دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنقەرەوە کۆتاییهاتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.
لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ترەمپ وتی، هەر جارێک ئێران کەشتییەکانمان بە ئامانج بگرێت ئێمە بە هێزێکی تووند وەڵامی دەدەینەوە، هەر دوێنی زۆر بە تووندی لە ئێرانماندا.
لە بەشێکی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ باسی لێکتێگەیشتن و ئاگربەستەکەی لە تاران کرد و گوتی، ئێستا هیچ ئاگربەستێک لەگەڵ ئێران نییە. بە بڕوای من ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە.
وتیشی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر قسە دەکەم ئەگەر دەیانەوێت دانوستان لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام بۆ من بابەتەکە کۆتایی هاتووە.
ترەمپ دەشڵێت، کاتی زۆرمان لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدا ئێستا دەبێت کاری خۆمان ئەنجام بدەین. وتیشی ئێمە هەڵوێستمان ڕوونە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەستببهێنێت، ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان هەبوایە ئێستا لەدژی ئێمە بەکاریان دەهێنا.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک کە ئایا ئاگربەست کۆتایی هات؟ ترەمپ لە وەڵامدا وتی، باوەڕم وایە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کۆتایی هاتووە و ئاگربەست نەما و نامەوێ لەگەڵ ئێرانییەکان مامەڵە بکەم.
هاوکات ترەمپ بەرپرسانی ئێرانی بە "نەخۆش" وەسف کرد، بە درۆ و فێڵکردن تۆمەتباریان کرد و بە "سەرچاوەی کێشەکان" لە ناوچەکە ناوی بردن.
ڕێککەوتی 18ـی 6ـی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران بە فەرمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واشنتن و تارانیان واژۆ کرد و بەپێی ڕێککەوتنەکەش گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لابرا و گەرووی هورمز کرایەوە.