قاسم سلێمانى کە پاش هەڵبژاردنە سەراسەرییەکانى عێراق لە ٢٣ى بانەمەڕ گەیشتە بەغداد و بووە میوانى تایبەتى نوورى مالیکى سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق و سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا و هادى عامرى بەڕێوەبەرى گشتى ڕێکخراوى بەدر و سەرکردەکانى دیکەى حەشدى شەعبی.
سەرچاوەیەکى ئاڤاتودەى لە بەغدا گوتى قاسم سولەیمانى وەک نوێنەرى ئایەتوڵا خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ڕۆژانى ٢٣ تا ٢٧ى بانەمەڕ لەگەڵ نوورى مالیکى و هادى عامرى و قەیس خەزعەلى بەرپرسى یەکەکانى حیزبوڵا و ئیبراهیم جەعفەرى وەزیرى دەرەوەى ئێستا و سەرۆکى پێشووى هاوپەیمانى نیشتمانى و ئەبو مەهدى موهەندیش لە سەرکردەکانى حەشدى شەعبی و هەندێکى دیکە لە ڕابەران و سەرکردەکانى حزبی دەعوە و حەشدى شەعبی دانیشتووە و قسەى کردووە.
بە قسەى سەرچاوەیەک لە بەغدا کە نەیویست ناوەکەى بڵاو بکرێتەوە، موقتەدا سەدر نە تەنیا داواى چاوپێکەوتنەکەى قاسم سولەیمانى قبوڵ نەکردووە، بەڵکو لە وەڵامدا ڕۆژى پێنج شەممە ٢٧ى بانەمەڕ، مۆڵەتى ٤٨ سەعاتى داوەتە قاسم سولەیمانى تا عێراق جێ بهێڵێت. قاسم سولەیمانى عەسرى هەینى ٢٨ى بانەمەڕ پێش تەواوبوونى مۆڵەتە دیاریکراوەکە بەغداى جێهێشت و گەیشتە شارى سلێمانى کە لە بن دەسەڵاتى یەکێتى نیشتمانى کوردستاندایە.
زیا ئەسەدى سکرتێرى ئۆفیسى سیاسى موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە قاسم سولەیمانى هەوڵ دەدات هاوپەیمانییەک لە گرووپەکانى مالیکى و عامرى و عەبادى و یەکێتى نیشتمانى پێک بهێنێت. زیا ئەسەدى گوتووشیەتى لە کاتى ڕوودان و دروستبوونى هاوپەیمانییەکى وەهادا لایەنگرانى سەدر سوود لە مافى یاسایی و دیموکراتیکى خۆى وەردەگرن و ڕێگە نادەن هیچ دەوڵەتێک لەسەر خواست و ئیرادەى ئێران لە عێراق دروست ببێت.
بە قسەى لایەنگرانى موقتەدا سەدر، کۆمارى ئیسلامى بە خەرجکردن و پێدانى ٨٠ ملیۆن دۆلار لە هەڵبژاردنە سەراسەرییەکانى عێراق، هەوڵى دا حەشدى شەعبی سەرکەوێت، بەڵام لایەنگرانى سەدر بە کۆکردنەوەى ٥٤ کورسى سەرکەوتنەکەیان کردە هى خۆیان. حەوتوویەک بەر لە هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەفەسەرە شێعەکانى لایەنگرى موقتەدا سەدر دەستیان بەسەر ٤٠ ملیۆن دۆلارى پارەى سوپاى پاسداران لە سنوورى خەسرەویی ڕۆژئاواى ئێران و عێراقدا گرت کە بڕیار وابوو بگاتە هادى عامرى بۆ سەرخستنى لە هەڵبژاردنەکان.
موقتەدا سەدرى ٥٤ ساڵە کە ڕۆحانییەکى شێعە و کوڕى محەمەد محەمەد باقر سەدر، لاویەتى خۆى لە تاران بەسەر برد و پێشتر زیاتر مەیلى بۆ لاى کۆمارى ئیسلامیدا بوو، بەڵام ئێستا پێى وایە کە گەندەڵی و قەیرانەکانى عێراق زادەى دەست و خۆتێهەڵقورتاندنى کۆمارى ئیسلامى ئێرانن و دەبێت کۆتایی بەم خۆتێهەڵقورتاندنانە بێت.