
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە پەیوەندیی لەگەڵ رێوڕەسمەکانی نەورۆزدا دەستگیرکراون، هەڵکشاوە و هێزە ئەمنییەکانی مەریوان گوشاریان لەسەر خەڵکی گوندی "نێ" بۆ رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز چڕکردووەتەوە.
رۆژی ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ محەممەد قادری، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان لە پەیوەندیی لەگەڵ رێوڕەسمی نەورۆز دەستگیر کراوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٢ی خاكەلێوەی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "محەممەد نیک پەی" تەمەن ٢٨ ساڵ و "کەیهان تەدبیری" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە مەریوان دوای بانگهێشت کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کران.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ١ی خاكەلێوەی ١٤٠٤، محەممەد نیک پەی، ئارام نیک پەی و محەممەد ئەشتەک، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان، پاش بانگهێشت کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کران.
لە درێژەی دەستبەسەركردنی هاووڵاتییانی كورد لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز، هاووڵاتییەكی دیكە بە ناوی كاوە داستان ئەمڕۆ شەممە ٢ی خاكەلێوە پاش بانگران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "نێ" لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆز کە بڕیارە لە ٣ی خاكەلێوەی ١٤٠٤ بەڕێوە بچێت بانگهێشت کراون و بەشێک لەوانە لە چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات خۆیان بوواردووە.
رۆژی ٢٩ی رەشەممەی ١٤٠٣ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت ١١ هاونیشتمانی خەڵکی گوندی دۆڵەگەرمی لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆزی لەو گوندە دەستگیر کرد.
ئەو هاووڵاتییانە دوو ڕۆژ دواتر لە یەکەم ڕۆژی خاکەلێوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دانیشتنی دادگا ئازاد کراون.