوی گەلی کوردستان و هەر کەسێک کە بەشدار بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتاڵیا، ئەم مەدالیایە وەردەگرم."

'گێلاسێک لەسەر کێکی پەیوەندییەکان' تۆماسۆ سانسۆن، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێزلێنانە وەرچەرخانێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و روما. سانسۆن گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ گێلاسێک دەخەینە سەر کێکی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان. لە رێی بەخشینی ئەم خەڵاتە بە جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندییەکانمان بەهێزتر دەکەین، چونکە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی دەبێت پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشتر ببەین."

هۆکاری پێدانی مەدالیاکە چییە؟ بەپێی پێوەرەکانی ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی وەک "ئەندازیاری فراوانخوازیی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان" و وەک کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و پابەند بە بنەماکانی مافی مرۆڤ بینراوە.