بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە زیندانی ورمێ ئامادەکاری دەکرێت بۆ بڕینەوەی پەنجەی سێ کەس

ورمێ
زیندانی ورمێ
posted onApril 10, 2025
noبۆچوون

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی سزای برینەوەی پەنجەی سێ پیاوی زیندانیکراو و هۆشداری دەدات کە رەنگە ئەم سزایانە لە رۆژی هەینی جێبەجێ بکرێن.

بەپێی بەیاننامەی ئەم رێکخراوەیە، داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە دەستبەجێ داوا لە ئێران بکەن پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بێت لە بواری مافەکانی مرۆڤدا و بێ دواکەوتن ئەم سزایانە هەڵبوەشێنێتەوە.

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە پارێزگای ورمێ، رۆژی ٢٣ی رەشەمەی ساڵی رابردوو هادی روستەمی تەمەن ٣٨ ساڵ، مەهدی شەریفیانی تەمەن ٤٢ ساڵ و مەهدی شاهیوەندی تەمەن ٢٩ ساڵیان بانگهێشت کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە سزاکانیان لە رۆژی ٢٢ی خاکەلێوە بەدواوە جێبەجێ دەکرێن.

ئەم سێ کەسە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٦ (ئۆگەستی ٢٠١٧) بە تۆمەتی دزیکردن لە چەندین ماڵ و بردنی قاسەی پۆڵایین دەستگیر کراون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی  دەڵێت تۆمەتباران لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ دوای دادگایی کردنێکی "زۆر نادادپەروەرانە" لە لقی یەکی دادگای تاوانەکانی پارێزگای ورمێ، سزای "بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی راست، بە شێوەیەک کە پەنجە گەورە و لەپی دەستیان بمێنێتەوە"یان بەسەردا سەپێنراوە.

تۆمەتبارەکان گوتوویانە "لە ماوەی راگرتنیان لە پۆلیسی ئاگایی ورمێ، رووبەرووی ئەشکەنجە و رەفتاری خراپی دیکەی کارمەندان بوونەتەوە. کارمەندان بە لێدان و کوتان، شەلاق لێدان و هەڵواسینیان بە دەست و مەچەکەوە، ناچاریان کردوون دان بە تاواندا بنێن لە دژی خۆیان و یەکتر."

بەپێی راپۆرتی ئەو راپۆرتە، "دواتر هەر سێ کەسەکە دانپێدانانەکانیان رەتکردۆتەوە، بەڵام دادگا هەر پشتی بەو دانپێدانانە زۆرەملێیانە بەستووە کە لە رێگەی ئەشکەنجەوە لێیان وەرگیراوە، بۆ دەرکردنی سزاکە."

ئێران یەکێکە لەو کەم وڵاتانەی کە هێشتا سزای جەستەیی پەیڕەو دەکات و جێبەجێی دەکات. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، سزای دڵرەقانە و نامرۆیی وەک شەلاق لێدان و برینەوەی ئەندامی جەستە، بە تەواوی قەدەغەیە.