
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دا و بە فەرمی وەک ١٩ـەمین پارێزگای عێراق ناساندی.
پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە دوای ماوەیەکی زۆر دێت کە بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە دواخرابوو. پێشتر هەندێک لە فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان ئامادەیی دەنگدانیان پیشان نەدابوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڕەشەی بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن تاوەکو پڕۆژەیاساکە دەخرێتەوە کارنامەی دانیشتنەکانەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشتر جەختی کردبووەوە کە "هیچ دانیشتنێک ئەنجام نادرێت ئەگەر دەنگدان لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی تێدا نەبێت".
موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، وتی "ئەم بڕیارە داننانە بە جینۆسایدی هەڵەبجەدا" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵی باشیان لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکەدا هەبوو".
نوخشە ناسێح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، ئەمڕۆ دوابەدوای پەسندکردنی پرۆژەیاساکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجە ئاسوودە بوو. هەڵوێستی یەکگرتووی لایەنەکان ئەنجامی باشی لێوە بەدەستهات."