
ئیسرائیل بەرەبەیانی زووی ڕۆژی هەینی، زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و چەندین بەرپرسی سەربازیی کۆماری ئیسلامی و ناوەند و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج؛ ئەو هێرشانە یەک لەدوای یەک بوون و سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئەگەر بەرپرسانی تاران مل بۆ ڕێککەوتن لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا نەدەن، هێرشەکانی داهاتوو «هەر لە ئێستاوە پلانیان بۆ داڕێژراوە و تەنانەت دڕندانەتر دەبن».
لە هێرشەکانی بەرەبەیانی هەینیدا، چەندین فەرماندەی باڵای سوپا و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران؛ لەوانە حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، و ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمان-بۆشایی سوپای پاسداران.
بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای هێرشەکان ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل دژی «دڵی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران» ئەنجامدراوە و ئامانج لێی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و زانا ئەتۆمییەکان بووە.
هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە، کە ئیسرائیل ناوی لێناوە «ئۆپەراسیۆنی هەستانی شێر»، «هەرچەند ڕۆژ پێویست بکات، بەردەوام دەبێت».
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکان وتی کە ئیسرائیل بەم هێرشانە «چارەنووسێکی تاڵ و ئازاربەخشی بۆ خۆی ئامادە کردووە و بێگومان پێی دەگات» و ئەم «ڕژێمە دەبێت چاوەڕوانی سزایەکی قورس بێت».
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بڵاویان کردەوە کە ئیسرائیل خولێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و بنکەی ئاسمانیی تەورێزی کردووەتە ئامانج. لە هێرشەکانی بەرەبەیانیشدا نزیکەی ١٠ خاڵ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کرابوونە ئامانج.
بەرپرسانی فەرمیی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، دامەزراوەکانی پارچین و چەندین بنکەی سەربازی لە تارانیش کراونەتە ئامانج و بەشێک لە دامەزراوەکانی پیتاندنی نەتەنز زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و «هیچ پیسبوونێکی تیشکی یان کیمیایی ڕووی نەداوە».
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە بە بەشداریی نزیکەی ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی، زیاتر لە ١٠٠ ئامانجی پێکاوە، کە ڕادار و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیش لەنێو ئامانجەکاندا بوون.
ئەو فەرماندە باڵا سەربازییانەی کرانە ئامانج
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپا، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، و غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لەو فەرماندە باڵایانەی سوپا و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە لە هێرشەکانی بەرەبەیانی هەینیدا کوژران.
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە شوێنی نیشتەجێبوونیدا کرایە ئامانج، بەڵام میدیایەکی نزیک لێیەوە ڕایگەیاند کە تووشی برینێکی سەخت بووە و «دۆخی هۆشی وایکردووە پزیشکەکان هیوایان بە مانەوەی لە ژیاندا کەم ببێتەوە».
فەرەیدوون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆم، و محەمەد مەهدی تارانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازاد، لەو بەرپرسانەی دیکەی کۆماری ئیسلامین کە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونیان کوژراون.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی هەرێمییەوە بڵاوی کردەوە کە بەلایەنی کەمەوە ٢٠ فەرماندەی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەم هێرشانەدا کوژراون.
هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئێران، زۆرینەی فەرماندە باڵاکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، کاتێک لە ناوەندێکی فەرماندەیی ژێرزەمینیدا کۆببوونەوە، کراونەتە ئامانج و کوژراون.
ئەم بەیاننامەیە ئیدیعای کرد کە «فەرماندە باڵاکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە ناوەندێکی فەرماندەیی ژێرزەمینیدا کۆببوونەوە تاوەکو خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە بکەن».
کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا تەنها کوژرانی ئەمیرعەلی حاجی زادە، حوسێن سەلامی، غوڵامعەلی ڕەشید و محەمەد باقریی پشتڕاست کردووەتەوە.