
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەژێر ناوی "حوکمی لەسێدارەدان و جێبەجێکرانی لە ساڵی ٢٠٢٤" ڕایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی لەسێدارەدانە تۆمارکراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە هەزار و ٥١٨ کەس کە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەرزترین ژمارەیە، زیاتر لە ٩١ لەسەدی ئەو لەسێدارەدانانە تەنیا لە سێ وڵاتی ئێران و عێراق و عەرەبستان ئەنجام دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەند ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا سزای لەسێدارەدانیان ئەنجام داوە تەنیا ١٥ وڵات بووە، و ئەمە کەمترین ڕێژەیە کە تۆمار کراوە، بەڵام بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەوتێکی نیگەرانکەر بووە.
چین، ئێران، سعوودیە، عێراق و یەمەن لە لووتکەی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین لەسێدارەدانیان تۆمار کردووە.
لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٧٢ کەس لە سێدارە دراون کە ٦٤ لەسەدی هەموو ئەو سێدارە تۆمارکراوانەی جیهان پێک دەهێنن.