بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سێ چالاکڤانی سیاسیی دیاری ئێران دەستبەسەر کران

سێ چالاکڤانی سیاسیی دیاری ئێران دەستبەسەر کران
posted onFebruary 1, 2026
noبۆچوون

هێزە ئەمنییەکانی ئێران سێ چالاکڤانی سیاسیی ناسراویان بە ناوەکانی مەهدی مەحموودیان، عەبدوڵڵا مۆئمێنی و ویدا ڕەبانی دەستبەسەر کرد. ئەم سێ کەسە لە واژۆکارانی بەیاننامەی ناسراو بە "١٧ کەسی" بوون کە تێیدا ڕەخنەی تووندیان لە شێوازی مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان گرتبوو.

وەکو ئێستا بە ڕوونی دیار نییە کام دەزگای ئەمنی ئەو سێ چالاکڤانەی دەستبەسەر کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ئەو سێ چالاکڤانە و ١٤ کەسی دیکە، لە کاردانەوە بەرامبەر سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییەکان، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایانگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی "رەوایەتی نەماوە" و دەبێت دەستبەرداری دەسەڵات بێت.
ئەو چالاکڤانانە لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردبوو: "کوشتاری بەکۆمەڵی ئەو خەڵکەی بۆ داواکردنی مافەکانیان و کۆتاییهێنان بەم سیستمە نا شەرعییە ڕژانە سەر شەقامەکان، تاوانێکی حکومەتیی ڕێکخراو بوو دژ بە مرۆڤایەتی."

واژۆکارانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە "دووبارەبوونەوەی تاڵی ئەزموونەکانی چەند دەیەی ڕابردوو"، ڕایانگەیاندووە کە "بەربەستی سەرەکی بۆ ڕزگارکردنی ئێران لەم تەنگژەیەی ئێستا، خودی عەلی خامنەیی و سیستمی ستەمکاریی ئایینییە." هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوونی وڵات، دادگاییکردنی فەرماننەدەران و ئەنجامدەرانی سەرکوتکارییەکان و کۆتاییهێنانە بەم سیستمەی کە بە "نا کۆماری و نامرۆیی" وەسفیان کردووە.

ئەم سێ چالاکڤانە پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە دەستبەسەر کراون و سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.