لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک ناوچەی "تازاوای سەریاس" لە سنووری شاری روانسەر لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کۆڵبەری بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە بەهۆی پێکدادانی شاخەوشاخی دوو ئۆتۆمبێل بووە. سێ لە کۆڵبەرەکان کە لە پشت، مل و قاچ بریندار ببوون، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "حەزرەتی ڕەسووڵ" لە شاری پاوە کراون. سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایانگەیاندووە کە باری تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە و لەژێر چاودێریدان.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە روویداوە.
تەنگژەی بژێوی و نەبوونی هەلی کار لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران هاووڵاتیی کوردی ناچار کردووە پەنا بۆ "کۆڵبەری" ببەن؛ کارێکی تاقەتپڕوکێن کە تێیدا کەلوپەل و کاڵا بازرگانییەکان لەسەر پشت و لە ڕێگە سەخت و شاخاوییەکانی نێوان سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە.
کۆڵبەران لە کاتی کارکردندا لەگەڵ مەترسیی بەردەوام ڕووبەڕوون؛ ساڵانە ژمارەیەک زۆری کۆڵبەر دەبنە قوربانی کە بەشێکیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەشێکیان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکانی وەک هەرەسی بەفر، سەرما و بەربوونەوە لە شاخ، و بەشێکی دیکەشیان لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگە مەترسیدارەکان گیان لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن.